ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی:
یاسای چوارچێوە لە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکرایەوە و دەستەی بەدواداچوون و هەماهەنگی دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان وادەی دوو مانگ بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە و پشتڕاستکردنەوەی مەیدانی دیاری کراوە و ئەگەر ئەم قۆناغە تەواو بکرێت، پێدەچێت ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بخرێتەڕوو.
دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکە و دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، قۆناغی وەرگرتنی داواکاری لە ئەندامانی پەکەکە بۆ گەڕانەوە بۆ تورکیا دەستپێدەکات.
ڕەنگە تورکیا لە لێواری کۆتایی هێنان بە ململانێیەکی خوێناویدا بێت کە زیاتر لە چوار دەیەی خایاندووە. ململانێکان لە ساڵی ١٩٨٤ بە دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد، و بەدرێژایی ساڵان زیاتر لە ٤٠ هەزار کوژراو و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون. ئێستا و دوابەدوای بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە، پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی دەرکرد کە ڕێگا بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و گەڕانەوەی ئەندامانی پێشووی بۆ ژیانی مەدەنی خۆش دەکات.
لە کاتێکدا ئەم پێشهاتە لەلایەن زۆر کەسەوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی سەیر دەکرێت، بەڵام هێشتا گومانی جددی لەبارەی داهاتووی پرۆسەکە و چارەنووسی ئۆجالان و کەسایەتییە باڵاکانی دیکەی پەکەکە هەیە.
شرۆڤەکارانی کورد هۆشداری دەدەن لەوەی کە نابێ داماڵینی چەک ببێتە تاکە تەرکیزی پڕۆسەی ئاشتی.
کاتێک پرۆسەی ئێستا دەستی پێکرد، چەکداماڵین تەنها یەکێک بوو لە پرسەکان، دەڵێن، هاوشانی دیموکراسیکردن و چارەسەرکردنی پرسی مافەکانی کورد. ئەگەر حکومەتی تورکیا تەنها سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری بێت و دوو بابەتەکەی تر پشتگوێ بخات، ڕەنگە هەم لای کورد و هەم لای توێژێکی کۆمەڵگەی تورکیا گومان لەسەر ئامانجە ڕاستەقینەکانی پرۆسەکە دروست ببێت.
لەم ڕوانگەیەوە پێویستە یاسای نوێ زیاتر وەک سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەن سەیر بکرێت نەک کۆتایی. سەرکەوتنی بەندە بەوەوە کە ئایا حکومەتی تورکیا ئامادەیە جگە لە چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چاکسازیی سیاسی و یاسایی فراوانتر ئەنجام بدات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەم پرۆسەیەدا ڕووبەڕووی هاوسەنگییەکی سیاسی سەخت دەبێتەوە. سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ بۆی لە ڕووی ھەڵبژاردنەوە گرنگ بێت و پشتیوانی بەشێکی بەرچاو لە دەنگدەرانی کورد بۆ خۆی ڕابکێشێت. بەڵام پێدانی ئیمتیازاتی فەرهەنگی و سیاسی بە کورد ڕەنگە بەشێک لە پشتیوانیی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان بۆ حکومەت کەم بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر نەیارانی سیاسی دەتوانێ تێچووی بۆ حکومەتیش هەبێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا کە ببێتە ڕکابەرێکی جددی لە هەڵبژاردنەکاندا.
بەکورتی تورکیا ئێستا لەبەردەم دەرفەتێکی دەگمەندایە بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە خوێناویترین ململانێکان لە مێژووی مۆدێرنیدا. بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ داماڵینی چەک و گەڕانەوەی ئەندامانی پێشووی ئەو گرووپە، دەتوانێت سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر گەرەنتی پێویست بۆ ئاسایشی ئەندامانی پێشووی پەکەکە دروست بکرێت، لەوانەیە نزیکەی ١٥ هەزار کەس کە لە وڵاتانی ئەوروپا و سوریا و عێراقن یان لە زیندانەکانی تورکیادان ئازاد بکرێن یان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا هەبێت.
بەڵام کۆتایی ڕاستەقینەی ململانێکان بە ڕادەستکردنی چەک و گەڕانەوەی چەکدارانی پێشووی پەکەکە بەدی نایەت؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا حکومەتی تورکیا دەتوانێت لە یەک کاتدا ڕێگە خۆش بکات بۆ چاکسازی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافە کولتووری و سیاسییەکانی کورد و دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا؟
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەگەرچی پڕۆسەی ئێستا بە یەکێک لە دەرفەتە جددیەکانی ئاشتەوایی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە دەیەکانی ڕابردوودا لە تورکیا دادەنرێت، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە ئاکامی کۆتایی قسەی لەسەر بکرێت. تاقیکردنەوەی سەرەکی لەمەودوا دەرکردنی یاساکە نابێت، بەڵکو جێبەجێکردنی و بڕیاری حکومەت لەسەر قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دەبێت.
Your Comment