تورکیا و ئەمریکا لە سەر ڕاگرتنی شەڕ لە باکووری سووریا ڕێککەوتن

ئەمشەو دوای زیاتر لە پێنج كاتژمێر لە كۆبوونەوە، توركیا و ئەمریكا رێكەوتننامەی نێوانیان بۆ راگرتنی شەڕ لە باكووری سووریا راگەیاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و شاندی نێوانیان ئەنجامیاندا، ئەمریكا و توركیا لەسەر ۱۲ خاڵ رێككەوتن سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەكانی توركیا لە باكووری سووریا، كە ئەمانەی خوارەوەیە:

یەکەم: ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی باشووری تورکیا تێدەگات.

دوەم: تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

سێیەم: تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

چوارەم: ئەم دوو وڵاتە بەڵێنیان دووپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

پێنجەم: تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبوون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

شەشەم: تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

حەوتەم: لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەموو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردووەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکوو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

هەشتەم: هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچوونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR۲۲۵۴ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

نۆیەم: هەردوو لایەن ڕازیبوون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

دەیەم: ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

یانزەیەم: لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی ۱۲۰ کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

دوانزەیەم: هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە ۱۴ ی مانگی دەی ۲۰۱۹ دەرچووە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR۲۲۵۴ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتووە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.
هەردوولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوون.

News Code 28946

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 0 =