ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نیودەوڵەتی: ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ هەواڵدەریی "ئارمەن پریس"ی ئەرمەنستان، وێڕای ئاماژە بە ئەگەری دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناڤۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیوەندانی، بۆ جارێکی تر جەختی لە هەڵوێستەکانی ئێران لەوبارەیە کردەوە.
بەقایی لەبارەی پلانی ئێران بۆ ئیدارە و بەرەنگاربوونەوەی پاشهاتەکانی شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: ئەو هێرشە پێشێلکردنی ڕاشکاوانە و ئاشکرای هەموو یاساگەلی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بە تایبەت کە ئەو هێرشە لە جەنگەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا ئەنجام درا و لەو سۆنگەوە ئەو هەڵمەتە خەیانەتێکی گەورەش بوو بە پرێنسیپ و بنەماکانی دیپلۆماسی. هەر بۆیە ئێمە قۆناغی پاش شەڕ بە دەرفەتێکی باش بۆ تۆکمەی زیاتری یەکڕیزی نیشیمانی دەزانین و دڵنیاین کە هاوڕیزیی خەڵکی ئێمە پاش شەڕەکە، ئێمەی بەتواناتر، بەهێزتر، شلگێرتر لە ڕابردوو دەکات، بۆوەی لە بەرامبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی داهاتوودا، ئامادەیی تەواومان بۆ بەرەنگاری و وەڵامدانەوە هەبێت.
لە بنەڕەتدا متمانەمان نەماوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیار لە ئامادەیی تاران بۆ ڕاگەیاندنی دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناڤۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا، وتی: ئێمە پێشتر خەریکی دانوستان بووین، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەڵسوکەوتێکی لە خۆی نیشان دا کە نە تەنیا متمانەکانی لەناو برد، بەڵكوو کردییە بێمتمانەییەکی چالاک و نەرێنی. بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێم، شتێک لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی متمانە بوونی نییە، چونکە ئەوان لە پڕۆسەی دیپلۆماسی کەڵکئاوەژووییان کرد و کردیانە ئامرازێکی تەکنیکی بۆ هێرشکردن.
وتیشی: بەوەشەوە ئێران هیچکات میزی دانوستانی چۆڵ نەکردووە، چونکە ئێمە متمانەی تەواومان هەیە بە کاکڵەی ئاشتیخوازانەی پلانی ئەتۆمیمان و جەختی لێ دەکەین.
گفتوگۆکانی ئێران و ئەورووپا، درێژەی دەبێت
بقایی سەبارەت بە دانوستانی ئێران و ترۆئیکای ئەورووپی (فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) لە شاری ئەستەنبۆڵ، ڕاشیگەیاند: ئێمە نە خۆمان لە دانوستان دەدزینەوە و نە ترسێکمان لە گفتوگۆکردنە. بەڵکوو دەبێ بەو باوەڕە بگەین کە ئەو دانوستانانە بۆ دەستخەرۆکردن و کات بەفیڕۆدان نییە، بەڵکوو ئامانجدارە. بەو پێیە دانوستانی ئەستەنبۆڵ لە کەشێکی ڕاشکاو، ڕاستگۆیانە و ڕووندا بەڕیوە چوو و ئێمە هاوکاتی ڕەخنەگرتن لەوان بۆ بێهەڵوێستی و دەستەوەستانیان لە بەرامبەر دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جەختمان لە زەروورەتی هەڵوەشانەوەی کارا و پاوەجێی گەمارۆکان بەپێی ڕوونکردنەوەی کاکڵەی ئاشتیخوازانەی پلانی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بووین. بە واتایەکی تر کۆمەڵێک ئایدیا و هەنگاوی نوێ ئاراستە کرا و لایەنەکان ڕێککەوتن کە دانوستانەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە ئامانجی پێشخستنی ڕەوتی دانوستانی سازێنەر، بەردەوام بێت.
هەڵویستی ئێران هەمبەر بە پەیوەندییەکانی ناوچە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کرانەوەی پەیوەندییە ئابووری و گواستنەوەکانی ناوچە و پێشنیارەکانی ئەرمەنستان و هەڵوێستی ئازەربایجان سەبارەت بە ڕێڕەوگە بانسنوورییەکان، وتی: ئێران هەم ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئازەربایجان و هەمیش ئەرمەنستان دەگرێت و پێداگرین کە سیاسەتی دراوسێی باش بۆ هەر دوو لا پارێزراو بێت. لەو ڕووەوە دابینکرانی ئاشتی و سەقامگیری لە باشووری قەفقاز بۆ ئێمە زۆر گرینگە، چونکە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچە، ئاشتی و سەقامگیریی ئێرانە. هاوکات ئێمە جەختمان لە ڕێگەکانی هاتوچوو بۆ گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و ئاسایشی ئەرمەنستان و ئازەزبایجان و ئێران کردووە و هیوادارین ئەو هەنگاوانە بەهرەی باشی بەداوە بێت و پاڵپشتی دەکەین لە هەنگاوی "چواڕێیانی ئاشتی"ی ئەرمەنستان و لامان وایە هەنگاوێکی گونجاوە بۆ هەموو ناوچەکە.
وتیشی: هاوکات دەبێ هوشیار بین کە ڕێگە بە لایەنی سێهەم و ئەکتەرانی سەرووناوچەیی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری قەفقاز نەدەین، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە و بە قازانجی هیچ لایەک نییە. دڵنیاشین کە ئاشتەوایی نێوان باکۆ و ئەیرەوان مومکینە، ئەگەر بمانەوێ. چونکە لە پێشمەرجەکانی ئەو بابەتە دەگەین و دەزانین کە ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە شەڕدابوون و لەو ڕووەوە ڕێککەوتن و ئاشتەوایی کۆتایی زەمانبەرە، بەلام هەر ئەوەیکە بەشێکی زۆری کارەکان بۆ ڕێککەوتن کراوە، هەست دەکەین هەر دوو وڵاتەکە پێشوازی لە پلانی ئاشتەوایی دەکەن و ئێمەش بۆ ئەو کارە هانیان دەدەین.
دڵنیا نین باکۆ هاوکاریی ئیسرائیلی کردبێت
ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لە بوونی بەڵگەگەلێک لەبارەی هاوکاریی باکۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەرێمی ئاسمانی ئازەربایجان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ڕایگەیاند: سەرۆک کۆماری ئێران لەوبارەیەوە داوای لێکدانەوەی سەبارەت بەو پاگەندەیە لە هاوتای ئازەربایجانی خۆی کردووە و ئەو داواکارییە بۆ ئەوە نییە پرسەکە سەلمابێت، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو کە بیریان بێنینەوە کە ئێمە وەک وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک ئەرکمان بە نیسبەتی یەکتر هەیە و نابێ ڕێگە بدەین کە لایەنی سێهەم لە پێگەی ئێمەوە لە دژی دراوسێکانمان بەهرە وەربگرێت و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی کەڵکئاژۆیی ئیسرائیل لە پێگەی وڵاتانی تر. کەواتە بابەتەکە بۆ ئەوە نییە کە بڵێین کۆماری ئازەربایجان لەو هێرشە نایاساییەدا دەستی هەبووە.
Your Comment