ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به‌ به‌رجام پشتگری له‌ ئه‌مریکا ناکات

ریچارد نیفۆ بە ئاماژە بەوەی کە هەندێ کەس لە ئەمریکا پشکنینی ناوەندە سەربازییەکانی ئێرانیان کردۆتە بیانوویەک بۆ دەرچوون لە ڕێککەوتنی بەرجام، وتی: ئەورووپا بۆ پێشێل کردنی بەرجام پشتگری لە ئەمریکا ناکات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی- جەواد حەیران نیا و مریەم خورمایی: ئەمریکا لە حەوتەی ڕابردوودا وەڵامێکی توندی لە ئاژانسی وەزەی ناڤۆکی وەرگرت. سەرەڕای پێداگریی "نیکی هیلی" باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێویستیی پشکنینی سایتە سەربازییەکانی ئێران، ئاژانس نە تەنیا بۆ جارێکی دیکە جەختی لە پابەندبوونی تاران بە بەرجام کردەوە؛ بەڵکوو ڕایگەیاند کە بە پێویستی نازانێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی، ببێتە دارەدەستی واشنتۆن.

لە ڕاستیدا ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕای گشتیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەوە ڕازی بکات کە ئێران چالاکیی شاراوە ئەنجام دەدات و بە ڕێککەوتنی لە گەڵ پێنج کۆ یەک پابەند نییە. بیانوویەک کە رێگە خۆش دەکات بۆ پێشێل کردنی بەرجام لە لایەن واشنتۆن و بێدەنگ کردنی دەنگی ناڕەزایەتیی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی.

هەر لەو پێناوەدا هەواڵنێری مێهر دیمانەیەکی لە گەڵ "ریچارد نیفۆ" هەبووە کە بە پلان داڕێژەری تۆڕی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ناوی لێ دەبرێت.

نیفۆ دەرچووی توێژینەوەگەلی سیاسەتە ئەمنییەکان لە زانکۆی "جۆرج واشنتۆن" و ئەندامی پێشووی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا لە دانوستانە ناڤۆکییەکان لە گەڵ ئێرانە و ماوەیەکیشە وەک هاوئاهەنگکاری باڵای سیاسەتگەلی گەمارۆی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا ئیش دەکات.

نیفۆ هەروەها ماوەیەکە لە پۆستی بەڕیوەبەری بەشی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپیدا چالاکە. ناوبراو لە ئێستادا توێژەری ناوەندی زانستیی وزەی جیهانی لە زانکۆی "کۆلەمبیا"ی نیۆیۆرکە.

* عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی ڕیکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ماوەیەک لەوە پێش لە وتووێژ لە گەڵ "العالم" جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری داپەڕە شیمانەییەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ دەرچوون لە ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران ئامادەیە تا کاتی مانەوەی یەکێتی ئەورووپا لەو ڕێککەوتنەدا، پابەەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت. لە ڕاستیدا ئێران هەوڵ دەدات سەرەڕای نابەڵێنیی ئەمریکا هەمدیسان بەرجام بپارێزێت. چ ئاستەنگێکی فەنیی لەوبارەدا لە گۆڕێدایە و ئایا تەواو کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە گەڵ دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، ناچارن پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن؟

ـ ئەوەی کە بەڕێز ساڵحی پێشنیاری بەردەوامبوونی جێبەجێ‌کردنی بەڵێنییەکان لە لایەن ئێران هەمبەر بە بەرجامی وەک مەرجی پابەندبوونی ئەورووپا خستۆتە ڕوو، جێی ڕێز و مایەی پاوەجێی و ئاسایشی زیاتر لە ئاستی ناوچەیە.

بەوەشەوە، ئەگەر کۆمپانیا ئەورووپییەکان حەزیان لەو کارە نەبێت؛ ڕەنگە ئاستەنگی بەردەم وەدی هاتنی پێشنیارێکی لەوە شێوەیە زۆر بێت. چونکا لەو حاڵەدا تەنانەت  ئەگەر دەوڵەتەکانی ئەورووپیش پابەندی بەرجام بن، کۆمپانیاکانی ئەورووپی ناچار بە پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە نین.

ئەگەر کۆمپانیا ئەورووپییەکان حەزیان بەو کارە نەبێت، دەوڵەت ئەورووپییەکان ناتوانن ئەوان بۆ بازرگانی کردن لە گەڵ ئێران ناچار بکەن و ئەمە دەتوانێ کێشە و گرفتێک بێت لە بەردەم بەرجام و دەوڵەتی ئێران.

* ئەگەر ترامپ لە بەرجام بچێتە دەرێ، ئەگەرچی ئەو کارە نامومکین دەنوێنێت، بەڵام کاردانەوەی ئەندامانی دیکەی پێنج کۆ یەک چۆن دەبێت؟

ـ من لە سەر ئەو بڕوایەم کە وڵاتانی پێنج کۆ یەک خۆ دەبوێرن لە قبووڵ کردنی بڕیاری ئەمریکا بۆ دەرچوون لە بەرجام، مەگەر ئەوەی کە بڕیارەکە بە پێی نیشانگەلێکی ئاشکرای پێشێل کرانی ڕێککەوتنەکە لە لایەن ئێرانەوە دەرکرا بێت.

* لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ جارێکی دیکە داکۆکی لە پابەندبوونی ئێران بە بەرجام کراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانس پشکنینی ناوەندە سەربازییەکانی بە پێویست نەزانییەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە "نیکی هیلی" باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دواییەدا سەردانی ئاژانسی کردووە بۆ ئەوەی کە ڕازیان بکات بۆ پشکنینی ناوەندە سەربازییەکانی ئێران و بە هۆی ناڕازی بوونی ئێران بەو کارە، واشنتۆن دەتوانێ ئیدعا بکات کە ئێران بەرجامی پێشێل کردووە. لە ڕاستیدا ترامپ دەیەوێ بەرجام بە تێچووی ئێران پێشێل بکات. بە سەرنجدان بەوەی کە لە باری یاسایی و فەنییەوە ئەمریکا شیاوێتی داخوازی بۆ پشکنینی ناوەندە سەربازییەکانی ئێرانی نییە و ئەو بڕیارە دەروەستی بە ئاژانس و بەڵێنەکانی ناو بەرجامەوە هەیە، ئایا ئەو داپەڕەی ئەمریکا گەمەیەکی سیاسی بە ئامانجی دیاری کراو نییە؟

ـ ڕاشکاوانە بڵێم؛ بە بڕوای من لە بەرجامدا داکۆکی لەوە کراوە کە ئەگەر لە وەڵامی پرسیاری دیاری کراو هاوپەیوەند بە هاوسەنگبوونی ئێران و ڕیککەوتنە پادمانییەکان یان بەرجام، کارێکی لەو چەشنە پێویست بێت؛ ئێران دەبێ مۆڵەتی سەردان کردن و دەست گەیشتن بە ناوەندەکانی خۆی و لەوان ناوەندە سەربازییەکانی بە  ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدات. ئەم بابەتە لە هەر دوو ڕێککەوتنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا کە وڵاتانی دیکەش هاوشێوەکەیان لایە، هاتووە و دیسان داکۆکی دەکەم کە سەبارەت بە بەرجامیش ئەو بڕیارە بە هەمان شێوەیە.

بەوەشەوە، لام وایە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەندێک کەس لەو بابەتە وەک بیانوویەک دەڕوانن بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە ڕازی بکەن کە ئێران شتێک دەشارێتەوە و بەو جۆرە پاساوێک بۆ چوونەدەر لە بەرجام بهێننەوە.

ئاسانترین کاری مومکین بۆ ئەوەی کە ئێران ئاستەنگ بخاتە بەردەم ئەو کارە، ئەوەیە کە مۆڵەتی سەردان کردن و پشکنینیان پێ بدات. ئەگەر ئێران شتێکی بۆ شاردنەوە نییە، کەواتە نابێ کێشەیەکی لە گەڵ مافی دەست گەیشتن و پشکنینی ناوەندەکانی لە لایەن ئاژانسی ئەتۆمییەوە هەبێت.

* ئەگەر ترامپ لە ڕاپۆرتی داهاتووی خۆیدا دەرچوون لە بەرجام ڕابگەیێنێت، بەرجام چی لێ دێت و ئاڵتەرناتیڤی ترامپ بۆ بەرجام چی دەبێت؟

ـ نازانم ئاڵتەرناتیڤی ترامپ چییە و ڕاشکاوانە دەڵێم، بڕوا ناکەم دەوڵەتی ترامپ کارێکی لەو شێوەیە بکات. لام وایە ئەوان لە سەر ئەو بڕوایەن کە جێگا بۆ دانوستان سەبارەت بە "ڕێککەوتنی باشتر" هەیە، بەڵام من بە ڕاستی لەوبارەوە گومانم هەیە.

* سەبارەت بە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، کاردانەوەی شیمانەیی ئێران چۆن دەبێ؟

ـ لام وایە ئێران تا ماوەیەک هەر بەو شێوەی دوکتۆر ساڵحی پێشنیاری داوە، پابەندی بەڵێنەکانی هەمبەر بە بەرجام دەبێت. بەڵام دڵنیام کە هەنگاوی دواتری ئێران دەروەستی بەوەوە هەیە کە دۆخەکە دوای بڕیاری ترامپ چۆن دەبێت.

News Code 12569

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 4 =