ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ عومەر عەلی موحەمەد:پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان ،هەنگاویکی بوێرانە بوو، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی زیاتر بچێتە پێش و کۆتایی بە ئەو جەنگ و خوێن ڕشتنە بهێنرێت کە زیاتر لە ٤٧ ساڵە بەردەوامە و زیاتر لە ٤٠٠٠٠ قوربانی لێ کەوتووەتەوەو زۆرینەی هاوڵاتییانی کورد لە کوردستانی تورکیا زیان مەند بوون لێی.
بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکاران لە ئێستادا، پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی سیاسی و ئەکادیمی قووڵ هەیە و زۆرینەی هاووڵاتییانی سەر شەقام و بێ ئاگا لە گۆڕانکارییەکانی جیهان و ململانێیە سیاسییەکان و شێوازی ئێستای خەباتی گەلان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان ،ناتوانن بە شێوەیەکی دروست لێی تێ بگەن و هەڵوێستی ئیجابی دەرببڕن.
ئەم پرۆسەیە کە لە مانگی ١٠/٢٠٢٤ لە پەرلەمانی تورکیا لە لایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی بۆ کراو تیایدا باسی لە برایەتی کورد و تورک کردوو بە هۆکارێکی گەشەپێدانی تورکیا و یەک پارچەیی خاکەکەی لە قەڵەمدا و دوای ئەویش ئۆردوغان پشتیوانی لە بانگەوازەکەی باخچەلی کرد، مانای وایە هەردوو پارتی حکومڕانی تورکیا بە فەرمی دانیان نا بەوەدا کە هێزێکی کاریگەری وەک پارتی کرێکاران هەیە دەبێت دانوستانی لەگەڵدا بکرێت. گەلێکی فەرامۆشکراو هەیە لە نێوخۆی تورکیادا، پێویستە مامەڵەی ئیجابی لەگەڵدا بکرێت و وەک برا سەیر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و کۆتایی بە ئەو هەڵوێستە بهێنرێت کە لە ڕابردوودا لەگەڵیدا کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ، کورد وەک نەتەوە دانی پێدا نەنراوە و لە دەستووردا بە تورکی کێوی باس کراوە و دەستوورەکەش تەنها دان دەنێت بە بوونی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک سروودی نیشتمانیدا.
کەواتە ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە ڕوویداوە کە دوو پارتە حکومڕانەکەی تورکیا بە تایبەتیش باخچەلی کە بە ڕێبەری دەوڵەتی قووڵ دادەنرێت لە تورکیادا ،خۆی داوای دانوستان و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دەکات و پرۆسەی چەکدانانەکەش بە هەنگاوی ئیجابی لە قەڵەم دەدات بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی ئاشتی .
بە دەمەوە هاتنی دوو پارتە حوکمڕانەکە و پشتیوانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پرۆسەکە و بە تایبەتیش جەهەپە مانای تایبەتی خۆی هەیە و گۆڕانکاری ئیجابیە بۆ بە دەستووری ناساندنی
گەلی کورد و مافە ڕەواکەی.
لە تازەترین ڕاپرسیدا لە نێوخۆی تورکیادا لە ٦٨%خەڵک پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن. کەواتە لێرەدا دەبێت لەوە تێبگەین کە دۆخێکی نوێ لە ناوخۆی تورکیاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتۆتە پێش ،لەم گۆڕانکارییەشدا کێشەی کورد شێلگیرانە بۆتە بەشێک لە خواستی گرنگی پێدانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕۆژئاوا.
بەم هۆیەوە نابێت هێزە سیاسیەکانی کورد دابڕاو و پەراوێز بن و بچنە دەرەوەی ململانێکان ،بەڵکو ودەبێت زیرەکانە لەناو ڕووداوەکاندا بن و بە پلانی سیاسی ورد ئەو ئامانجە دیاری بکەن کە دەیانەوێت پێی بگەن .لەم ڕوانگەیەوە چەکدانانی پارتی کرێکاران سوود وەرگرتنە لە ئەم دۆخە نوێیە و سڕینەوەی ئەو وێنەیە کە تا ئێستا لای زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆی دروست کراوەو بە پارتێکی توندڕەوو تیرۆریزم لە قەڵەم دراوە .
لە لایەکی تریشەوە هەنگاونان بەرەو خەباتی مەدەنی سیاسی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە تورکیادا واتا گۆڕان و وەرچەرخانە لە شێوازێکەوە بۆ شێوازێکی تر کە زۆر کاریگەرتر و بە بایەخترە لە شەڕی چەکداری .
ئەگەر سەرنج بدەین لە ئێستادا کورد هێزێکی کاریگەرە لە ڕووی سیاسییەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر حوکمڕانانی تورکیا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو کورد پەراوێز بخەن ،دوور نییە هەر لە چوارچێوەی گەمەی هەڵبژاردندا کۆتایی بە حوکمی ئەو دوو پارتە حوکمڕانە بهێنرێت .لەبەر ئەوە کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری و دەستکردن بە چالاکی مەدەنی ،واتە گەڕانەوەی هێزە بۆ نێو تورکیا و بەهێزکردنی کوردە لە ڕووی چالاکی مەدەنی و سەندیکایی و حیزب و میدیاییەوە، بەمەش کورد دەبێتە هێزێکی کاریگەر و دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت لەوەی پێگەی سیاسی خۆی لە پەڕلەمان بەهێزتر بکات و پارتە حوکمڕانەکان بە دیدێکی ترەوە سەیری بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .
لە ڕوویەکی تریشەوە هەموو ئەو بەربەستانە دەبڕێت و کۆتایی بە پاساوەکانی دەوڵەت دەهێنێت کە پشتی پێ بەستووە بۆ زیندانی کردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان بە یاسای تیرۆر یان لا بردنی سەرۆک شارەوانییەکان و دانانی قەیووم لە شوێنەکانیان بە پاساوی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکاران .
کەواتە لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین گەشەپێدانی دیموکراتی و ناساندنی مافەکانی کورد لە دەستوور و داننان بە مافە کولتوورییەکان و شوناسی کورد وەک نەتەوەیەک ،هەنگاویکی مەزنە و لە داهاشودا دەتوانرێت هەنگاوی گەورەتر بنرێت.
Your Comment