لە پەنلی پسپۆڕیی "فەلەستین و ئاسۆی داهاتوو"دا خرایە ڕوو؛

پشت پەردەی سەرهەڵدانی ئیسرائیلی دووهەم/ بارزانی وانەی نەگرت

ناسەی هەواڵ: 4118514 -
کارناسانی بواری فەلەستین لە پەنلێکدا وێرای تاوتوێ کردنی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی فەلەستین، ڕووانیانە پشت پەردەکانی سەرهەڵدانی ئیسرائیلی دووهەم لە ناوچەدا و پیلانی دابەشکردنی عێراق.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشداربووانی بیستەمین پەنلی پسپۆڕیی "فەلەستین و ئاسۆی داهاتوو" کە پێکهاتبوون لە سادق ڕەمەزانی (سکرتێری کۆمیتەی پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی فەلەستین لە دەزگای سەرۆک کۆماری و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی فەلەستین)، ناسر ئەبوو شەریف (نوێنەری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە تاران)، سەدر (کارناسی باڵای پرسی رۆژئاوای ئاسیا) و حسێن ئەکبەری (کارناسی باڵای پرسی فەلەستین) بە ئاماژە بە هۆشدارەکانی رێبەری باڵای شۆڕش سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلی دووهەم لە ناوچەدا و بە تایبەت دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و لە رێگای ئەو ڕیفراندۆمە، ڕایانگەیاند: سەرکەوتنەکانی بەردەوامی بەرەی خۆڕاگری و شکستەکانی ڕژیمی زایۆنی و پاڵپشتیان بووە هۆی هاتنەئارای هاوکێشەیەکی ئاڵۆز بۆ دابەشکردنی عێراق.

لەمناوە سادق ڕەمەزانی وەک یەکەم وتەبێژی ئەو پەنێلە ڕایگەیاند: وەک رێبەری فەرموویان ئەمریکا و دەسەڵاتە بیانییەکان هیچکات جێی متمانە نین و بەردەوام هەوڵی دامەزراندنی ئیسرائیلێکی نوێ لە ناوچەدا دەدەن.

هەروەها ناسر ئەبوو شەریف وەک وتاربێژی دووهەمی پەنێلەکە ئاماژەی بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: عێراق بەشێکە لە وڵاتانی ئیسلامی و ئەمریکا لە ٢٠٠٣وە هەوڵی خۆداسەپاندن بە سەر عێراقیان دا و شکستی هێنا و ئێستا ئیسرائیل لە رێگەی دابەش کردنی ئەو وڵاتە و لێک هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی عێراق هەوڵێکی هاوشێوە دەدات.

ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی مووساد بۆ ناکۆکی خستنە نێوان کورد و شیعه و سوننەی عێراق، ڕایگەیاند: هەندێک لە بەرپرسانی کورد لە کۆنەوە پەیوەندیی نزیکیان لە گەڵ ڕژیمی زایۆنی و مووساد هەیە و ئامانجی ئیسرائیل لە دامەزراندنی وڵاتێک لە باکووری عێراق دابەشکردنی ئەو وڵاتە و سازدانی هاوپەیمانێک لە دراوسێتیی ئێران، عێراق و تورکیا بووە. پێکهێنانی کوردستانێکی گەورە یەکێکە لە ئامانجەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە مەبەستی بەهرە وەرگرتن لە سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت و هەروەها لکاندنی کوردەکانی باکووری سووریا بە کوردانی عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووی یەک کردنەوەی کورد و ڕەوتی ئیسلامی و تەنانەت سوننە و شیعە.

لە درێژەدا حسێن ئەکبەری ئاماژەی بە ئینتیمای بەردەوامی رێبەرانی کورد بە وڵاتانی بیانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد و وتی: خەڵکی کورد خەڵکێکی موسڵمانن، بەڵام رێبەرانی کورد بۆ داخوازییەکانیان بەردەوام ئینتیمایان بە وڵاتانی بیانی بووە و لەو رێگادا شکستیان هێناوە و هیچکات سەرنەکەوتوون، بەڵکوو رۆژئاواییەکان بەردەوام لەوان وەک کەرەسە و ئیمکانێکی تاکتیکی دەڕوانن. ئێمە بینیمان کاتێک سەدام کوردەکانی ڕاو نا، ئەوە ئێران بوو کە پەنا و پشتیوانیان بوو، نەک رۆژئاوا.

باڵوێزی ئێران لە لیبیا وەک بەشداربووی سێهەمی پەنێلەکە ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی سەرەتایی نێوان بارزانی و داعش و پاشان ستراتژیی دژبەرانەی داعش لە دژی کورد و دەستەوەستان بوونی بارزانی کرد و وتیشی: بارزانی کاتێک بە خۆیدا هاتووە و بینی کە تەواو ڕێککەوتنەکانی لە داعش جۆرێک بەرژەوەندیی تاکتیکیی تەکفیرییەکان بووە و ئەگەر ئێران بە هانای کوردەکانی هەرێمەوە نەدەچوو، تراژیدیایەکی گەورە دەقەوما. بەڵام بەوەشەوە لەو ڕووداوە وانەی نەگرت و ڕووی لە ڕیفراندۆم نا و پێیوابوو کە بەو کارە میدالیای فەخری لە مل دەکەن و بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی پاڵپشتی لێ‌دەکرێت. بەڵام ئەمریکا و زلهێزانی جیهانی هیچکات بیریان لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە و عەرەبی نەکردووە و بەردەوام بە دوای بەرژەوەندیی خۆیانەوە بوون و هەن.

لە کۆتایی پەنێلەکەدا سەدر، کارناسی باڵای پرسی رۆژئاوای ئاسیا سەبارەت بە هۆکاری خرانەڕووی لە ناکاوی پرسی سەربەخۆیی لە پاریزگا کوردنشینەکانی عێراق، ئاماژەی بە ۴ پاڵنەر و هۆکار لە لایەن ڕژیمی زایۆنیستییەوە کرد و وتی: هۆکاری یەکەم شکست و دۆش دامانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بوو. ئەوە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی بەڵگەکانی ساڵی ١٩٦١ی توێژینگەکانی ئەمریکا هەوڵی دابەش‌کردنی جیهان و هەروەها رۆژهەڵاتی ناڤین بە وڵاتانی چکۆلەتر بەشێکە لە پیلانەکانی رۆژئاوا. هۆکاری دووهەم بەهێزبوون و لێهاتوویی حزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کەرانەی باختری و ترسی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو ڕووداوەیە و هەر بۆیە هەوڵی دامەزراندنی وڵاتی کوردی لە ناوچە دەدەن. سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچە و پەرەسەندنی لە ڕووی جواگرافیاییەوە هۆکاری سێهەم بووە کە بۆتە هۆی ڕاچڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و دواهۆکاریش دراوسێتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو بەرەی سووریا و بەرەی خۆڕاگری بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئایدیالۆژیا و پیلانەکانی ڕژیمی زایۆنییە و ئاساییە کە ڕژیمی زایۆنیش هەوڵ بدات لە دراوسێتیی ئێراندا گرێیەکی شێرپەنجەیی بخاتەوە و لەو رێگاوە گۆشار بخاتە سەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە.

ئەو کارناسە ئاماژەی بەوەش دا: هەلومەرجەکە بە جۆرێکە کە ڕژیمی زایۆنی ئاویلکەیەکی لەم ناوچەیەدا ساز داوە و بینیمان لە پاش ڕیفراندۆم ڕژیمی زایۆنی هیچ بەرگرییەکی لێ نەکرد. مەسعوود بارزانی فریوی زایۆنیزمی خوارد، بەڵام ڕای گشتیی جیهانی دەزانن کە ئەو ڕژیمە یەکێک لە کارتە سەرەکییەکانی خۆی کە بارزانی بوو، سووتاندی.

ناردنی بۆچوون

3 + 11 =