AP ١٤٠٥ گەلاوێژ ١٤ ٠٧:٣٥

هەرێمی کوردستان لە جیهاندا یەکەمە؛ 655 ڕۆژ بێ حکوومەت و بێ پەڕلەمان!

هەرێمی کوردستان لە جیهاندا یەکەمە؛ 655 ڕۆژ بێ حکوومەت و بێ پەڕلەمان!

خەریکە بۆ دووساڵ دەچێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆهەم ماوەی بەسەر چووە و سەرەڕای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەڕلەمانیش، هێشتا حکوومەت پێکنەهاتووە و درگای پەڕلەمانی کوردستان گاڵە دراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بە گوێرەی یادداشتێکی سەرنووسەری ئەلمانیتوور، لە کاتێکدا کە حکوومەتی ناوچەیی برۆکسل توانی دوای ٦١٣ ڕۆژ کۆتایی بە بنبەستی پێکهێنانی حکومەت بهێنێت و دوای ٦٣٩ ڕۆژ حکومەتی خۆجێیی ئێرلەندای باکوور پێکهات، هەرێمی کوردستان ئێستا ژمارەیەکی پێوانیی بۆ بێ حکوومەتی تۆمڵر کردووە لە جیهاندا و بەبێ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە 655 هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

شەشسەد و پەنجا و پێنج ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکنەهاتووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە کە تەنانەت درێژترین ماوەکانی بنبەستی سیاسی لە ئەوروپا تێدەپەڕێنێت.

بەڵام بەپێچەوانەی نموونەی هاوشێوە، هەرێمی کوردستان بە بێ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەردەوامە لە حوکمڕانی حکوومەتە کۆنەکە، ڕاستییەک کە دەبێت بەدوای ڕەگەکانیدا لە پێکهاتەی دەسەڵاتی هەرێمدا بگەڕێت، دابەشکردنی هەژموون و دەسەڵاتی جوگرافی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕانی یەکمایەتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
حکومەتی نۆیەم بە دەسەڵاتی تەواوەوە بەردەوامە لە کارکردن. لەم ماوەیەدا ئەم حکومەتە گرێبەستی گرنگی بەستووە و بڕیاری دارایی درێژخایەنی داوە و هەرگیز خۆی بە "حکومەتی پێشوو" نەزانیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە بڕیارەکەی ژمارە ٢١٣ی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕوونی کردبووەوە کە حکومەتی فیدراڵی تەنها دوای کۆتایی هاتنی ماوەی یاسادانانەکەی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کاروباری ڕۆژانەی ئەنجام بدات و مافی ئەوەی نییە بڕیاری ستراتیژی یان بەڵێنی درێژخایەن بدات. بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی هاوشێوە سەبارەت بە حکومەتی هەرێم دەرنەچووە و جێبەجێ نەکراوە.
لە هەمان کاتدا پەرلەمانی هەرێمیش بە شێوەیەکی کاریگەر بوونی نەماوە. پەڕلەمانتاران تەنها جارێک کۆبوونەتەوە، واتە لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بۆ سوێندخواردن؛ دانیشتنێک کە سەرەتای پێدانی مووچەکانیان بوو، بەڵام لەو کاتەوە پەرلەمان کۆنەبۆتەوە. ئەم دامەزراوەیە نە سەرۆک و نە سەرۆکایەتیی هەیە، نە کۆمیسیۆنە تایبەتەکانی پێکهێنراون، تەنیا مووچەکانیان وەردەگرن.
هۆکاری ئەم دۆخە دەبێت لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لێکبدرێتەوە.

هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران ئەرکانی سەرەکی حکومەتن، بەڵام بە کردەوە بڕیاری سەرەکی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیدا دەدرێن و دامەزراوە فەرمییەکانیش تەنها ڕۆڵی تۆمارکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەو دوو حزبە دەگێڕن.
نموونەیەکی ڕوونی ئەم دۆخە لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕوویدا؛ کاتێک پەرلەمان هەوڵیدا پێداچوونەوە بە کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیدا بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لە هاتنی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ هەولێر و چالاکییەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ ڕاگیرا. ئەو ئەزموونە نیشانی دا کە دامەزراوە فەرمییەکان بەبێ پشتیوانی دەسەڵاتی حزبی ناتوانن دەسەڵاتەکانیان ڕاپەڕێنن . ئێستا هەمان نەخشە دووبارە بووەتەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکی ڕێژەیی لە ڕۆڵی ئەکتەرەکاندا.
هاوکات پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بەهێزتر بووە. چڕبوونەوەی دەسەڵات لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی بنەماڵەی بارزانی، بازنەی بڕیاردانی سنووردارکردووە و تێچووی هەر ڕێککەوتنێکی زیاتر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی کە لە چوارچێوەی بازنەی دەسەڵاتی یەکێتی و زۆنی سەوزدایە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2025دا تواناکانی فراوانکرا، گەیشتە نزیکەی 750 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە ڕۆژێکدا و ئێستا نزیکەی 80%ی کارەبای هەرێم دابین دەکات، بە هەولێر و دهۆکیشەوە. وەستاندنی بەرهەمهێنان لەم بوارەدا لە شوباتی ٢٠٢٦ و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی وردە وردە لە کۆتایی مانگی تەمموزدا پشتبەستنی زۆری هەرێم بەم سەرچاوە وزەی ئاشکرا کرد.

بەم شێوەیە ئەگەر داهاتی نەوت بەردەوام بێت و ببێتە ئامرازی سەرەکی دەسەڵاتی پارتی دیموکرات، گازی سروشتی بۆتە سەنگێکی گرنگی دەسەڵات بۆ یەکێتی.
لە دەرەوەی پرسی وزە، ئەو دوو حیزبە بە شێوەیەکی کاریگەر دوو سیستەمی ئیداری سەربەخۆیان دروست کردووە. هەریەکەیان ئامێری هەواڵگری و ئەمنی و دژە تیرۆری خۆیان بەڕێوەدەبەن کە زنجیرەی فەرماندەیی جیاوازیان هەیە. هەروەها سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان و دیاریکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێن لەو دوو ناوچەیەی کە لەلایەن هەردوو لایەنەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
دۆخێکی هاوشێوە لە بواری داهاتی گشتیدا هەیە. بۆ ئەوەی ڕێگری لە چاودێریکردن یان دابەشکردنی داهاتەکان لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بکرێت، هەر لایەنێک پێکهاتەی جیاوازی کۆمپانیا تایبەتەکانی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی گومرگی و ناوخۆ دروستکردووە. ئەم ڕەوتە تەنانەت بۆ بابەتە خزمەتگوزارییەکانیش درێژبووەتەوە؛
لە ئەنجامدا ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا سەریهەڵداوە، دوو پێکهاتەی حوکمڕانی هاوتەریبن، کە هەریەکەیان لە یەک کاتدا ئەرکی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجام دەدات و هەروەها بازاڕی ئابووری و سەرچاوەی داهاتی تایبەتی خۆی هەیە.

کەوابوو بوون یا نەبوونی پەڕلەمان و دامودەزگای یاسادانەر و چاودێر بە چ کەڵک دێت؟.

News ID 60137

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha