ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: تیرۆری شەهیدان ئیسماعیل هەنیە و فواد شوکر بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژیی نێوان میحوەری خۆڕاگری و ڕژێمی زایۆنی و ئەگەری هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە دژی ناوچە داگیرکراوەکانی زیاتر کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یۆئاڤ گالانت و هێرتسی هالێڤی چەندین جار ئاماژەیان دایە بەرزبوونەوەی ئاستی ئامادەیی ڕژێمی زایۆنی بۆ وەڵامدانەوەی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە بەرەی باکوور.
لە هەمان کاتدا کەناڵە نێوەندگیرییەکان کە وەک "نێردراوی تەلئەبیب" ڕۆڵیان دەگێڕا، هەوڵیان دا بەرخۆدانی لوبنان هیچ ڕێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی تیرۆری ئیسرائیل نەگرێتەبەر. لەم دۆخەدا حزبوڵڵای لوبنان بۆ یەکەمجار وێنەی بنکەی مووشەکی "عیماد-٤"ی بڵاوکردەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی لەنێو ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکاران و میدیای عیبریدا هەبووە و ئەوانیش چاویان لە شیکردنەوەی پەیامی ئەم دواییەی حزبوڵایە.
ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژی ٢٠٢٤، یەکەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی لوبنان بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی دەگمەن لە شاری مووشەکی ژێرزەوینی بە ناوی "عیماد-٤"، کارتێکی نوێی دژ بە دوژمنی زایۆنی لادا.
بە وتەی ئەلمەیادین، لەو وێنانەی بەرخۆدان بڵاویان کردۆتەوە، کالیبەر-٢٢٠، کالیبەر-٣٠٣ و مووشەکەکانی دیکە دەبینرێن. کاتی مەزەندەکراو بۆ هەڵدانی ئەم مووشەکانە و لێدانی تەلئەبیب کەمتر لە خولەکێکە! پێش ئەمەش لایەنگران و نەیارانی بەرخۆدانی لوبنان تێگەیشتنێکی دروستیان لە قەڵا مووشەکییەکانی بەرخۆدانی لوبنان نەبوو، بەڵام وێنە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژێرزەمینیی حزبوڵڵا لە شوێنە نهێنییەکان بووە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و لێکدانەوەکانی دوژمنی ئیسرائیلی شێوا .
یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی پەردەلادان لە لایەن بەرخۆدان لەسەر ئەم شارە مووشەکییە، ئاستی بەرزی نهێنی بەرخۆدان بۆ پاراستنی دامەزراوە سەربازییەکانە.
پەیامێکی دیکەی ئەم پەردەلادانەش ئەوەیە کە ئەگەر خاکی لوبنان لەلایەن هێزی زەوینی دوژمنەوە داگیربکرێت، بەرخۆدان ئەگەری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکانی دژ بە ناوچە داگیرکراوەکان و لاوازکردنی هێزی شەڕکەری سوپای ئیسرائیلی هەیە. گواستنەوەی ئەم پەیامە بۆ لایەنی بەرامبەر، لاوازیی سوپای ماندوو و تێکشکاوی زایۆنی زیاتر دەردەخات.
لە کاردانەوە بە پەردەلادان لەسەر بنکەیەکی مووشەکی ژێرزەوینی لەلایەن حزبوڵا، باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لە پەیامێکدا نووسیویەتی: ئەو دامەزراوە مووشەکیانەی کە لە ژێر زەوی و لە ناو بەرد و شاخەکاندا هەڵکەوتوون، بە شاری مووشەکی ناودەبەین. لە درێژەی ئەم پەیامەدا هاتووە: ئەم شارە مووشەکییانە لە هەموو جوگرافیای ئێرانی ئازیزدا ئامادەن و ترس لە دڵی دوژمنانی ئێراندا دروست دەکەن. ئەگەر پێویست بکات دەتوانین لە هەر شوێنێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێرش بکەینە سەر دوژمن.
پەیجی "ئینتێل تایمز"ی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە تویتێکدا پاگەندەی کردووە: ئەم شارە ژێرزەمینییە دەکەوێتە سەر دۆڵی لوبنان. ئەم بنکەیە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم ژێرخانە سەربازییانە دوای شەڕی دووەمی لوبنان دروست بوون و لە ڕێگادان بۆ گواستنەوەی چەک لە سووریا و ئێرانەوە. "ئینتێل تایمز" پێی وایە لە سوریا تونێلی هاوشێوە هەیە. سەرنجی تایبەتی ئەم ئەکاونتە بە ڤیدیۆی بەرخۆدان، گرنگیی بوونی ئەم جۆرە ئیمکاناتانە لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان لوبنان و ڕژێمی زایۆنیستی نیشان دەدات.
پوختەی قسە
لە بواری بەرگریدا، گرنگترین پەیامی ڕوونوێنی لە شاری مووشەکی حزبوڵای لوبنان لە ژێر چیای جەبەل ئەلئەمیل، ناردنی سیگناڵێکە بۆ دوژمن کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارەساتی غەززە لە لوبنان لە ئارادا نییە.
ئەم وڵاتە عەرەبییە ڕووبەرێکی جوگرافیای فراوانی هەیە، کە هەر خاڵێک دەتوانێت بنکەیەک بۆ هێزەکانی خۆڕاگری بێت بۆ شاردنەوە و هێرشکردنە سەر هەژموونی ڕژێمی زایۆنیستی.
هێرشە مووشەکییە بەربڵاوەکانی بەرخۆدان لە چیا بەرزەکانی لوبنان، پێگەی بەرگریی دوژمنی لاواز کردووە و یەکە مووشەکییەکانی حزبوڵا دەخاتە دۆخێکەوە کە بتوانن هێزی تەقەکردنیان لە بەرامبەر ئامانجە ستراتیژییەکانی فەلەستینی داگیرکراودا ڕێکبخەن. پێشهاتەکانی ڕۆژانی داهاتوو ئەوە دەردەخات کە فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل چەندە لە دەسەڵاتی حزبوڵا تێگەیشتوون. لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی بەرفراوان یان سنووردار لە بەرەی باکووردا، بەرخۆدانی لوبنان توانای بەکارهێنانی بنکە ژێرزەوینییەکانی هەیە کە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکان بۆ لێدانی گورزی جددی لە یەکەکانی زرێپۆشی شەڕکەری سوپای ئیسرائیل و لەناوبردنی " گومەزی ئاسن".
ئامانجێکی دیکەی ئەو هەنگاوەی ئەم دواییەی حزبوڵا دەکرێ بە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە لە دۆحە پەیوەند بدرێت . بەرخۆدانی لوبنان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شاری مووشەکیی "عیماد-٤" پەیامێکی بۆ تەلئەبیب نارد کە ئەگەر نەتانیاهۆ بەردەوام بێت لە ئاستەنگ دروست کردن لە بەردەم ئاگربەست لە غەززە، خۆڕاگری درێغی ناکات لە بە ئامانجگرتنی ئامانجە ستراتیژییەکان لە قووڵایی فەلەستینی داگیرکراو . بە واتایەکی تر حزبوڵا هەوڵ دەدات لەو ئامرازانەی لەبەردەستیدایە کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی تەلئەبیب بەرەو کۆتایی شەڕی غەززە ببات.
نووسەر: موحەممەد بەیات، کارناسی پرسەکانی ڕۆژاوای ئاسیا
Your Comment