ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی _ ئازەر مەهدەوان : دوای چل ساڵ شەڕی خوێناوی لە نێوان تورکیا و پەکەکە ، نیشانەکانی کۆتایی هاتنی یەکێک لە درێژترین و پڕتێچووترین کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دیارە. فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە لەگەڵ ویستی بێ وێنەی ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان، نەک هەر سیاسەتی ناوخۆیی تورکیای تووشی گۆڕان کرد، بەڵکوو لێکەوتەی قووڵی بۆ داهاتووی کوردەکان لە عێڕاق، سووریا و سەرجەم ناوچەکە لەگەڵ بوو.
پاش چەند ڕۆژێک لە وتەکانی باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە داوای کرد ئۆجەلان بێت و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە و ڕەوتی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیا بێتەدی، وەفدی نوێنەرانی کورد چووە ئیمڕاڵی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان. دواتر ئەو وەفدە ڕایگەیاند کە ئۆجەلان سێ نامەی بۆ قەندیل و ئەرووپا و هەرێمی کوردستان ناردووە و پێدەچێت ئاشتی لە تورکیا بێتەدی.چەند ڕۆژ دواتر ئۆجەلان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند: پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە.
ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دوای ۲۶ ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و وتی: دهبێت ئهم دۆخهی ئێستاكه وهكوو ئهنجامێكی به بایهخ و مێژویی پهسهند بكرێت و پێداگرم لهسەر بانگهوازییه مێژوییهكهی ۲۷ـی شوباتی ۲۰۲۵ بۆ ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی.
پاش بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە لە 11ی پووشپەڕی 1404 و چەکدانانی هێمایینی 30 کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە لە ئەشکەوتێکی مێژوویی لە پاریزگای سلێمانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پێکهاتنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانتاری بە بەشداریی ئاکەپە(AKP)، مەهەپە(MHP) و دەمپارتی(DEM) بۆ چاودێریی ڕەوتی چەکدانانی پەکەکە هەواڵی دا.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێشتا پاش چەند مانگ جگە لەو چەک سووتانە هێماینەی پەکەکە لە سلێمانی هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەنراوە و لەم دواییانەدا هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە گفتوگۆیەكدا جەختی كردەوە "گەر دەوڵەتی توركیا خواستی چارەسەری هەبێت، ئەوا پێویستە هەنگاوی دەستەبەر کراو بنێت. دەبێت هەلومەرج، سیاسەت، یاساكانی پەیوەست بە ڕێبەری پەکەکە بگۆڕدرێت. تەنیا لەو دۆخەیە کە پرسەكان بەرەو چارەسەری دەڕۆن.
سەبارەت بە مەرج و داواكارییەكانیان بۆ درێژەدان بە هەنگاوەكانی چەكدانان، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر توركیا گۆڕانكاری لە هەلومەرجی ڕێبەری پەکەکە بكات و گۆشەگیری لاببات كە بە شێوەیەكی ئازاد چالاکی بكات، بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو كەسێك دانێت، یاساكانی ئازادی و دیمۆکراسی بەرەوپێش ببات، ئەوا بنەمایەك دروست دەبێت و دەتوانین چەك دانێین".
جەمیل بایك دەڵێت "پێویستە هەموو كەسێك زۆر بە ڕوونی لەوە تێ بگات". ئەویش ئەوەیە كە "ئەگەر دەوڵەتی تورك بیەوێت فریومان بدات، بێ چەكمان بكات، نیگەرانمان بكات و ئامانجەكانی لە دژی كورد جێبەجێ بكات، ئەوا بۆیان ناچێتەسەر.
سەبارەت بەم بابەتانە و وردەکارییەکانی دانوستانی ئاشتی و داهاتووی دانوستانەکان و چارەنووسی هێزەکانی پەکەکە ئاژانسی هەواڵی مێهر گفتوگۆیەکی سازداوە لەگەڵ سیاسەتوانی ناوداری کورد پەروین بۆڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاو ئەندامی تیمی دانوستانکاری ئیمڕاڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە و نوێنەری شاری وان، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا. دەقی دیمانەکە لێرەدا بڵاو دەبێتەوە.
پرسیار: پەکەکە داوای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێ ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە ئازادنە بتوانێ کاروچالاکی سیاسی و مەدەنی خۆی بکات، ئەگەر ئەم داخوازییەی پارتی کرێکارانی کوردستان نەیێتە دی ، پێدەچێ ڕەوتی ئاشتی نێوان پەکەکە و حزبی دەسەڵاتداری تورکیا بگاتە بن بەنست و هەڵوەشێتەوە؟
ئەگەرچی ئەم ڕەوتە ڕاستەوخۆ لە تورکیادا پێوشوێن دەگیردرێت، بەڵام کاریگەرییەکانی ڕووبەرێکی زۆر بەربڵاوتر لە خۆ دەگرێت. بانگەشەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی پەکەکە و گۆڕانکارییەکانی پاش ئەوە، ئەم گۆڕانکارییانە بۆ هەموو کەس بە پێویست و زەرووری نیشان دەدات. هەموو دەسەڵاتەکانی ناوچەکە هەر کامە و بە بە ئاستی جیاواز دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەنجامەکانی ئەم ڕەوتە.
ڕەوتی هەڵوەشانەوەی پەکەکە، پڕۆسەی ئازادی، قبووڵ کردنی جیاوازییەکان و کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتیە. یەکێک لە پاشهاتە ئاساییەکانی ئەم کارەش، بێ گومان ڕەخساندنی بوار بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆڵگێڕی سەرەکی ئەم ڕەوتەیە بۆ ئەوەی زیاتر بەشدار و کاریگەرییهەبێت لە سەر ڕەوتی ئاشتی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا.
بەمەشەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەرگیز ئازادی خۆی وەک خواستێکی تاکەکەسی داوا نەکردووە. پەکەکە و کەسانێک کە ڕێبەرایەتی دەکەن بێ گومان خوازیاری ئازادی ئۆجالانن و پشتیوانی لەم داخوازییە دەکەن و هۆکار و بەڵگەی ڕەواش بۆ ئەم خواستە هەیە. بەڵام ڕوانگە و لێکدانەوەی ئۆجەلان ئەمەیە کە ئەم ڕەوتی ئاشتیە نابێ سنووردار بکرێتەوە بۆ ئازادی تاکەکەسی.ئۆجەلان بە گشتی لایەنگری ئازادی کۆمەڵایەتیە و ئازادی خۆی بە بەشێک لە ئازادی کۆمەڵایەتی دەبینێت.
پەکەکە بە شێوەیەکی سەمبۆلیک چەکەکانی سووتاند. ئایا حکومەتی تورکیا لە وەڵامی ئەم کارەدا هیچ هەنگاوێکی بەرەو پرۆسەی ئاشتی ناوە؟
تا ئێستا پێشکەوتنی بەرچاو لە پرۆسەی ئاشتیدا بەدیهاتووە. سەرەتا ئەو لێدوانە بەناوبانگەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی دوای تەوقەکردن لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەمان لە ١ی ئۆکتۆبەردا، کاتێک داوای لە ئۆجالان کرد داوای کۆتایی هاتنی چالاکییەکانی گرووپەکەی بکات. دوای ئەوە ئۆجالان دەستپێشخەری کرد و لە ٢٧ی فێڤرییە بانگەوازە مێژووییەکەی خۆی دەرکرد، دواتر پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و دەستبەجێ وەڵامی ئەرێنی بۆ بانگەوازەکەی ئۆجالان دایەوە و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دەستپێکرد. ڕۆژی ١١ی ژوئەن سووتاندنی سەمبۆلیکی چەک لە شاری سلێمانی ڕوویدا. ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتدار ئیرادەی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئەم پرۆسەیە ڕاگەیاند. هەموو ئەمانە پێشهاتی مێژوویی و گرنگن. لەڕادەبەدەر بەنرخە کە ئەم پرۆسەیە گەیشتوەتە ئەم ئاستە. کۆمیسیۆنێکی فراوان لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا. ئەم کۆمیسیۆنە کە بۆ دروستکردنی بنەمایەکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەم پرۆسەیە دامەزراوە، لە دامەزراندنیدا چەندە مێژووییە، ئەوەندەش لە کارکردنیدا مێژووییە.
وەک دەبینرێت هەنگاوی گرنگ لە لایەن هەردوولاوە نراوە. کەواتە، ئەم پرۆسەیە بە هێواشی و لە چوارچێوەی خۆیدا بەرەوپێشەوە دەچێت. سەرەڕای هەندێک تەنگژە، ئێمە پێمان وایە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت.
لە ڕوانگەی یاساییەوە (یاساکانی تورکیا)، ئەگەر پڕۆسەی چەکداماڵین سەرکەوتوو بێت، سەرکردە چەکدارەکانی قەندیل و ئەندامانی ئێستای پەکەکە چییان بەسەر دێت؟ ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە ناو بنەماڵەکانیان لە تورکیا و بەشداری لە چالاکییە سیاسییە مەدەنییەکان بکەن؟ وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم پرۆسەی ئاشتییە، ئایا هیچ هەنگاوێک لەم ڕووەوە هەڵدەگرن؟
کاتێک بە گشتی سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەین، سەیری ئەوە ناکەین کە چی بەسەر تاکەکاندا دێت، بەڵکوو سەیری ئەوە دەکەین کە چی بەسەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکاندا دێت. هەروەها ئەو کەسانەی کە باست کرد لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن. ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، مەیدانی سیاسەتی دیموکراسی فراوانتر دەبێت و ئازادییەکان پەرە دەسێنن. بۆیە لە کەشێکی وادا پرسیارەکان سەبارەت بەوەی ئایا ئەندامانی پەکەکە دەگەڕێنەوە ناو بنەماڵەکانیان ئیدی یەکمایەتی نییە . بێگومان ئەو کەسانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و دەتوانن مافی بەشداریکردنیان لە سیاسەتدا بەکاربهێنن.
بە لەبەرچاوگرتنی ٤١ ساڵەی ململانێی چەکداری نێوان ئەندامانی پەکەکە و سوپای تورکیا و کوژران و برینداربوونی هەزاران سەربازی تورکیا و ئەندامانی پەکەکە، ئایا کۆمەڵگای تورکیا ئامادەیە بۆ ئاشتی و برایەتی ڕاستەقینەی نێوان کورد و تورک؟ پێشبینیتان سەبارەت بە تەنگژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی داهاتووی ئەم پرسە چیە؟
سەرەڕای ئەو ئازارە قورس و زەبر و زەنگە دەروونی و خەسارە مرۆیی و ئەخلاقی و ئابوورییەی کە کۆمەڵگای تورکیا بەدرێژایی ساڵان تووشی بووە، هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوان کۆمەڵگاکاندا سەریهەڵنەداوە. ئەمە گرنگترین کارتی بردنەوەیە لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتیدا. کاتێک باس لە چارەسەری سیاسی دەکرێت، کۆمەڵگای تورکیا هەمیشە ئاستێکی بەرزتری هەستیاری و تێگەیشتن و حیکمەتی بەرامبەر بەو جۆرە پرۆسە سیاسیانە هەیە. ئەگەر ئەم پرۆسەیە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، دووربینی و داهاتوو بینی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گەورەی تێدا گێراوە. ئەم پرۆسەیە تەنیا بە "پشتیوانی" کۆمەڵگا دەگاتە ئەنجام . ئەمڕۆ بەشێکی زۆری کۆمەڵگای تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە گەڕان بەدوای چارەسەر و ئاشتیدان. لە ڕاستیدا ئەم کۆمەڵگایە گرنگی بە هەندێک گوێ بە هەندێ هەوڵی دژە ئاشتی و دژە چارەسەر و هەڵوێستی شکستخواردوو نادات.
کۆمەڵگا ئامادەیە بۆ ئاشتی، کێشەی سەرەکی ڕوانگە و بۆچوونی وێرانکەرانەی ئەو کەسانەیە کە بەناوی گەلەوە خەریکی سیاسەتن، دژی گەل، و ئەو گرووپە دەسەڵاتدارانەی کە ئایندەی خۆیان بەم شەڕەوە دەبەستنەوە. کۆمەڵگا نییە شەڕ دروست دەکات و دەیگەیەنێتە ئەم ئاستە؛ کۆمەڵگا قوربانی ئەم کێشانەیە و تاکە ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان ئەوەیە کە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت.
ئەم پرۆسەی ئاشتییە کە بەم دواییە دەستی پێکردووە، چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە و دراوسێیەکانی تورکیا دەبێت؟ وەک دەزانن ئێرانیش ساڵانێکە لەگەڵ پرسی پژاکدا ڕووبەڕوو بۆتەوە
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی بانگەوازێکە بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. هەروەها دەرفەتێکی مێژووییە. بانگهێشتێکە بۆ تاقیکردنەوەی ڕێگایەکی سیاسی نوێ بە وازهێنان لە شێوازە ناسراوەکانی نکۆڵی کردن و یاخیبوون و ململانێ.
بە پێچەوانەی باوەڕی گشتی ئەوەی وڵاتان بەهێز دەکات، چەک و شەڕ نییە، بەڵکوو دیموکراسی و ئازادی و ئاشتییە. گەلی کورد لە هەر کوێیەک بێت، بەشێکی ماندوونەناسانەی خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتییە. ئەمەش پێویستە بەرز بنرخێنرێت.
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە وڵاتێکی کۆن و خاوەن شارستانییەتی وەک ئێران کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵی هەبێت، ڕابەرایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە و هەروەها هاوسەنگبوونە لەگەڵیدا. چونکە ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە ئایندەی ئێرانیشەوە هەیە. داوا لە گەل و حکومەتی ئێران دەکەین بە هەستیاریەوە هەوڵ بدەن بۆ چارەسەری کێشەکان.
Your Comment