به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له خهندان، ئهم خهڵاته له شاری دۆرتمۆندی ئاڵمانیا پێشکهش به ڕۆمانووسی کورد، بهختیار عهلی کراوه و خهڵاتێکی ناسراوی ئهدهبی له وڵاتی ئاڵمانیایه.
ههروهها بهم بۆنهوه وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژهی دا که بەخشینی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی ئەڵمانی لە بواری ئەدەبی بە نووسەر و ئەدیب بەختیار عەلی بەرز دەنین ھاوکات بەگرنگیشی دەزانین کە ناوی نوسەرێکی بە توانا و خاوەن سەلیقەیەکی ئەدەبی پڕ لەداھێنان، دەچێتە ڕیزی ژمارەیەک ئەدیب و نوسەری ناسراوی جیھان، بڕواشمان وایە بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کە شایستەیی ئەوەیە ھەڵگری ئەو خەڵاتەو خەڵاتی تری جیھانی بێت.
خەڵاتی نیللی زاکس دوو ساڵ جارێک لە شاری دۆرتمۆرد لە ئەڵمانیا دەدرێت بەو نوسەرو ئەدیبانەی کە جێدەستیان لە داھێنان و بەرقەرار کردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتنی نێوان گەلاندا دیارە. بۆ یەکەمجار دنیای ڕۆمانی کوردی لەڕێگەی بەختیار عەلییەوە تێکەڵ بە ئەزموونی جیھانی بووه و بۆ یەکەمجاریشه ڕۆماننوسێکی کورد ئەم خەڵاتە وەردەگرێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی رۆشنبیریی لە بارەی بەختیار عەلیەوە نووسی: کارهکانی بهختیار عهلی وەکو دیاردەیەکی ئەدەبی، دیاریکرواتریش وەکو رۆماننووسێک، بۆ جوگرافیایەکی جیھانی درێژ دەبێتەوە و دوای ماوەیەکی کەم لە وەرگێڕانی بەشێک لە نووسینەکانی بۆ زمانی ئەڵمانی، توانی پێگەیەکی باش لە تاراوگە دروست بکات و ئەمڕۆش گەیشت بەو ئاستە جیھانیە. ئەو وەک چۆن لەوەدا سەرکەوتوبوو بە توانای تاکەکەسی خۆی گۆڕانکاری گەورە لە بواری نووسین و فیکر و بونیادی دەربڕینی زمانی کوردیدا بکات، ئاواش بە داھێنانەکانی توانی لە ئاستی لۆکاڵی بپەڕێتەوە و تێکەڵ بەڕۆشنبیری و دنیای ئەدەبی مۆدێرن ببێت.
بەختیار عەلی لە دایکبووی ساڵی ۱۹۶۰ی شاری سلێمانییەو ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی. جگە لە بواری رۆمان کە خاوەنی نۆ رۆمانی بڵاوکراوەیە، هاوکات چەند کتێبێکی تیۆریی و رەخنەیی هەیە و تا ئێستا چەند دیوانە شیعرێکیشی بڵاو کردوەتەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دوو رۆمانی بەختیار عەلی بە ناوەکانی "دواهەمین هەناری دونیا" و "شاری مۆسیقارە سپییەکان" کران بەئەڵمانی و لە لایەن خوێنەرانی ئەڵمانزمانەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوه.
Your Comment