دەوڵەتی سووریا خەریکی دانوستان لە گەڵ هەسەدەیە

نوێنەری مەنبەج لە پەرلەمانی سووریا جەختی کرد کە بڕیاری ئەمریکا بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا نیشاندەری ڕێککەوتن و هاوئاهەنگیی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن و ئاڵوگۆڕپێکرانی هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سووریایە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە "العالم"، مەجیب ڕەحمان دەندەن نوێنەری شاری مەنبەج لە پەرلەمانی سووریا بە نامومکین وەسف کردنی بڕیاری جێگرکرانی هێزەکانی تورکیا لە بری هێزەکانی ئەمریکی، ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین کە ئامادە بوونی تورکیا و ئەمریکا تەواو نایاسایی و ناشەرعییە و بە جۆرێک داگیرکردنی سووریا و پێشێل کردنی یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە.

ناوبراو بە ئاماژە بە دانوستانگەلی نێوان هێزە کوردەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و دەوڵەتی سووریا بۆ ڕێککەوتن لە بابەتی ئامادەبوونی سوپای سووریا لە شاری مەنبەج، جەختی کرد: خەڵکی شاری مەنبەج بۆ گەڕانەوەی سوپای دەوڵەتی ناوەندی گوشاریان خستۆتە سەر هەسەدە. لە ناو خودی هەسەدەش دوو باڵی جیاواز هەیە کە یەکیان دەیەوێ ڕوو لە فەڕەنسا بکات بۆ جێگرکردنی ناوچەی دوورە شەڕ و باڵی دیکەیان بە دوای ڕێککەوتن لە گەڵ دیمەشقە بۆ چوونی سوپای سووریا بە مەنبەج.

دەندەن ئاماژەی بە گرینگیی ڕووبەر، جەماوەر و باری جوگرافی کرد و وتی: ئەگەر دەوڵەتی سووریا بە سەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بێت، ڕێ خۆش دەبێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا بەرەو ناوچەی رۆژهەڵات و بیرە نەوتەکان و ناوچەگەلی کشتوکاڵیی پارێزگاکانی ڕەقە و دیرەزور و بەو پێیە مەنبەج ڕێڕەوێکی گرینگە بۆ پەرەسەندنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی سووریا بە سەر رۆژهەڵاتی فورات.

ئەو پەرلەمانتارەی سووریا هیوای خواست کە کوردەکان لە گەڵ سوپا و دەوڵەتی سووریا لە بەرەیەکدا بن و ڕاشیگەیاند: دۆزی کوردەکان بۆ مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری، پرسێکە کە گەلی سووریا دەبێ بڕیاری لە سەر بدەن و دەروەستی بە دەستووری سووریایە. بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە سوورییەکان ڕای هاوبەشیان بێت و لە هەلومەرجی سەخڵەت و دژواردا یەکگرتوو بن؛ چونکە مسۆگەر نەبوونی ئەو ڕیککەوتنە دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ئەو ناوچەیە بە دواوە دەبێت.

ناوبراو لە درێژەدا ڕووانییە بڕیاری ئەمریکا بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا و ئاشکرای کرد کە ئەو بڕیارە بە هەڵکەوت نەبووە و ئەمریکا تێگەیشتووە کە هێزەکانی هەسەدە ناتوانن ئامانجی سەرەتایی واشنتۆن کە دابەش کردنی سووریایە، وەدی بێنن. کەواتە ئەمڕۆ دەبینین کە بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە ڕووی لە تورکیا ناوە.

ئەو بەرپرسەی سووریا ئاماژەی بەوەش دا کە سوپای سووریا تاقە گرووپێکە کە ئەرکی بەرگری لە خاک و سەروەریی سووریای لە ئەستۆیە و چوونی ئەو سوپایە بۆ مەنبەج و زاڵبوونی سوپای سووریا بە سەر خاکی سووریا ئەرک و هەنگاوێکی پیرۆزە.

وتیشی: ناکرێت حکوومەتێک لە رۆژهەڵاتی فورات بێت و مومکین نییە کە لە رۆژهەڵاتی فورات خۆبەڕێوەبەری ساز بێت و خەڵکی بۆ دەستەبەر کردنی دۆزی بە حەقیان گوشار دەخەنە سەر دەوڵەتی سووریا.

دەندەن وێرای هیواخواستن بۆ ئەنجامدار بوونی دانوستانەکانی هەسەدە و دەوڵەتی سووریا، ڕایگەیاند: هەر کات ئەگەری ئەوە هەیە کە سوپای سووریا هەنگاو بنێتە ناو شاری مەنبەج‌ەوە و دانیشتووانی ئەو شارەش خوازیاری گەڕانەوەی دەوڵەت و دەزگاگەلی هەواڵگری بۆ مەنبەجن.

شایانی باسە کە دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم دواییە ڕایگەیاند کە هێزەکانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە سووریا دەباتە دەرێ؛ پرسێک کە هێشتا جێبەجێ نەبووە و بەڵگەگەلێک بۆ سەلماندی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا بە دەستەوە نییە. لە هەمان کاتدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش گەلێ جار ڕایگەیاندووي کە دەیەوێ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی هێزە کوردەکانی سووریا لە رۆژهەڵاتی فورات دەست پێبکات.

News Code 23924

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 0 =