ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودوڵەتی: مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، لە گفتوگۆ لەگەڵ کانتا ئەحمەد، پزشک و توێژەری باڵای ئەنجومەنی ژنانی سەربەخۆ و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەمریکا، باسی لە گرینگترین پرسەکانی سووریا و کوردستانی سووریا لەپاش کۆتایی شەڕی ناوخۆیی و ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد کرد.
کەمپی هەول: قەیرانی خامۆشی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا
کۆبانی وتی: لەو کاتەوە سەرۆککۆمار ترامپ یارمەتیگەلی (USAID)ی کەمکردۆتەوە، ئێمە هێزی مرۆیی و پاڵپشتییەکی زۆر کەمترمان بۆ ئیدارەی کەمپی هەول هەیە. بۆیە ئێستا هەسەدە ناچارە لە بوودجەی خۆی بۆ ئاسایشی ئەو کەمپە تەرخان بکات و ئەوەش واتە تەرخاندانی سەرچاوەگەلێک بۆ ئەو کارە کە خۆمان بۆ بەرگری لە ناوچەکانمان پێویستمانە.
سووریا لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدا
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە درێژەدا باسی لە ناوەندسڕینەوە لە سووریای نوێ کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گرینگ داین و سووریا هەنگاوی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانە لە ئاستی نێودەوڵەتی هیچ لە ڕاستییە دژوارەکانی مەیدان کەم ناکاتەوە.
ناوبراو لەبارەی هەڕەشەی داعش زیادی کرد: داعش هێشتا زیندوو و چالاکە و ئێمە بەر لە هاتنی هاوپەیمانی جیهانی لە دژی داعش ڕاوەستاین و ئەوڕۆکەش کە شانە نووستووەکانی داعش لە سەرهەڵدانەوەدان، ئێمە لە ڕەقە، دیرزور و ناوچەکانی تر هێزەکانمان قوربانی دەبن.
ڕاشیگەیاند: زیاتر لە 26 هەزار ناوەندی ڕاگرتن و سێ زیندانی گەورە کە سەرجەم نزیکەی 10 هەزار زیندانی پیاوی داعشی لەخۆ گرتووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە و ئەمانە هەموو کەسانێکی زۆر مەترسیدران.
ئەمریکا پاڵپشتی کورد دەکا، بەڵام کەم
کۆبانی هاوکاریی نزیکی هێزەکانی لەگەڵ ئەرتەشی ئەمریکا نرخاند و جەختی کرد: ئەرتەشی ئەمریکا هەوڵ دەدا تەرکیزی لەسەر شەڕ لەگەڵ داعش بێت، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتیی سیاسیی زیاترە لە کۆنگرە و ئەو پاڵپشتییە گرینگە. دیارە ترامپ دەیەوێ سووریا بەهێزتر بکات و بۆ ئەو کارە دەبێ پاڵپشتی لە هەسەدە بکات و هەسەدەش دەبێ هاوکات بەشێک بێت لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش و بەشێک لە دەوڵەتی نوێی سووریا بێت.
ڕێککەوتنی 10ی مارچ؛ بواری ئاوێتەبوون لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە درێژەدا ڕوانییە بابەتی ڕێککەوتنەکەی 10ی مارچ لە نێوان دەوڵەتی کاتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بۆ ئاوێتەبوونیان لە پێکهاتەگەلی سەربازی و مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئاگربڕێکی کۆگر، و وتی: هەسەدە پێکهاتەیەکی گەورە و ئاڵۆزی هەیە. ئێمە نزیکەی 100 هەزار هێزمان هەیە کە 70 هەزاریان شەڕڤان و 30 هەزاریان هێزی ئاسایش و پۆلیسن و لە بەرەی پێشەوەی بەرگری لە ناوچەکانی خۆیانن.
کۆبانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی ڕێککەوتنەکان و گفتوگۆکانی لەگەڵ تام باراکی ناردەی تایبەتی ترامپ و فەرماندەکانی ئەرتەشی ئەمریکا، بڕیار وایە هەسەدە سێ کەتیبە و دوو یەکینەی تایبەتی بۆ ئاسایشی سنوورەکان و یەکینەی ژنان لای خۆی گلداتەوە و وتیشی: ئەمریکا ئێستا تێگەیشتووە کە پاراستنی ئەو پێکهاتەیە بۆ ئێمە زەروورییە و نابێ یەکپارچەییمان لەناو بچێت.
نیگەرانی بۆ سیاسەتەکانی ئەحمەد شەرع
ناوبراو وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی هەمبەر بە دەوڵەتی کاتی دیمەشق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی ئەمریکا نابێ بەبێ مەرج بێت. ئێستاکە هیچ مەرجێکی دیار بۆ ئەحمەد شەرع ڕەچاو نەگیراوە، لە کاتێکدا شەرع پێشینەی فەرماندەیی تەحریرولشامی هەبووە و ئێمە باشیان دەناسین و ئێرە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان بووە. ئەوان هەمان کەسانێکن کە عەلەوییەکان و درۆزییەکانیان کۆمەڵکوژ دەکرد و لە گرتە ڤیدئۆییەکانیاندا هەڕەشەیان دەکرد کە: "ئەمجار نۆرەی کوردەکانە".
هەسەدە هاوپەیمانییەک بەپێی فرەچەشنی
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە بەرامبەردا باسی لە پێکهاتەی فرەئیتنیکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کرد و بیری هێنایەوە: ئێمە هاوپەیمانییەکمان لە کورد، عەرەبی سکۆلار، مەسیحی و گرووپە جۆراوجۆرەەکان هەیە، هەر بۆیە ناوکۆکیی ناوخۆییەکی کەمترمان هەیە. هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوتی ئاوێتەبوون لە پێکهاتەی نوێی سووریا. بۆ وێنە ئەوان یەکینەی ژنانیان نییە و ئێمە ناتوانین ژنانی شەڕڤانمان لە هێزەکانمان جودا بکەینەوە.
2026؛ ساڵی دیاریکەری داهاتووی سووریا
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەحمەد شەرع ئەگەر ژیرانە هەڵسوکەوت بکا و وەڵامی پیداویستیی خەڵکی سووریا بداتەوە، دەتوانێ سەرکەوێت، ڕایگەیاند: ساڵی 2026 ساڵێکی دیاریکەر دەبێت و دیمەشق دەبێ بزانێت کە عەلەوی، درۆزی و عەرەبی سکۆلار پاڵپشتی لە هەسەدە دەکەن و زێدۆڕۆیی جێیەکی لە کۆمەڵگای سووریادا نییە و بەرهەمی شەڕە.
مەزلووم کۆبانی لە کۆتاییدا جەختیشی کرد: ئەمریکا دەبێ ڕۆڵێکی هاوسەنگتر بگێڕێت. هیچ جێگرەوەیەک بۆ هەسەدە نییە و ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکاریی دیارتر و بەرچاوترە لە شەرع، نەک بە بەڵێنەکانی.
Your Comment