عەقڵی کوردی و هزری ڕۆژئاوایی!

"وەک زمانناسان دەڵێن: هەر زمانێک میتافیزیک و وزەی بەرزەڕۆیانەی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەمەش بەو واتایەیە کە یەکە کلیل و شاکلیل فامی ئێمە بۆ جیهان لە رێگەی زمانەوەیە"

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، یادداشت؛ عادڵ قادری: ئەگەرچی دەستەواژەی کلاسیک یان کلاسیسیزم ئاماژە و ڕاسانێک بوو بەرەو ئەدەبی کۆنی یۆنان و رۆمی کەوناراو بە تۆخی و شێوازی زەقیشی لە ئیتالیای بوولێڵی بووژانەوە یان رێنێسانسدا بووگە، بەڵام هەنووکە دال و ئاماژەیەکی گشتگیر و جیهانگیرە بۆ شێوازێک لە دەربڕین و تێڕوانینێک لە هەستی و چەشنێکە لە گێڕانەوە و تەعبیر کردن لە جیهان ژینگە و ئەزموونە زۆرتر کۆییەکان، کە لە هەناوی تاکی وەرگێڕدا دێنە گێڕانەوەوە.
بێگومان وەکوو زۆرێک لەو چەمک و دەستەواژانەی کە ڕۆنراو و بەرهەمهاتووی ناو زمانانی ئێمەی رۆژهەڵات بە گشتی و "منی" کورد بە تایبەتی نەبووە، ئەگەری چەواشەبوون و چەواشەفامکردنی بە هۆکارگەلی زۆرەوە دەکرێت وەکوو گریمانەیەکی مێژوویی، دینی، فەرهەنگی و بەهەرە تایبەتی‌تر زمانییە.
وەک زمانناسان دەڵێن: هەر زمانێک میتافیزیک و وزەی بەرزەڕۆیانەی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەمەش بەو واتایەیە کە یەکە کلیل و شاکلیل فامی ئێمە بۆ جیهان لە رێگەی زمانەوەیە و ئەو وتە بەناوبانگ و لە هامانکاتدا لێرەدا زۆر سواوە! واتە "زمان یانەی بوونە" هەردەم لە دەمماندا زرینگەی دێت و لە گوێماندا خشەی دێت! تاقمێک لە زمانناسان پێیان وایە گەر خەڵکی ناو زمانێک! بە شێوازێکی ئایینی بیردەکەنەوە و خەڵکی ناو زمانێکی‌تر پێچەوانەی ئەمەن، هەر دوو حاڵەتەکە بەندن بەو میتافیزیکی زمانییەوە کە هەر لە پێکهاتی زمانی و لق و باڵە هەمەجۆرە زمانییەکان لە وشەسازییەوە تاکوو دەنگناسییەوە و سیستەمی میتۆلوژی و شێوازی تەعبیر و ... دەگرێتەوە. ئایا ئەو ڕستەیەی مارتین هایدیگەر واتە: "زمان یانەی بوونە" کە هاتۆتە ناو زمانی کوردییەوە، هەر هەمان تێگەیشتن و فامی لێدەکرێت کە لە زاراوە و ڕیوایەتە زمانییەکەی ناو زمانی ئاڵمانیدا دەکرێت؟ ئەمە لە پێوەندی لە گەڵ زمانانیتر و بۆ نموونە ئینگلیزیدا چۆنچۆنییە؟
مەبەست لەم ئاماژە کورت و ناتەواوانە ئەوەیە کە کاتێک وشە یان دەستەواژەیەک وەکوو کلاسیسیزم لە ناو فەرهەنگ و میتافیزیکێکی‌تر دێتە کایەوە و پێوەندی تۆکمە و ڕەسەنی بۆ فامکردنی بەندە بەو زمانەوە ئێمە بە وەرگێڕاندن و هەوڵ بۆ تێگەییشتن لەو بارودۆخەی بەرهمهێنی دەستەواژەکە، تا چەندە فام و هەڵگۆستەیەکی ڕەسەن و نزیک لە مانا سەرەکییەکەی خۆیمان هەیە؟ 
هەڵبەت لە ڕوویەکەوە گەڵاڵەکردنی ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە پلەی دووهەم و سێهەمدا بن و لە سیستەمێکی پرسیارسازدا جێگەی یەکەمیان بۆ دانەنرێت، چونکە مێژووی زمانی و تەعبیر و گێڕانەوەی زمانی ئێمە لە ڕۆچنەی بوون یان ئانتۆلۆژییەوە کورت و لاوازە و بگرە و تەنانەت بەریدەیە! واتە هێشتا باشیش نەیوێرابێت ململانێی لەگەڵدا بکات! بۆیە دەکرێت پرسیاری سەرەکی ئەمە بێت کە بۆ نموونە کلاسیک یان ئەو دەستەواژانەی لەم چەشنە لە چ سەردەم و دۆخێکی زەمەنییەوە هاتنە نێو دونیای ئێمەوە و هەر بەو هۆیە و لە سۆنگەی کەش و هەوای ئەو دونیایەوە چۆن مامەڵە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵدا کراوە؟
ڕەنگە زۆرترین کارکرد و دەکارچوونی کلاسیک لە ململانێ و مشت و مڕ و شەڕی نێوان سونەت و مودێڕنیتەدا دەرکەوتووە! ئەگەرچی شەڕە هزری و گوتارییەکان لای ئێمە زۆر دێر دەست پێدەکەن، بەڵام کە دەستیان پێکرد تا خوێنی چەند کەسێکی تێدا نەڕژێت، کۆتایی پێ نایەت! یەکەم هەڵەی گوتاری لەوێدا ڕووی داوە کە چەمکی سونەت و کلاسیک سنوورەکانیان بەزیوە و تاڕادەیەک مەدلوولە ماناییەکانیان هاوبەش و یەکن، هەڵبەت ڕەنگە زۆر جێگای سەرسووڕمان نەبێت چونکە سنوورەکان لێرەدا هەموو چرکەیەک دەبەزێن! دووهەم ئەوەی کە سونەت واتە ترادیشناڵ ئەوەندەی تەعبیر و بریتییە لە ڕەوت و رێباز و پانتایەکی گشتی، ئاماژە نییە بۆ لایەن و رەهەندێکی تایبەت و پێناسەکراو وەکوو کلاسیسیزم. سێهەمیش ئەوەیە کە درێژتەمەن بوونی ئەم دوو هۆکارە دەبێتە هۆی مانەوە و وەستان و شەڕێکی ئەبەدی لە گەڵ خوا و موعجیزەکاندا! 
ئەم پێشەڕۆک و بەراییە بەو مەبەستە بوو کە بەهۆی ئەو دۆخ و خەسارانەی سەرەوە ئێمە ڕووداوە زمانی و زەینییەکانی نێو دونیای خۆمان نابینین و پرسیار لە ناو زمانی مندا و بە زمانی من نایەتە کایەوە، بەڵکوو پرسیار لەوێندەرێ گەڵاڵە دەبێت و لەمێندەرێش وەڵام هەڵاڵە دەبێت!
ئەگەرچی کاتێک ناوی کلاسیک هاتووە و لەهەمبەری دا و لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی کوشندەدا لە گەڵ نوێ دەکار کراوە و لە قۆناغێکدا زۆرتر بار و بارستایی سەلبی و نەرێنی هەبوو، بەڵام لە واقیعدا سامان و میراتێکە لە بوون و تێڕوانینی گرووپ یان دەستەیەکی زمانی بۆ جیهان و دیاردەکانی لە بەستێن و ئاقارێکی بەروەرۆیانە و مێژووییدا. بە هەر حاڵ بە هۆی زۆرەوە و لە سەڕووی هەمووشیان ئەو فام و تێگەشتنە بازنەییە کە لە جەغزی نێوان سونەت و مودێڕنیتەدا سووڕاوەتەوە، ئەدەب و دەق و سامانی کلاسیکی ئێمە، یان لە جیهانێکی بەرتەسکی ئایینی و فەرهەنگی‌دا لەقاو کراوە، یانیش بە هۆی نابەرتەسکی و ڕەنگە دواتەسکی، جیهان و ڕوانینی مۆدێڕن رەشۆیان لە سەر داماڵیوە و بەرەو خورەند دەتلێت. ڕەنگە ئێمە بتوانین بە تێڕوانینێکی‌تر و لە ڕۆچنەیەکی‌ترەوە لەم دوو خەسارە کە هەنووکە داوێنی گوتاری کوردی گرتووە، خۆمان ببوێرین.
من لێرەدا چەند نموونە و فاکتێک دێنمەوە بەو مەبەستەی کە بیسەلمێنم کە 1- گوتاری مودێڕن و نوێی ئێمە بارستایی و قەوارەی دیعایە و بانگەشەکانی ناگاتە زەنگۆڵ گوتارە سونەتییەکان چونکە ئێمە مەحوی و نالی و شێخ ڕەزا و وەفایی و سالم و خانی و فەقێ تەیران و... بە میتۆد و شێوازێک دەخوێنینەوە کە فرە لە سێبەر و گەردی قەڵافەتە سونەتییەکانی تر دەرنەچووە و دەشێت بڵێم کە خوێندنەوەمان نییە، کە ئەم دۆخە دەق گرتووە تێک بشکێنین. بەراستی ئێمە چەند دەقمان لەبەر دەست دایە کە نالی بە شێوازێکی‌تر و جیا لە خوێندنەوەی مەلاعەبدولکەریمی مودەریس خوێندۆتەوە.
خوالێخۆشبوو موسعوود محەمەد لە کتێبی "دەستەو دامانی نالی" وەک خوێندنەوەی خۆی لە شێعری ئەی "جیلوەدەری حوسن و جڵەو کێشی تەماشا/ سەرڕشتەی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا"، دەڵێت: گەڕاندنەوەی مەدلوول و ئاماژەی ئەم شێعرە بۆ لای خوا بە هیچ کڵۆجێک ناکرێت، مەگەر بە زەبری کوتەک! ئەمە لە حاڵێکدایە کە خوێندنەوەیەکەی‌تر راستەوراست بە پێچەوانەی ئەمەیە و وەکوو هەمیشە بە ئاراستە و ئاقاری دەق گرتووی خۆی کە راستەرۆیی و سیراتی موستەقیمە دەچێتە پێش! یان بۆ مەحوی کەی بینیومانە کە خوێندنەوەیەک بخرێتە بەردەم کە تا مرۆڤی هاوچەرخی هەژاندبێت.
هەموو خوێندنەوەکان بۆ مەحوی بەرەو ئاسمان بووگن ئەگەرچی هیچێکیش دانەکات! هۆی چ بوو کە خەییام لە بەرەی شەڕەکانی جیهانیدا بەدەست زۆرێک لە سەربازان و جەنگاوەرانەوە بوو؟! بۆچی هەنووکەش حافزی شیرازی لەزمانی شاملووە وەکوو ڕازێک پێناسە دەکرێت و وشەی رند بەمانای رۆشنبیر لە جیهانی شێعری حافزدا و لە جیهانی شێعرخوێنی خۆی لە قەڵەم دەدات؟ من ماوەیەک هەندێ تێم و ناوەرۆکی نیهیلیزمی و پووچ خوازانە کە بەراستی یەکێکە لە رێباز و وتەزا فەلسەفییەکان کە گشتییەتی گوتاری هزری مرۆیی لە ئووستوورەکانەوە بۆ زانست هەراو کردووە، لە شێعرەکانی مەحوی‌دا دیتەوە، هەر لەو سەروبەندەدا کە سەرقاڵی ئەم خوێندنەوە چەواشەیە بووم، نووسینێکی مەریوان وریا قانعم دەست کەوت کە باس لە نیهیلیزم بوونی مەحوی دەکات! و بەڕێکەوت هەر هەمان شێعری هێنابووە بۆ شیمانەی نیهیلیزم بوونی مەحوی کە منیش ئاورم لێ‌دابووەوە و کردبوومە ناوەندی خوێندنەوەکەم: (لە ناکەس کارییا، خاکم بەسەر، ڕۆیی بە با عومرم/ خودا! تۆ بمژیێنە تا لەبەر قاپیی کەسێ دەمرم) کە هەڵگری بێ تاقەتی و سەرەڕۆیی بوونناسانە یان ئانتۆلۆژیکاڵی مەحویە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە چەمکی ئابزۆرد یان بەتاڵبوونی کامۆی رۆماننووس و بیرمەندی فەرانسەوی نزیکە.
بەتایبەتی لەو قۆناغەی دوایی گەشە و تەکاموڵی کامۆدا کە هەموو بنەما و دیسیپلینەکانی لە دوارۆمانیدا و واتە "ئینسانی یاخی"دا ڕەنگی داوەتەوە. یان لە کتێبی "خوێنەری کوشندە"دا کە کۆمەڵە وتارێکە لە "بەختیار عەلی" لە قەوارەی وتارێکدا خوێندنەوە باوەکان بۆ نالی و تەنانەت خوێندنەوەی نالیش بۆ پرس و کاتاگۆری نیشتمان و تاراوگە و غوربەت هەموو قڵپ دەکاتەوە و بەئاراستەیەکی جیاوازتردا جماوەتەوە. لە وتاری "گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەکوو نالی"دا فام و تێگەیشتنی نالی بۆ نیشتمان و غوربەت لە شێعری "قوربانی تۆزی رێگەتم ئەی بادی خۆش مڕوور" دەباتە ژێر پرسیارێکی جوان و گەورەوە. بەختیار دەپرسێت: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە تێڕوانینمان لەهەمبەر و لەپەیوەندی لەگەڵ غوربەت‌دا بگۆڕین؟ ئایا غوربەت تەنها ئەو مانایەی هەیە کە لە ناو نیشتمان نیت و نیشتمان لەناوت دا نییە یان بوونێکی سڕ و لاواز ئەزموون دەکات لە ژێر زەختی غوربەتەوە؟ ئایا غوربەت تەنها غەریبی و تەریکی لە نیشتمانە یان هەڵگری دیاردە و ئەزموونێکی‌ترە لە بوون و لە سەرزەمینێکی جیاتر و تەنانەت پان بوونی ئاسۆی خەیاڵی مرۆڤ بۆ نیشتمانێکی بەرینتر و دواجاریش بێ نیشتمانی؟ ئەو دەڵێت: من نامەوێ غەریبێک بم وەکوو نالی، چونکە غوربەت پرسیاری گەورە و خوێندنەوەی گەورەی بەدیاری بۆ هێناوە. غوربەت ئاوێنەیەکی داوەتێ کە ڕوخساری واقیعی خۆی بە بێ مەکیاجکردن و خەمڵاندن ببینێت؟ بە هەر حاڵ منیش لە بەختیارەوە بۆ نالی دەپرسم: گەر نەمەوێت غوربەت ئەزموون کەم و نیشتمانم لە ناخمدا هەمیشە هەڵگرم چی؟ گەر نیشتمان بە جوغرافیاوە نەبەستم چی و پەیوەستی مێژووی کەم چی؟
هەڵبەت لەم چەند خوێندنەوە جیاوازانەدا کە لە گوتاری نوێماندا بەرهەم هاتووە، بەختیار عەلی بە شێوەیەکی سەرەنج ڕاکێشتر و جیاوازتر و لە قەوارەی ئەزموونی جیاجیای زمانیدا ئەم خوێندنەوانەی ئەزموون کردووە و خستویەتە ڕوو. بەختیار بۆ تێکشکاندنی خوێندنەوەی فایق بێکەس لە شێعرێکدا کە بۆ وەتەن هەیەتی، هەر بە شێعر، خوێندنەوەکەی ئاوەژوو دەکات کە ئەم دووخاڵ بە یەک تیر دەپێکێت، یەکەمیان ئەوەی کە خوێندنەوەکەی فایەق بێکەس بە شێوازێکی ڕچەشکێنانە دەباتە ژێر پرسیارەوە و دووهەمیش لە ڕووی شێعرییەوە هەموو ئەو شێعرییەتەی فایەق بێکەس دەرژێنێتە ناو شێعرییەتی شێعرەکەی خوێیەوە و جوانترین وێنا لە جیهان ژینگەی خۆی و فایەق بێکەس بەنیسبەت پرسی نیشتمان و وەتەنەوە دەخەمڵێنێت. فایەق بێکەس دەڵێت: (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە/ وەختی بەندی و ئەسارەت وام بە تەوق و کۆتەوە)، بەڵام بەختیار بە فایەق بێکەس و کەسەکانی‌تر دەڵێت: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێ شێوەتم بیر بکەوێتەوە
News Code 22350

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 4 =