دەرچوونی ترامپ لە بەرجام خراپترین بژێرەی ئەمریکا بوو

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە دەرچوونی ترامپ لە بەرجام خراپترین بژێرەی ئەمریکا بووە، وتی: ئەمریکا پێی وایە ئەو شەوەی لە بەرجام چۆتە دەرێ، بەیانییەکەی ئێمەش لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەچینە دەرێ.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەیانیی ئەوڕۆ سێ شەممە لە کۆڕبەندی سەرتاسەریی دەزگای داد ڕایگەیاند: بە بڕوای من دەزگای قەزا و بەرپرسانی نیزام دەبێ ئاکار و ژیانی شەهید بێهێشتی بکەنە نمانەی کاریی خۆیان.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا ئاماژەی بە مادەی ٥٧ی یاسای بنەڕەتی ئێران کرد و وتی: دەزگاکانی بەڕێوەبەری، داد و یاسادانەری ئەهەرچی لە یەکتری سەربەخۆن و یەک لە تایبەتمەندییەکانی دەزگای داد-یش هەمان سەربەخۆییەتی، بەلام ئەو سێیە وەک درەختێک پێکەوە پەیوەستن.

وتیشی: شۆڕشی ئیسلامی ئێمە سەرکەوتنی لایەنێک، حزب یان چینێکی تایبەتیی لە کۆمەڵگادا نەبوو، بەڵکوو سەرکەوتنی سەربەخۆیی و ئازادی و حکوومەتی قبووڵ کراوی خەڵکی ئێمە واتە کۆماری ئیسلامی بوو. پاش ئەو سەرکەوتنە، دوژمنانی ئێمە خێرا دەستیان دایە پیلانگەلی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی نیزامی ئێمە سەقامگیر نەبێت.

ڕۆحانی ڕوانییە دوژمنایەتییەکانی ئەمریکا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە گەڵ گەل و حکوومەتی ئێران و زیادی کرد: ئامانجی دوژمنانی ئێمە لە تەواو قۆناغەکانی پاش ساڵی ٥٧ی هەتاوی تا ئەم دواییە ئەوە بووە کە کۆتایی بە شۆڕشی ئیسلامی بێت و گەلی ئێران هەمبەر بە داگیرکەران سەر دانەوێنێت، وەک بڵێی ئەوان لە ئێرانی ئیسلامی و شۆڕشی و بە توانا وەک هەڕەشەیەک بۆ مانەوە و ئامانجە دزێوەکانیان دەڕوانن.

ڕاشیگەیاند: هەموو شەڕەکانی ئەم چەند ساڵە لەبارەی پرسی ناڤۆکی بووە و ئەوەی کە ئایا دۆسیەی ناڤۆکیی ئێران ئەمنییە یان تەکنۆلۆژی و ئابووری. ئەمریکا و هەموو لایەنگرانی دەیانەویست بڵێن کە تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی ئێران چالاکییەکی ئەمنییە و درێژەی ئەو رێگەیە لە ڕوانگەی یاساگەلی نێودەوڵەتی ناشەرعییە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش دا: ئەمڕۆ دۆسیەی ناڤۆکی ئێران ئەمنی نییە و ئێران مافی پیتاندنی ئاشتی‌خوازانەی هەیە ەک ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئێرانی داوە و ئەوە دەسکەوتێکی یەگجار گەورەیە.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە گەمارۆی یەک لایەنەی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران ڕوونی کردەوە: ئەمریکا لە ساڵی ٩٤ەوە سەبارەت بە دۆسیەی ناڤۆکی ئێران پیلانگەلی جۆراوجۆری گرتۆتە بەر و پابەند بە بەڵێنەکانی خۆی نەبووە. ئامانجی یەکەمی ئەمریکا لەو کارە ئەوە بوو کە ئێمە بە بیانووی بێ بەڵێنییەکان دەست هەڵگری بەرجام بین و ڕێخۆش بکەین بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکان و دۆسیەکەی ئێمە سەر لە نوێ ئەمنی بێتەوە. هەنگاوی دووهەمیان هان دان و ناچار کردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بوو و بۆ ئەو مەبەستە دیدار و سەردانێکی زۆر لە لە نێوان نیۆیۆرک و ڤییەن ساز بوو بۆ ئەوەی بەڵگەیەک دەست بخەن کە تێیدا ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، لەو رێگەشدا سەرنەکەوت. سێهەم هەنگاوی ئەمریکا ڕازی کردنی ئەورووپا بۆ دەرچوونی لەو ڕێککەوتنە بوو، بەڵام ئەورووپا نەچووە ژێرباری ئەو بڕیارە و ئەوە بوو کە ترامپ ڕووی لە خراپترین و ناحەزترین بژێرە کە هەمان دەرچوونی یەک لایەنەی ئەمریکا لە بەرجامە، نا.

وتیشی: تەواو هیوای ئەمریکا ئەوە بوو کە بەیانیی ئەو رۆژەی لە بەرجام دەچێتە دەرێ، ئێران دەرچوونی لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیێنێت، هەتا بە دەرچوونی ئێمە، دۆسیەکەی ئێران بنێردرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسیش دان بە سەرپێچکاریی ئێراندا بنێت. بەڵام لەوبارەشەوە ئەمریکا سەرنەکوت.

سەرۆک کۆمار جەختی کرد: ئێمە ئەمڕۆ چ لە بابەتی سیاسی و یاساییدا لە دۆخێکی سەرکەوتووانەداین، بەڵام ئەمریکا وەک هەمیشە دەیەوێ بە شێوەیەکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێران و پرستیژی گەلی ئێران تێکبشکێنێت. بەڵام گەلی خۆڕاگر و سەربەزی ئێران هیچکات لە شەڕی دەروونی و ئابووری و سیاسییەک کە ئەمریکا خستۆیەتیە ڕێ، شکست ناهێنێت و لە ئامانجەکانی خۆی سڵ ناکات.

سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەری لە بەشێکی دیکە لێدوانەکانی ڕوو لە بەرپرسانی دەزگای داد ڕایگەیاند: ئێوە پاسەوانانی کۆمەڵگای تەندروستن و ئێوەن کە دەبێ کارێک بکەن کە هیچ تاوانبارێک هەست بە ئاسایش نەکات و جگە لەو کەسەی کە تاوانەکەی سەلمێندراوە، کەسی دیکە هەست بە بێ ئاسایشی نەکات.

ڕاشیگەیاند: بۆ ئەوەی لە نێوان خەڵک و نیزامدا متمانە ساز بێت، دەزگا داد یەکێک لەو دەزگایانە کە لە بوارەدا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە. کەواتە دەزگای داد و بەرپرسانی داد دەبێ بە توانا و جێی ڕێزی هەمووان بن. ئەگەر دەزگای داد شکست بێنێت، متمانەی خەڵکی دەڕووخێت، ڕێک وەک شکست هێنانی دەزگاکانی یاسادانەری و بەڕێوەبەری.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە بوونی ٥ تا ٦ ملیۆن کەسی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات و سازدانی فەزایەکی ئەمن بۆ گەڕانەوەی زۆربەی ئەو کەسانە، داوای لە بەرپرسانی دەزگای داد کرد کە هەلی گەڕانەوە بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنن و وتی: ئەگەر ئەو ٥ یان ٦ ملیۆن کەسە ساڵی دووجار بگەڕێنەوە، ئابووریی ئێمە باش دەبێت و ئەمریکا لە پاگەندەکانیدا شکست دێنێت و هاوکات خود ئەو کەسانە دەبنە باڵوێزی ئێران. هەر بۆیە پێویستە هەندێک فەزا کراوەتر بکەین.

سەرۆک کۆمار لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕوانییە پرسی ئابووریی وڵات وتیشی: داهات و تێچووەکانی ئێمە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو بە نیسبەتی ماوەی هاوشێوەی لە ساڵی ڕابردوو لە سەدا ٥٠ زیادی کردووە. ئاستی دۆلارێک کە هاتۆتە خەزێنەوە، زیاتر بووە؛ کەواتە بۆ نیگەرانین؟ ئەوە هەمان چاوەروانیی هەڵاوسان و ڕەش‌نواندن و نیگەران کردنی خەڵکی بە نیسبەتی داهاتووە.  

ڕاشیگەیاند: مومکینە ئەوانە نیگەرانیی لە سەدا ٥ی خەڵکی بێت، بەڵام دوژمنان و نەفامانی ناوخۆ دەیانەوێ ئەو نیگەرانییە بۆ سەداسەدی خەڵکی بارگاوی بکەن. ڕەنگە ئێمە کەمایەسیی باران بارینمان هەبێت، بەڵام تمەن و دۆلاری ئێمە کەم نەبۆتەوە. هەڵبەت دەوڵەت فیکر و پلانی باشی بۆ پرسی ئاویش هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: فەرمانم داوەتە بانکی ناوەندی کە دراو دەداتە هەر کەسێک لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی بکاتەوە. دەبێ لە فەزای مەجازی بە باشی کەڵك وەرگرین. ئەو لە کاتێکدایە کە ئەو فەزا مەجازییە هەلی کار و دامەزرانمان بۆ دەڕەخسێنێت.

ڕۆحانی لە کۆتاییشدا دەستخۆشیی کە یاریزانانی هەڵبژاردەی نەتەوەیی تۆپی پێی ئێران لە یارییەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ی ڕووسیا کرد و بیری هێنایەوە: هەموو یەکدڵ و یەکدەنگ پاڵپشتیمان لە یاریزانەکانمان کرد و لەو سێ یارییەدا سەرکەوتنێکمان مسۆگەر کرد. ئەو پاڵپشتییە نیشانی دا کە گەلی ئێمە دەست هەڵگری بەرژەوەندییەکانی، سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری ئیسلامی و شۆڕشەکەی نابێت.

News Code 19813

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =