بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە حورییەت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشە ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنی ناوخۆیی پارتەکەی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێران سەبارەت بە دیداری لە گەڵ ڤیلادیمیر پووتین هاوتای ڕووسیای ڕایگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە ٢٣ی ژانڤیە (٣ی رێبەندان) لە گەڵ پووتین دیدار دەکەم.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی: هەڵبەت پێشتر دانیشتنێکمان دەست پێکردووە و لە گەڵ ڕۆحانی و پووتین دیداری سێ قۆڵیمان دەبێت، بەڵام هێشتا کاتی ئەو دیدارە دیاری نەکراوە.
ئەردۆغان سەبارەت بە کردنەوەی ناوچەی دوور لە شەڕ لە سووریاش وتی: کۆمپانیای زۆرینەسازانی دەوڵەتی تورکیا (TOKİ) دەتوانێ لەو بوارەدا چالاک بێت. ئەگەر هێزی هاوپەیمانی بە تایبەت ئەمریکا پاڵپشتیی داراییمان لێ بکات، ئێمە ناوچەیەکی ئارام بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەکەینەوە. ئەم پلانە هەروەها پێشگری لە کۆچبەری دەکات. تا ئێستا هەنگاوێکی ئیجابی لە بابەتی کردنەوەی ناوچەی ئارام و دوور لە شەڕ هەڵنەگیراوە.
سەرۆکی ئاکپارتی تورکیا وتیشی: من پرسی کردنەوەی ناوچەی دوور لە شەڕم بە مێرکێلی ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا ڕاگەیاندووە و ئەویش پێشوازی لەو پلانە کردووە. لە دانیشتنی گرووپی ٢٠ لەوبارەیەوە گفتوگۆم لە گەڵ بێن سەلمانی جێنشینی عەرەبستانی سعوودیش کردووە و ئەویش بەش بە حاڵی پێشوازی لێ کردووە. بەڵام بە داخەوە پاش ئەوە هیچکام ئەرکەکانی خۆیان ڕانەپەڕاندووە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لەبارەی پێگەی یەپەگە لەو ناوچە دوور لە شەڕە، ڕایگەیاند: یەپەگە گرووپێکی تیرۆریستییە و بۆ ئێمە یەپەگە / پەکەکە هیچ جیاوازییەکیان لە گەڵ داعش نییە.
Your Comment