ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا و کوردی سووری، تورکیای بۆ لای ئێران ڕاکێشا

سادق مەلەکی دەڵێت: گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناکۆکی لە گەڵ ئەمریکا هەمبەر بە کوردەکانی سووریا، تورکیا بۆ لای ئێران وەرچەرخاندووە.

ئاژانسی مێهر- بەشی نێونەتەوەیی؛ سادق مەلەکی کارناسی باڵا و شرۆڤەگاری پرسی سیاسیی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە گرینگی و زەروورەتی دیداری سەردار باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران لە دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: بە گشتی بارودۆخی زاڵ بە سەر ناوچەدا، شکستی ڕێژەیی سیاسەتەکانی تورکیا و شێوەکانی کاریگەریی دوو وڵات لە سەر گۆڕانکارییەکانی هۆکاری ئەو سەفەرەی سەردار باقری بۆ تورکیا بوون. گفتوگۆ و هاوکارییەکان لە بواری گۆڕانکاریی ناوچە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و دانوستانەکانی ئاستانەش بە گرینگترین تەورەکانی دیدار و گفتوگۆی سەردار باقری لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی تورکیا دێنە ئەژمار.

سەفەری سەردار باقری بۆ تورکیا نمانەیەکی ئیجابی لە پەیوەندییەکانی تاران و ئەنقەرە

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەو سەفەرە لە مێژووی پاش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەکم جارە لە ئاستی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانی بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێت، وتیشی: گرینگیی ئەو سەفەرە ئەگەرچی بە بۆنەی یەکەم جار بوونی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گرینگە، بەڵام مانۆر دان بۆ گەورە کردنەوەی لە ڕادەبەدەری دەتوانێ ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە شانازیی نیشتمانی و بە شێوەیەکی نەخوازراوە مانای خۆبەکەم زانین دەدات. بە گشتی سەفەری بەرپرسانی سەربازی لەو ئاستەدا دەتوانێت نمانەیەک بێت لە ڕەوتی گشتیی پەیوەندیی وڵاتەکان، بەو مەرجەی کە بەردەوام بێت و بە تێبینیی بردنەوە – بردنەوە لایەنەکان ئاوری لێ بدرێتەوە.

چنینی دیوار لە لایەن تورکیاوە لە سنووری لە گەڵ ئێران کردەوەیەکی دۆستانە نییە

مەلەکی بە داکۆکی لەوەی کە چنینی دیوار لە لایەن تورکیاوە لە سنووری لە گەڵ ئێران کردەوەیەکی دۆستانە نییە و پێویستە بە گومانەوە بڕوانینە سیاسەت و هەڵسوکەوتی تورکیا، ڕایگەیاند: هاوکاتبوونی سەفەری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران لە گەڵ چنینی ئەو دیوارە لە لایەکەوە تاکتیکی ئەنقەرەیە بۆ رێگری لە کاردانەوەی ئێران بەو کارە. هەنگاوی تورکیا لە لایەکی دیکەوە هەوڵ بۆ سپاندنی ئێران تۆقێنەری و سەلماندنی ئەو خاڵەیە کە ئێران توانای کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی خۆی نییە.

ناوبراو زیادی کرد: چنینی دیوار ئەگەرچی هەوڵێکی سەربازی و ئەمنییە، بەڵام لە پەنای کارکردی ئەمنی و سەربازییەکەی لە داهاتوودا پاشهات و دەرئەنجامی سیاسی و ئابووریشی دەبێت. خاڵی گرینگ لە چنینی دیوار چاوەدێری کردنە. ئەگەر بێتوو لە هەندێ شوێنی سنووریدا دیوارەکە بترازێتە ناو سنوورەکانی ئێران، دەکرێ وەک دەستدرێژییەک لە لایەن تورکیاوە وێنا بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا لەوبارەوە دۆسیە و پێشینەیەکی باشی نییە.

گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناکۆکی لە گەڵ ئەمریکا هەمبەر بە کوردەکانی سووریا، تورکیا بۆ لای وەرچەرخاندووە

ئەو کارناسە سیاسییە بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئێران و تورکیا پاش شۆڕشی ئیسلامی هاوکارییەکی سەربازیی ئەوتۆیان پێکەوە نەبووە، وتی: ئاڵوگۆڕکردنی وەفدەکان و هاوکارییەکان زیاتر لە ئەنجامی کێشەی تورکیا لە گەڵ کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە واتە پەکەکە بووە. گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و ململانێی نێوان دوو وڵات لەوبارەوە، هۆکاری دوور کەوتنەوەی تورکیا لەو هاوکاریانە بووە. گۆڕانکارییەکانی سووریا و مەترسیی سەرهەڵدانی کانتۆنی کوردی، گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناکۆکیی تورکیا لە گەڵ ئەمریکا سەبارەت بە کوردەکانی سووریا بێ شک تورکیای بۆ لای ئێران ڕاکێشاوە و دڵخۆش بوون بەو وەرچەرخانە هەڵەیەکی ستراتژیکە.

مەلەکی هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا هەمبەر بە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان و دانوستانەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە سەفەری سەردار باقری بەو وڵاتە، ڕوونی کردەوە: جۆری ناڕەزایەتی دەربڕینی تورکیا بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێم جیاوازە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووی ئەو وڵاتە. تورکیا دەیەوێ بە تێچووی ئێران لە لایەکەوە دۆزی دژایەتی لە گەڵ ڕیفراندۆم بباتە سەرێ و لە لایەکی دیکەوە ئەنقەرە خۆی هۆکاری گەیشتنی هەولێر بەو ئاستە لە دەسەڵات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە. واژۆکردنی گرێبەستی نەوتی لە گەڵ هەرێم سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەغدا، ڕاهێنان و مەشقی سەربازی کردن بە پێشمەرگەکان و هەوڵدان بۆ بە سوپاکردنیان، پێشوازی لە بارزانی لە پێگەی سەرۆکی دەوڵەت و هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پەنای ئاڵای تورکیا لە ئەنقەرە و ... هەر هەموویان سەلمێنەری ئەوەن کە تورکیا یارمەتیدەری هەولێر بۆ دیاری کردنی کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بووە.

ئەو کارناسە سیاسییە بە ئاماژە بەوەی کە گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی ئەو سەفەرە زیاتر کاکڵێکی سەربازی و ئاسایشی بووە، جەختی لەوە کردەوە: پێشگری و بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتەکانی پەکەکە، دانوستان سەبارەت بە هەلومەرجی کوردەکانی سووریا، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، هەلومەرجی عێراق و سووریا، داعش، حەشدی شەعبی، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی سنوورەکان و ... بەشێکن لە تەورەکانی ئەو دانوستانانە.

ناوبراو ڕوانیە دەرکەوتە میدیاییەکانی بابەتی ڕێککەوتنی دوو وڵات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و ڕایگەیاند: بە ئاوردانەوە لە تێبینییە جۆراوجۆرەکان، ڕێککەوتنێکی لەو چەشنە نامومکینە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە هاوکاتەکان هەر وەک پێشوو دەتوانێ بەشێک بێت لە ڕێککەوتنەکان.

مەلەکی بە داکۆکی لەوەی کە پشتیوانی تورکیا بۆ داعش تەنانەت بۆ هاوپەیمانانی رۆژئاوایی ئەو وڵاتە سەلمێندراوە، بیری هێنایەوە: زەروورەتی گۆڕینی سیاسەتی ئەنقەرە بە جۆرێکە کە لە ئێستادا تورکیا بە ڕواڵەت لە بەرەی پێشووی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی داعشە.

بە گوێرەی ئەو کارناسە گۆڕانی هەلومەرجی ناوچە، ئێران، تورکیا، سیستەمی نێودەوڵەتی، تێبینییەکان و سیاسەتی دوو وڵات سەبارەت بە پرسەکانی عێراق و سووریا هەموو لە دژی یەکترییە و ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتان بەرهەمی بڕیارە بە پەلەکان نینە و ڕێککەوتنی کاتی دەتوانێ زیانی جیدی بە سیاسەتە درێژ مەوداکانی وڵاتان بگەیێنێت.

تورکیا لە هەمبەر کوردەکان سیاسەتێکی چەندفاقەی گرتۆتە بەر

مەلەکی بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا لە هەمبەر کوردەکان سیاسەتێکی چەندفاقەی گرتۆتە بەر، ئاشکرای کرد: دەبێ هوشیار بین کە نەکەوینە نێو داوی تورکیاوە. ڕاوێژ و سیاسەتی ئەنقەرە لە گەڵ هەولێر بە نیسبەتی ڕابردوو زۆر گۆڕاوە. هەروەها دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین کە سیاسەتی تورکیا هەمبەر بە کوردەکانی سووریا بە پێی ڕێککەوتن و گەڕەنتییەک کە لە ئەمریکا وەری دەگرێت، دەگۆڕدرێت.

ناوبراو بە ئاماژە بە سیاسەتە تاوتاوەکان و گۆڕینی خێرای هەڵوێست و داپەڕە سیاسییەکانی ئەنقەرە، بیری هێنایەوە: تورکیا تا دوێنی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی وەک هۆکاری شەڕی ناوچەیی لێک دەدایەوە و ئەمڕۆ تەواو لەو سیاسەتە خۆی بە دوور گرتووە. هەر بۆیە لێکدانەوە و تێگەیشتن لە سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتان و لەوان تورکیا بەرهەمی گۆڕانکارییە بە پەلەکان نییە، بەڵکوو دەبێ لە هەر هەلومەرجێکدا ئاوری جیدی بدرێتەوە لە پێگەی وڵاتان لە سیستەمی نێودەوڵەتی، ناوچەیی و بارودۆخی ناوخۆیی و لە سەرووی هەموویانەوە شێوەی ڕوانینیان بۆ ئێران.

ئەو کارناسە وێرای داکۆکی لە گرینگیی سەفەری وەفدی باڵای سەربازیی ئێران بۆ تورکیا، هوشداری دا کە نابێ گرینگیی ئەو سەفەرە وەک یەکەم دیداری لەو ئاستە دوای شۆڕشی ئیسلامی، کاریگەری لە سەر گۆڕینی ستراتژییەکانی ئێران دابنێ. دەبێ بەر لە هەموو شتێک لە بیرمان بێت کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ئەوەی کە ئێستادا لە گەڵ ئەمریکا و ئەورووپا ناکۆکی هەیە ڕووداوێکی کاتی و تاکتیکییە و زۆر جیاوازە لە گەڵ ناکۆکییەکان ئێران لە گەڵ رۆژائاوا. تورکیا هیچکات بە بیانووی نزیکبوونەوە لە ئێران ڕیسکی ئاڵۆزتر کردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ رۆژئاوا نادات. هەڵبەت مانۆردان لە سەر پەیوەندی لە گەڵ ئێران بە سوودی ئەنقەرەیە و پێگەی چانەلێدانی لە دانوستانەکاندا دەباتە سەر.

مەلەکی لە درێژەدا سەبارەت بە کاریگەریی سەفەرەکەی سەدار باقری لە سەر هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریاش وتی: ئەوەی کە ئایا تورکیا بڕوای بە هاوکاری لە گەڵ ئێران هەیە، یان هەلومەرجی ئەو وڵاتە ناچاری دەکات بۆ هاوکاری، پاشهاتی جیاوازی دەبێت. وێرانیی سووریا و ڕووخانی ژێرخانەکانەکان و نائەمنیی ئێستاکەی عێراق بە جۆرێک دەسکەوتی سیاسەت و هەڵوێستەکانی تورکیا بووە و لە ئێستاشدا درێژەی هەیە.

ئەو کارناسە باڵایەی پرسە سیاسییەکان جەختی لەوەش کردەوە: پێویستە هەندێک بە تێفکرینی زیاترەوە بڕوانینە ئەو مژارە، هێشتا زەمانێکی زۆر لە سیاسەت و لێدوانە دژبەرەکانی تورکیا و خودی ئەردۆغان هەمبەر بە ئێران تێپەڕنەبووە. ئەوە ناڵێم کە ئێمەش دژی تورکیا بوەستین، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە بە هوشیارییەوە ڕەوتی پەیوەندییەکانمان بە دەستەوە بگرین. خۆ تەسلیمی سیاسەتەکانی تورکیا کردن واتە پێشوازی لە دیواری ئێران تۆقێنەری، پێشوازی لە رێککەوتنی ناچارەکیی یەک لایەنە، داگیرکرانی بازاڕەکانی ئێران لە لایەن کالای تورکی، قبووڵ کردنی قەڵغانی مووشەکی، گۆڕانی هاوکێشەکان بە سوودی ئەنقەرە و ...، هەر بۆیە دەبێ پێش بەو ڕەوتە بگرین.

دەبێ ڕووانینێکی ستراتژیمان بۆ تورکیا و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ناتۆ، جیهان و مەودای ئەوانە لە گەڵ ئێران هەبێت

ناوبراو وتیشی: بە داخەوە هەندێک لە کارەکتەرە کاریگەرەکان لە پەیوەندیی دەرەکیدا زیاتر لەوەی بە دوای بەرژەوەندیی ئێرانەوە بن، بە دوای بەرژەوەندییەکانی تورکیاوەن. ڕەنگە ئاوردانەوە لە لێدوانەکانی باڵوێزی تورکیا لە تاران لەبارەی ئێران و هەڵسەنگاندنی لە گەڵ لێدوانی هەندێک لە بەرپرسان بتوانێ قووڵایی ئەو کارەساتە نیشان بدات.

مەلەکی ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێ ڕووانینێکی ستراتژیمان بۆ تورکیا و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ناتۆ، جیهان و مەودای ئەوانە لە گەڵ ئێران هەبێت.

ئەو کارناسە سیاسییە لە کۆتاییشدا بە داکۆکی لەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا تەنیا بە ڕێزنانی بەرامبەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر بەردەوام دەبێت، ڕوونی کردەوە: تورکیا بە کەڵك وەرگرتن لە بارودۆخی دوای شۆڕش و لەوان شەڕ و گەمارۆ، عادەتی بە سوودبردنی لە شەقامێکی تاک لایەنانە گرتووە و دەبێ بە هەوڵی بەرپرسانی ئێرانی ئەو ڕەوتە بگۆڕدرێت و سیاسەتی بردنەوە – بردنەوەی دوو لایەنە لە بری دابنرێت.

News Code 12254

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 5 =