بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێکخراوی ئەمریکی ناسراو بە سی پی تی لە ڕاپۆرتێکی ورددا دەرئەنجامەکانی هێرشە دەرەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە نێویاندا لێکەوتە ترسناکەکانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچەیەی ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی پی تی، تورکیا لە ساڵی 1991 تا 2024 لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی عێراق بەرپرسیار بووە لە کوژرانی 344 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان و برینداربوونی 358 کەس.
لەو ماوەیەدا سوپای تورکیا بە داگیرکردنی بەشێک لە ناوچەی کوردستانی عێراق ٧٤ بازگە و بنکەی سەربازی لەم ناوچەیەدا دروست کردووە. تورکیا بنکە سەربازییەکانی بۆ ترساندنی خەڵکی ناوچەکە و لەناوبردنی سامانە سروشتییەکانی و بەتەواوی زاڵبوون بەسەر ئەم ناوچەیەدا بەکارهێناوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، تورکیا لە هێرشەکانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەری سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بەکارهێناوە.
هاوکات بە هۆی هێرشەکانی تورکیا بە دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردستانی عێراق لە ١٧٠ گوندی ئەم ناوچەیە کۆچیان کردووە و ڕەنگە بە درێژەی هێرشەکانی تورکیا زیاتر لە ٦٠٠ گوندی دیکە چۆڵ بکرێن.
28%ی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان منداڵ بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی CPT، لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردووی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی عێراق، بە بیانووی بوونی پەکەکە، 79 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 115 منداڵیش برینداربوون.
Your Comment