ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی پارێزگاکان: کوردستان، سەرزەوینێکە کە لە هەڵسوکەوتی مێژوویی ئێران بەردەوام سەنگەری خۆڕاگری بووە. ئەم ڕۆژانە بۆ جارێکی تر گێڕانەوەگەلێک لە خۆبەخشی و هاوڕیزیان، هەمدیسان ئەو یادەوەرییە بەکۆمەڵە بیر هێناینەوە؛ ئەوەی کە خەڵکانی ئەو زێدە لە هەر هەلومەرجێکدا سەلماندوویانە کە هیچکات پشتی نیشتمانیان بەر نادەن.
ورەی خۆبەخشی؛ میراتی هەرمانی کوردستان
کوردستان، سەرزەوینی خەڵکانێکە کە ساڵانێکی زۆر سنووروانانی بە ئەمەگی نیشتمان بوون و ئاستەنگەکانی ژیان لە ناوچە سنوورییەکاندا، ئەوانی کردۆتە خەڵکانێکی بەتاقەت، تێکۆشەر و ئامادەی هەر جۆرە هەلومەرجێک و بەردەوام نیشانیان داوە کە یەکگرتووییان لە هەر دیوار و سنوورێک تۆکمەترە.
شەڕی داسەپاوەی 12 ڕۆژەی ئەمدواییەدا، دەرفەتێک بۆ نمایشدانی ئەو هاوڕیزییە بوو؛ هاوڕیزییەک کە ڕیشەی لە فەرهەنگی قووڵی هاویاری و چەشندۆستیدایە. خۆبەخشییەک کە تەنیا بەرهەمی ساتەوەختێکی تووڕەیی یان دڵەڕاوکە نییە، بەڵکوو بنچی لە کەلتووری کوردستاندا و لە چەشندۆستی و هەستی بەرپرسایەتی بە کۆمەڵدایە.
پێکهاتنی تۆڕە جەماوەرییەکان
چاڵاکێکی کۆمەڵایەتی خەڵکی بانە دەگێڕێتەوە کە چۆن گرووپگەلی کۆمەڵایەتی پێکهاتوو لە گەنجانی چالاکی کورد لە شارەکانی پارێزگادا لە کاتی قەیراندا خزمەتیان بە خەڵکی دەگەیاند و دەڵێ: لەگەڵ دەسپێکی شەڕ، دانیشتنێکی بەپەلە بۆ ڕێکخستنی گرووپەکان پێکهات و ئامانجمان ڕێکخستنی کارەکان و چارەسەریی پێداویستی و کێشەی خەڵکی بوو.
مەتین سەیفی بە ئاماژە بەوەی کە ئەو گرووپانە یەکەم هەنگاویان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەڵکی گوندنشینی سەرسنوور بۆ پەروەردەی ئاژەڵان و پەلەوەران لە پێناو گەیشتنی پاوەجیی خۆراکی پێویست بە خەڵکی دەست پێکرد، وتیشی: هاوتەریبی ئەو کارە، چەندین پاسی شاری دەستنیشان و سامان دران بۆ گواستنەوەی خەڵکی و برینداران لە هەلومەرجی قەیراناوی و هاوکات چەندین نەخۆشخانەی سارایی جێگر کران.
هەڵمەتە خۆجێیەکان لە قەیراندا
سەیفی هەروەها ئاماژەی بە هەڵمەتی کۆکردنەوە و پاشکەوتی بەڕووی زاگرۆسی بۆ کردنە ئارد لە هەلومەرجی دژواردا کرد و ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە وەڵامێکە بۆ کەمایەسیی ئارد لە بانە و نیشانی دا کە چەندە دەفرایەتی سروشتی ناوچە دەتوانێ یارمەتیدەری مانەوە و خۆڕاگری لە دۆخەکەدا بێت.
ناوبراو سەبارەت بە هەوڵی گرووپە خۆجییەکان بۆ پاڵپشتی دەرمانی، ڕاشیگەیاند: لەوبارەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ شکستەبەندان و نەشتەرگەران و ماما خۆجێیەکان کرا و تەنانەت قۆناغێکی ڕاهێنان بۆ دەرزیوەشاندن و بانداژکردنی برینداران لە هەندێک گەڕەکی بانە بەڕێوە چوو و ئەو هەنگاوانە بۆ سازدانی سیستەمێکی تەندروستی جەماوەری بوو کە لە نەبوونی ئیمکانی بەربڵاو، بتوانێ بارێکی قورس لە سەر شانی خەڵکی ناوچەکە لابات.
ئامادەیی هەمێشەیی
ئەو چالاکی کۆمەڵایەتییە بە ئاماژە بە ئامادەیی خەڵکی بانە سەرەڕای درێژنەخایاندنی شەڕەکە، جەختی کرد: ئامادەیی هێزە جەماوەرییەکانی بانە تەنیا بە کۆتایی قەیرانەکە نەبەسترابۆوە و بەپیی هەلومەرجی ناوچە و شاری بانە، ئێمە هێشتاش ئامادەیی تەواومان هەیە و هێزەکانی ئێمە گوێلەمەست و ئامادەی هەر جۆرە هەنگاوێکی دواترن و بگرە ئامادەی یارمەتیگەیاندن بە شار و پارێزگاکانی دراوسێشمان هەیە.
سەیفی ژمارەی ئەندامانی تۆڕە جەماوەرییەکانی بانەی نزیکەی 200 کەس ڕاگەیاند کە بە شێوەی گرووپگەلی 20 و 30 کەسی سامان دراون و هەر گرووپێکیش لەگەڵ کەسانی دیکە لە پەیوەندیدایە و ئەو کەسانە هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ.
هاوڕیزی سەرتر لە قەیران
یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان تەنیا تایبەتی ڕۆژانی شەڕ نییە و ئەو هاوڕیزییە لە ژیانی ڕۆژانەشدا بەردەوامە و بە پاسەوانی لە دابونەریت و هاوژینی ئاشتەوایانە لە نێوان فرەچەشنی ئیتنیکی و مەزهەبیدا ڕەنگی داوەتەوە و بە گشتی کوردستان نمونەی کۆمەڵگایەکە کە توانیویەتی هاوکاتی پاراستنی شوناسی فەرهەنگی خۆی، نمانەی یەکگرتوویی هەموو خەڵکی ئێران بێت.
Your Comment