AP ١٤٠٥ گەلاوێژ ٢٢ ١٤:٤٠

بارهەڵگری هەڵهاتن؛ کاتێک ترەمپ لە زەلکاوی ئێراندا دەچەقێت

بارهەڵگری هەڵهاتن؛ کاتێک ترەمپ لە زەلکاوی ئێراندا دەچەقێت

نمایشکردنی دەسەڵاتی ئەمریکا دەبێت تاران ناچار بکات پاشەکشە بکات و لە هەمان کاتدا خۆی وەک سەرۆکێکی بەهێز و نەدۆڕاو نیشان بدات. بەڵام دوای چەند مانگێک، ئەو وێنەیەی کە لەم شەڕەدا دەمێنێتەوە، دوورە لەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گەشتەکەدا خەیاڵی کردبوو

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی: ڕەنگە هیچ وێنەیەک باشتر ئەم گۆڕانکارییە لە هاوکێشەکەدا لە چیرۆکی گواستنەوەی نهێنی ترەمپ لەناو بارهەڵگرێکی خۆراکدا نیشان نەدات.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ترەمپ لەکاتی سواربوونی لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، دوای چەند خولەکێک بە نهێنی گواسترایەوە بە بەکارهێنانی بارهەڵگری خۆراکی فڕۆکەخانە بۆ فڕۆکەیەکی سەربازی بچووکتر.

فڕۆکە سەرەکییەکە کە ڕۆژنامەنووسان و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی ئەمریکای تێدابوو، لەوانە مارکۆ ڕوبیو و سکۆت بێسانت، بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی "فڕۆکەیەکی فریودەر"ی گێڕا. ترەمپ بە فڕۆکەیەکی دیکە بەرەو ئینگلتەرا فڕی و گەڕایەوە بۆ فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە میڵدنهۆڵ.
هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو هەنگاوەی بەستەوە بە هەڕەشەیەکی باوەڕپێکراوەوە کە ڕەنگە مووشەکێکی تایبەت هەڵگڕتن بە شان لە دژی فڕۆکەکەی ترەمپ بەکاربهێنرێت.

ترەمپ ئەو چیرۆکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هەوڵیدا گرنگییەکەی کەم بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها ئەو کارەی کردووە کە دەزگای نهێنی داوای لێکردووە بیکات، بە تۆنی ئاسایی خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرۆکە "کاریگەرەکان" هەڕەشەیەکی زۆریان لێدەکرێت و تەنانەت ڕەنگە خۆی "کاریگەرترین سەرۆک" بێت.

بەڵام مەسەلەی ڕاستەقینە قسەکانی ترەمپ نییە؛ بڕیاری دەزگای ئەمنی ئەمریکایە.
ئەگەر مەترسییەکە جددی نەبووایە، بۆچی دەبوو سەرۆکی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەیەکی بیانی لە فڕۆکە فەرمییەکەی دابەزێنرێت و بە بارهەڵگرێکی خۆراک بگوازرێتەوە بۆ فڕۆکەیەکی دیکە؟ بۆچی فڕۆکە سەرەکییەکەی وەکوو فریودان بەکاردەهێنرا؟ وە بۆچی دەزگای ئەمنی ئەمریکا دەبێت ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی وا بۆ پاراستنی سەرۆک دابڕێژێت؟
بێگومان دەبێت جیاوازی لە نێوان "هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا" و "سەلماندنی یەکلاکەرەوە بۆ هەڕەشەیەک" هەبێت.

ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان سەبارەت بە ئەگەری هەڕەشەی ئێران، خۆی لە خۆیدا ئیرادەی تاران بۆ هێرشکردنە سەر ترەمپ ناسەلمێنێت.

بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم ئیدیعایە وەلانێین، یەک ڕاستی دەمێنێتەوە: دەزگای ئەمنی ئەمریکا مەترسییە ئەگەرییەکانی بە هێند جددی هەڵسەنگاندووە کە بۆ گواستنەوەی سەرۆک پەنای بۆ فێڵ و وەستاندنی فڕۆکە بردووە.
ئەم چیرۆکە هێندەی تر گرنگتر دەبێت کاتێک شانبەشانی ڕاپۆرتەکانی زیادبوونی ڕێوشوێنی ئەمنی لە دەوروبەری ترەمپ لەناو ئەمریکا دادەنرێت.

جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە نزیک یاریگای گۆڵفەکەی لە شاری بێدمینستەر لە ویلایەتی نیوجرسی، وێنەیەکی دیکەی هەمان کەشی ئەمنی دەکێشێت.
سەرۆک کۆمار کە هەوڵدەدات لە وتارەکانیدا ڕووخسارێکی چاونەترس و فەرماندەیی بخاتەڕوو، ئێستا بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لە شوێنی جۆراوجۆردا پارێزراوە.

ئەمە خۆی لە خۆیدا لاوازی نییە؛ پاراستنی سەرۆک ئەرکی سروشتی دەزگای ئەمنییە. بەڵام لە چوارچێوەی شەڕی ئێران و ئەمریکادا ئەم وێنانە مانایەکی سیاسی جیاواز وەردەگرن. ترەمپ شەڕی بۆ نیشاندانی دەسەڵات دەستپێکرد؛ بەڵام شەڕەکە لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمریکا، لاوازییەکانیشی ئاشکرا کرد.
ترەمپ پێیوابوو بە هێرشکردنە سەر ئێران دەتوانێت شتێک بکات کە سەرۆکەکانی ئەمریکا لە دەیەکانی پێشوودا نەیانتوانیبوو بیکەن: گۆڕینی حیساباتی تاران و سەپاندنی ئیرادەی واشنتۆن. بۆ ئەو شەڕ تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو؛ دەرفەتێک بوو بۆ بنیاتنانی براندێکی سیاسی. ئەو ویستویەتی خۆی وەک سەرۆکێک پیشان بدات کە بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە پاشەکشە ناکات و بتوانێت کارەکە تەواو بکات. بەڵام ئێران بە پێی ئەم سیناریۆیە هەڵسوکەوتی نەکرد.
شەڕی چل ڕۆژە نەک هەر نەبووە هۆی ئەو ئەنجامە خێرا و کەم تێچووەی کە واشنتۆن چاوەڕێی دەکرد، بەڵکو زۆرێک لە حیساباتەکانی ئەمریکای سەبارەت بە ئێران خستە ژێر پرسیارەوە.

ئێران نیشانیدا کە تەنانەت لەژێر فشاری سەربازی توندیشدا توانای بەردەوامبوونی هەیە لە بەرخۆدان و وەڵامدانەوە و سەپاندنی تێچوونەکان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکان بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئاڵۆز و پەرتکەر. گرنگترین کێشە بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە ناتوانێت بە ئاسانی پێشبینی کۆتایی هاتنی شەڕێکی لەو شێوەیە بکات.
لە زۆرێک لە شەڕەکانی ڕابردوودا واشنتۆن هەوڵی داوە لە ماوەیەکی کورتدا بە باڵادەستی ئاسمانی و هێزی ئاگرینی بەرفراوان هاوسەنگی لە بەرژەوەندی خۆیدا بجووڵێنێت. بەڵام لەگەڵ ئێران دۆخەکە جیاوازە. قەبارەی جوگرافیای، ژێرخانی پەرشوبڵاوی، توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەزموونی دەیان ساڵە لە مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری دەرەکی و تواناکانی کە لایەنی بەرامبەر زانیاری تەواویان لەسەر نییە، پلاندانان بۆ شەڕێکی نوێ قورس دەکات.

ئێران وڵاتێک نییە کە بە چەند ئامانجێکی سەربازی لەسەر نەخشە پێناسە بکرێت.

هەر ململانێیەکی بەرفراوان لەگەڵ ئێران دەتوانێت کاریگەریی دوور مەودای هەبێت لە دەرەوەی خاکی خۆی.

بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ڕێگاکانی وزە، ئاسایشی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز و تەنانەت ئابووری جیهانیش دەتوانێ کاریگەرییان لەسەر دروست ببێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەر بڕیارێکی سەربازی دژ بە ئێران تەنیا بڕیارێک نییە سەبارەت بە بەرەکانی شەڕ؛ بڕیارێکە سەبارەت بە کۆمەڵێک دەرئەنجامی ناوچەیی و جیهانی.
لە لایەکی دیکەوە بەردەوامی شەڕەکە تێچووی زۆری بەسەر خودی ئەمریکادا سەپاندووە. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پێشتر بڵاویکردبووەوە کە پنتاگۆن لە ئەنجامی تێچووی شەڕ لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووی فشاری دارایی و کۆکردنەوەی چەک دەبێتەوە و تەنانەت هەندێک بودجەی پەیوەست بە مەشق و ڕاهێنان و پاراستنی کەرەستە سەربازییەکانیش فشاریان خستۆتە سەر.
ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازییە، بەڵام سەرچاوە سەربازییەکانی بێ سنوور نین. شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران دەتوانێ بەشێک لەو توانایەی ئەمریکا هەڵلووشێت کە پێویستیانە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ چین و ڕووسیا و هەڕەشە جیهانییەکانی دیکە.

لە ئەنجامدا پرسیارەکە بۆ واشنتۆن ئەمڕۆ ئیتر تەنیا ئەوە نییە کە “چۆن ئێران شکست پێبهێنین؟” پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، “چۆن لەم شتە دەربچین؟”
لێرەدایە کە چەمکی زەلکاو دێتە ئاراوە، مەرج نییە زەلکاو بە مانای شکستی سەربازی بێت. زەلکاو کاتێک دروست دەبێت کە سەرکەوتنێکی خێرا مومکین نەبێت و بەردەوامبوونی شەڕەکە تێچووی زیاتری دەبێت و دەرچوون لێی بە هەمان شێوە قورسە.
ئێستا ترەمپ ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی لەو شێوەیە دەبێتەوە. ئەگەر درێژە بە شەڕەکە بدات، ناچار دەبێت تێچووی زیاتر بدات و ئەگەری ململانێیەکی فراوانتر قبووڵ بکات. ئەگەر پاشەکشە بکات، زیان بەو وێنەیە دەگەیەنێت کە وەک سەرۆکێکی نەدۆڕاو لە خۆی دروستی کردووە. ئەگەر ڕوو لە دانوستان بکات، ناچار دەبێت بەشێک لەو فشارانەی کە بۆ خۆڕادەستکردنی ئێران دروستی کردووە بیگۆڕێت بۆ ئیمتیازاتی سیاسی.

هەر بۆیەش شانبەشانی هەڕەشە گشتییەکان، نیشانەکانی هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ڕێگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەبینرێن.
ئەم دووبەرەکییە بەڕێکەوت نییە. دەکرێت هەڕەشەی سەربازی بۆ زیادکردنی فشار لەسەر مێزی دانوستان بەکاربهێنرێت، بەڵام کاتێک لایەنی بەرامبەر دەریدەخات کە لە هەڕەشە ناترسێت و دەتوانێت تێچوون بسەپێنێت، هەڕەشەکان بەتەنها کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن. ئێران لەم شەڕەدا نیشانیدا کە دەسەڵات تەنیا لە ژمارەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکە هەڵگر و بودجەی سەربازیدا سنووردار نییە. هێز توانای بەرەنگاربوونەوە، توانای وەڵامدانەوە و لە هەمووی گرنگتر توانای گۆڕینی حیساباتی لایەنی بەرامبەرە.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا وێنەی ترامپ لەناو بارهەڵگری خۆراکدا زیاترە لە ڕووداوێکی ئەمنی؛ وێنەیەکی ڕەمزییە.
سەرۆک کۆمار کە ویستی بە نمایشی هێزەوە بچێتە ناو شەڕەکەوە، ئێستا پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی فێڵبازی و گۆڕینی فڕۆکە و گواستنەوەی نهێنی هەیە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بە فڕۆکەخانەیەکی بیانیدا تێپەڕێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە خزمەتگوزاری ئەمنی ئەمریکا شکستی هێناوە؛ بە پێچەوانەوە دەتوانێت نیشانەی پیشەییبوونی بێت. بەڵام لە ڕوانگەی سیاسییەوە ئەم وێنەیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو هەڕەشەیەی کە واشنتۆن لە حیساباتەکانیدا خستووەتە ڕوو، ئێستا بووەتە پرسێکی جددی تەنانەت بۆ ئاسایشی تاکەکەسیی سەرۆکیش.
ترەمپ شەڕەکەی دەستپێکرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە سەرۆکێکە لە کەس ناترسێت؛ بەڵام ئەو شەڕەی کە بڕیار بوو دەسەڵاتی ئەمریکا نیشان بدات، ئێستا وێنەی لاوازی و نیگەرانییە ئەمنییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بەرهەم دەهێنێت. ترامپ ویستی ئێران ناچار بکات پاشەکشە بکات، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدایە: درێژەدان بە شەڕ، گرانتر لە پاشەکشەکردن، تێچووی سیاسی؛ و دانوستان، قبوڵکردنی ئەو ڕاستییەی کە فشاری سەربازی نەیتوانیوە تاران ناچار بکات خۆی ڕادەست بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەتوانرێت "بارهەڵگری هەڵهاتن" وەک زیاتر لە وێنەیەکی مشتومڕاوی سەیر بکرێت. بارهەڵگرەکە هێمای گۆڕانکارییە لە حیساباتێکدا؛ حیساباتێک کە ترەمپ شەڕەکەی دەستپێکردووە بۆ گۆڕانکاری، بەڵام لە کۆتاییدا واشنتۆن خۆی ناچار بووە بیری لێبکاتەوە.

ترەمپ ویستی ئێران بکێشێتە ناو تاڵاوێکەوە، بەڵام ئێستا نیشانەکان دەردەکەون کە خۆی لە هەمان تاڵاودا گیر بووە؛ تاڵاوێک کە تا زیاتر پەنا بۆ هێز ببات، دەرچوون لێی قورستر دەبێت. وە ڕەنگە گرنگترین پەیامی ئەم شەڕە ئەمە بێت: دژ بە ئێران، تەنانەت گەورەترین هێزی سەربازیی جیهانیش ناتوانێ دڵنیا بێت لەوەی کە بەو شێوەیەی کە دەستی پێکرد کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت.

News ID 60186

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha