ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دیسان پرسی ئاشتی و دانوستان بۆتە ڕژۆڤی میدیاکانی تورکیا و دەڵێن ئامانج لەو دانوستانانە، چەکداماڵینی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕێکی درێژخایەنە کە لە 1984ـهوە دەستی پێکردووە و هێشتاش بەردەوامە. کەچی شرۆڤەکارانی سیاسی بە گۆماەوە دەڵێن، کاتبەندی ئەم بڕیارە نوێیەی ئەردۆغان، پەیوەندییەکی چڕی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریادا هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی سووزجوو وەک پڕ تیراژترین ڕۆژنامەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئۆجەلان لە ڕێگەی دوو پەرلەمانتاری کوردەوە پەیامی بۆ ئەردۆغان ناردووە کە "پێویستە دەوڵەتی ئەنقەرە بەر لە هەر شتێک، 4 هەزار و 500 زیندانی کوردی پەکەکە و لایەنگری ئەو حزبە ئازاد بکات". بەڵام ئەحمەد هاکان سەرنووسەری ڕۆژنامەی حورییەت ئەو بابەتە ڕەت دەکاتەوە و ئەم قسەیە بە دەنگۆیەکی بێبنەما لە قەڵەم دەدا. هاوکات عەبدولقادر سەلوی شرۆڤەکاری نزیک لە ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە "بەرپرسانی سیاسی و سەربازی پەکەکە لە کوێستانی قەندیل، مەیلیان لە پێڕەوی کردن لە ئۆجەلان نییە و چەکدامالین بە پرسێکی مەترسیدار دەزانن کە دەبێ پێشتر پێشمەرجەکانی ڕاپەڕێندرێت".
وەرسووڕانی لەناکاوی ئەردۆغان هەمبەر بە ئەسەد و ئۆجەلان
ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە، سیاسەتوانێکە کە هەڵوێستگۆڕینەکانی لەناکاو و خێرایە. ئەو دوو مانگ لەوە پێش پێداگربوو لەوەی کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، هەر لە ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرەدا میوانداری بەشار ئەسەد بکات و هەروەها لە وەڵامی هەواڵنێران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا وتبووی "هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو گرووپە تیرۆریستییە تا سڕینەوەی یەکجارییان، بە هەموو هێزەوە درێژەی دەبێت". بەلام هێندەی نەبرد کە ئەردۆغان بە پێشنیاری هاوبەشی سیاسیی، واتە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆک پارتی ڕادیکاڵی "بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست"(MHP)، هەڵوێستی گۆڕی و وتی: "مۆڵەت بدەن با گوێبیستی ڕاوۆچوونی میدیاکان لەبارەی هەڵومەرجی ئازادی ئۆجەلان بین".
ئەردۆغان هەروەها لە لێدوانێک بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی (A HABER) ڕایگەیاند کە تورکیا گرفتێکی بە ناوی "کورد" نییە، بەڵکوو تەنیا گرفتی تورکیا "تیرۆریزم"ە کە دەبێ لە ڕێگەی شەڕەوە چارەسەر بکرێت. ئینجا بە گۆڕینی وشەی "کوردستان" بۆ "تێرۆرستان"، سەبارەت بە پێکهاتەی کوردەکانی سووریا هوشداری دا کە "ڕێگە نادەین کە دراوسێتی سنوورەکانماندا (تێرۆرستان)ـێک سەر هەڵبدات". کەچی ئێستا بە وەرچەرخانێکی تەواو، ڕاگەیێندراوە کە ئەردۆغان بڕیارە لە ڕۆژانی 11 و 12ی ژانڤیە لە شارە کوردەکانی ئامەد و شانلیئۆرفادا سەبارەت بە پلانەکانی دەوڵەت و ئاکپارتی بۆ دۆزی کوردەکانی تورکیا، وتاردانی هەبێت.
ئەم هەڵویستانە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەروین بۆڵدان و سەری سوورەیا ئۆندەر بە نوێنەرایەتی دەمپارتی لە ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵای ئۆجەلانـیان کردووە و لە گەڕانەوەدا پەیامی ئۆجەلانیان گواستۆتەوە بۆ دەوڵەت و بەرپرسانی ئەمنی و هاوکات سەردانی ڕێبەرانی پارتە سیاسییەکانی تورکیایان کردووە و بۆ وەرگرتنی داکۆکی و پاڵپشتیان لە پڕۆسەی ئاشتی.
لەمناوە ەدوڵەت باخچەلی کە بە سیاسەتوانێکی ڕادیکاڵ ناسراوە، لە دیداری پەرلەمانتارانی کورد، جەختی لە زەروورەتی "ئاشتی و برایەتی تورک و کورد" کردووە. ئەو هەمان کەسە کە لە ڕەوتی دانوستانەکانی ئاشتی 2013 ئەردغانی بە هاوکاریکردنی تیرۆرسیتان بۆ دابەشکردنی تورکیا تۆمەتبار کردبوو.
خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا هاوڕێی ئەحمەد تورک لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری کوردەکان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تری تورکیایە و ڕۆژنامەی "قەرار چاپ"ی ئەنقەرە، وێڕای ڕەخنەگرتن لەم بابەت، نووسیویەتی: "دژوازیگەلێکی زۆر لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەردۆغاندا دەبیندرێت. ئەحمەد تورک شارەوانی شاری ماردین، خۆی مانگێک لەوە پێش بە تاوانی پاڵپشتی لە تیرۆریزم لە کارەکەی دەرکرا و ئێستا چۆنە ئەو بۆتە باڵویزی ئاشتی و برایەتی؟"
پێداگری بۆ کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا
هەڵبەت ئەمانە تەنیا نمونەگەلی هەڵسوکەوتی دژوازانەی دەوڵەتی ئەردۆغان هەمبەر بە کوردەکان نییە، چونکە لە ڕۆژان و حەوتەکانی ڕابردوودا هێزی ئاسمانی تورکیا و ڕێکخراوی هەواڵگریی میت، بەردەوام پەلاماری چەندین شوێن و بنکەی هێزەکانی کوردی سووریایان داوە و ماوەیەکی زۆرە شاری کوردنشینی عەفرین لە ڕۆژئاوای فوراتیان گرتۆتە بندەستی خۆیان.
ئێستا شرۆڤەکارانی سیاسی تورکیا لەوە دەکوڵێنەوە کە تیم سیاسی و ئەمنیی دەزگای سەرۆک کۆماری تورکیا، هاوکاتی بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ لە ئەمریکا، چ پلانێکی بۆ سووریا هەیە و بۆچی ئەمریکا تا ئێستا بە ئاشکرا پاڵپشتی کوردەکانی سووریای کردووە کە بە هاوکاری پەکەکە تۆمەتبارن و ئەرتەشی تورکیاش نەیتوانیوە بە هۆی ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی زەوینییەوە هێرش بکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات. بۆیە پێدەچێ کە ئامانج و ئەنگێزە سیاسییەکانی ئەردۆغان هەمبەر بە دانوستان لەگەڵ کوردەکان و کەڵکوەرگرتن لە ڕۆڵی ئۆجەلان، پەیوەندییەکی ڕوون و ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەنگاوە دواترەکانی ترامپدا هەبێت؛ بەڵکوو لە ڕێگەی ترامپ و دانوستانەوە کوردەکانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات.
Your Comment