ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی سیاسی: عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەنگاوی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەمبەر بە کۆریدۆری "زەنگەزوور" و پاگەندەی بۆ بە کرێگرتنی ئەو ڕێڕەوگە بۆ ماوەی 99 ساڵ، وتی: مەگین قەفقازی باشووریی ناوچەیەکی بێ خاوەنە کە ترامپ بەکرێی دەگرێت؟ قەفقاز یەکێکە لە هەستیارترین خاڵە جوگرافییەکانی دونیا و دەبێتە گۆڕستانێک بۆ دارودەستەی ترامپ.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێست و دژایەتی هەمیشەیی ئێران لەگەڵ پیلانی کردنەوەی کۆریدۆری زەنگەزوور، جەختی کرد: ئەو کۆریدۆرە پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچە دەگۆڕێت و شوێنگۆڕکێ بە سنوورەکان دەکات و بۆ دابەشکردنی ئەرمەنستان داڕێژراوە. ئینجا کاتێک تورکیا و ئازەربایجان کاتی خۆی پێداگربوون لە کردنەوەی ئەو کۆریدۆرە، هێزی چەکداریی ئێران بە بەڕێوەبردنی مانۆڕگەلێکی سەربازی نیشانی دا کە پێداگرە لە پێشگری لە پێشخستنی ئەو پیلانە.
ویلایەتی بیری هێنایەوە کە بەکرێگرتنی کۆریدۆر لە لایەن وڵاتێکی تر، قسەیەکی ساویلکانەیە و ترامپ خۆی لە ساویلکەیی داوە، وتیشی: پلانی کردنەوەی ئەو کۆریدۆرە دابەشبوونی ئەرمەنستانی بەدواوەیە و بێگومان بەرەوڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەرمەنستان دەبێتەوە و ئێرانیش وێڕای ڕووسیا یان بەبێ ئەو، پێش بە کردنەوەی کۆریدۆری ئەمریکایی لە قەفقاز دەگرێت، چونکە ئەو کۆریدۆرە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و نەخشەی ژێئۆپۆلیتیکیی دەگۆڕێت.
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران لە کاروباری نیودەوڵەتی بە ئاماژە بە نیوەبەستراوەبوونی دەریای قەزوین و گواسترانەوەی وزە لەو دەریایە بەبێ ڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ناوچە، نامومکینە، ڕایگەیاند: ئەو کۆریدۆرە نەک هەر ڕێڕەوگەیەکی بازرگانی، بەڵکوو پیلانێکە لە دژی ئێران هەندێک وڵاتی دراوسێ و جگە لە تورکیا، وڵاتانی دیکەی ناتۆش دەیانەوێ بەو فێڵە بێنە ناوچەوە و خود ناتۆ وەک مارێک دەیەوێ بخزێتە نێوان ئێران و ڕووسیا؛ بەڵام ئێران ڕێگەی ئەو کارەی پێ نادا.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندیی نەخجەوان و باکۆ پێویستی بە کۆریدۆر نییە و ئەوان دەتوانن لە خاکی ئێران بۆ پەیوەندی کەڵک وەربگرن، ڕاشیگەیاند: هاوکێشە و پەیوەندییەکانی ئەو ناوچەیە تەنیا بە ئەرمەنستان و ئازەربایجان نابەسترێتەوە، بەڵکوو گۆڕانی ژێئۆپۆلیتیکی لە ناوچەی سنوورەکانی ئێرانیشی بەدواوە دەبێت، کەواتە ئێمە مافی خۆمانە بە هەموو هێزەوە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین.
ویلایەتی لە درێژەدا باسی لە گۆڕانکارییەکانی لوبنان و بڕیاری دەوڵەتی لوبنان بۆ چەکداماڵین لە حزبوڵڵا بە پیلانی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی کرد و جەختی کرد: ئەوە یەکەمجار نییە ئەو جۆرە پیلانە دژە لوبنانیانە ئاراستە دەکرێت، بەڵام هەر وەک ڕابردوو، بێ ئەنجام دەبێ و بەرخۆدان هەمبەر بەو پیلانە دەوەستن.
وتیشی: کاتێک بەرخۆدان ئیمکانات و هێزی ئێستای نەبوو، شکستی بەو پیلانانە هێناوە، ئێستا کە بەهێزترە و پاڵپشتیی خەڵکی هەیە، بێ گومان ناهێڵێ خەونی ئەمریکی-زایۆنی بۆ هێنانە سەرکاری جۆلانێکی تر وەدی بێت و لوبنان هەمیشە دژ بەو خەونانە وەستاوە و دەوەستێت.
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران لە کاروباری نیودەوڵەتی جەختی لە دژایەتی ئێران لەگەڵ چەکداماڵینی حزبوڵڵا کرد و ڕایگەیاند: ئێران بەردەوام یارمەتیی گەل و بەرخۆدانی لوبنانی داوە و ئێستاش بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانیان. ئەگەرچی ئاگادارین کە ئەمریکا و ئیسرائیل ددوای لوبنان بە دوای چەکداماڵینی حەشدی شەعبین و من لە گفتوگۆی تەلەفونی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، جەختمان لەوە کرد کە ئێران و عێراق هەر دوو دژی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبیی عێراقین و دژی ئەو پیلانە دەوەستین.
Your Comment