بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یووسف کانلی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ یەتکین ڕیپۆرت ئاوڕی داوەتەوە لە پاشهاتی گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەر پێوەندییەکانی تورکیا بەتایبەت نیگەرانی دەوڵەتی ئەنقەرە لە بابەت هیزەکانی یەپەگە لە کوردستانی سووریا، ناکۆکییەکان سەبارەت بە سیستەمی بەرگریی ئێس 400، بێبەشکرانی تورکیا لە پڕۆژەی ئێف 35 و گەمارۆ سەربازییە هاوپەیوەندەکان بە کڕینی سیستەمی بەرگری لە ڕووسیا.
کانلی لەو ڕاپۆرتەدا لە ژێر ناوی "هەڵبژاردرانەوەی ترامپ چ کاریگەرییەکی لە سەر پێوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکادا هەیە" بە ئاماژە بە پرسی کوردستانی سووریا و پاڵپشتی ئەمریکا لە یەپەگە وەک پرسە هەستیارەکان لە پێوەندیی تورکیا و ئەمریکا، ڕایگەیاند: ترامپ لە قۆناغی یەکەمی سەرۆک کۆماریدا بەڵێنیی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریای ورووژاند و ئەمە بووە هۆی دڵخۆشی تورکیا بۆ کەمبوونەوەی توانای یەپەگە لە باکووری سووریا؛ بەڵام ئەو کشانەوەیە بەتەواوی مسۆگەر نەبوو و ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیی یەپەگە.
ڕاشیگەیاند: تورکیا کە بوونی یەپەگە لە سنوورە باشوورییەکانی خۆی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت، هیوادارە لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردرانەوەی ترامپ، ئەو پاڵپشتییە کۆتایی پێ بێت. ئەگەرچی دژوارە ئەمریکا لە ناوچە نەوتییەکانی سووریا بکشێتەوە و ئەمەش ڕەنگە پەرە بدات بە نیگەرانییەکانی تورکیا و ببێتە هەوێنی قووڵتربوونەوەی ناکۆکیی ئەنقەرە-واشنتۆن.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە بەشێکی تر لە ڕاپۆرتەکەی ئاماژەی بە پرسی کڕینی ئیس 400 لە ڕووسیا وەک مژارێکی تری جێناکۆکیی تورکیا و ئەمریکا کردووە کە بە هۆی ئەو ناوی تورکیا لە لیستی کڕیارانی ئێف 35 سڕاوەتەوە و هاوکات بەرەوڕووی گەمارۆکانی CAATSAی ئەمریکا بۆتەوە. ئەگەرچی چارەنووسی ئەو دۆسێیەش لە دەوڵەتی دووەمی ترامپدا ناڕوونە؛ چونکە تورکیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەروەستی بە ڕۆژئاوا، تەرکیزی خستۆتە سەر پەرەدان بە پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و هەوڵی چێکردنی فرۆکەی جەنگی ناوخۆیی دەدات.
یووسف کانلی لە درێژەدا دەڕوانێتە پرسەکانی تری وەک ناکۆکییەکانی مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی و پاڵپشتیی ئەمریکا لە یۆنان و قێبرێس و هەروەها بابەتە هاوپەیوەندەکان بە ئیسرائیل و سیاسەتە ناوخۆییەکانی ترامپ هەمبەر بە موسڵمانان کە دەتوانێ ئاستی پێوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لەوەش ئاڵۆزتر بکات.
کانلی لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا بەو ئەنجامە دەگات کە هەڵبژاردرانەوەی دووبارەی ترامپ بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەتوانێ هەم هەڵگری دەرفەتی نٶی بۆ تورکیا بێت و هەمیش چالنچی دووبارە بخاتە بەردەم دەوڵەتی ئەنقەرە و دەڵێ: بە ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی نەتەوەپەرەستانەی ترامپ و تەرکیزی لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، پێدەچێ ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات هەر بەردەوام بمێنێتەوە و تورکیا ناچار بێت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ترامپ، بەدوای هاوپەیمانییەکی ناوچەیی نوێ و تۆکمەی ستراتژیی بەرگریی سەربەخۆ بێت.
Your Comment