AP ١٤٠٤ گەلاوێژ ١٣ ١١:٥٣

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە ئارەزووی ئەمریکا و ئیسرائیل نابێت

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە ئارەزووی ئەمریکا و ئیسرائیل نابێت

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد کە دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر خاکی ئێران، زۆری شتی گۆڕی و ئەگەر لە داهاتوودا دانوستانێک هەبێت، ئەو دانوستانە دانوستانی چەکدارانە دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەعید خەتیب‌زادە جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە سەفەری ئەمدواییەی بۆ پێکەن، لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی "فۆنیکس"ی چین، بە ئاماژە بە ئەنجامی یەکەمین سەفەری لە دوای هێرش و دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بۆ چین، دۆخی دوای ئەو هێرشەی بە دۆخێکی هەستیار زانی کە هەڵگری گۆڕانکارییەکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و تێیدا ئەمریکاییەکان هەوڵی سەپاندنی هێژمۆنیی خۆیان بە سەر دیتراندا دەدات.

ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ و هێڵی سووری ئێران، ڕوونی کردەوە: کاتێک لایەنی بەرامبەرت ئیسرائیل و ئەمریکا بێت، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی هەر هەیە. ئێران لایەنگری ئاشتییە و لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوو ئێران هیچ شەڕێکی لە دژی هیچکەسدا دەست پێنەکردووە و بەردەوام هەوڵی سەقامگیریی ناوچەکەی داوە. بەڵام ئیسرائیل دەیەوێ بە هەموو جەنایەتەکانیەوە، دەوڵەتی فەلەستین نامومکین بکات. هەر بۆیە بەرزبوونەوەی شەڕ و ململانێ هەمیشە مومکینە. بەڵام هێڵی سووری ئێمە، ئاگاییەکی زۆرە کە ئەوڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەست پێدەکرێت و ئەویش هەڕەشەئامێزبوونی ئیسرائیلە. ئەمریکاییەکان هەوڵ دەدەن کەڵک‌ئاوەژوویی لە پەیوەندییەکان لە ناوچەدا بکەن و لە دەسەڵاتی خۆیان بۆ سەپاندنی هێژمۆنییان بە سەر وڵاتانی تردا کەڵك ببەن، بەڵکوو لەو ڕێگەوە تەکوزیی داهاتووی پەیوەندە نێودەوڵەتییەکان بگۆڕن.

خەتیبی‌زادە لەبارەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی سەربازیی بەربڵاو لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی‌ناوین بە هۆی بەرەنگاربوونەوی وڵاتانێکی وەک ئێران لە بەرامبەر هێژمۆنیی ئەمریکا و جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی، ڕایگەیاند: ئێمە وەک ئێران هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین پێش بەو شەڕە بگرین و تەنانەت بەر لە هێرشەش هەر هەوڵی پێشگریمان دابوو. بەڵام ناکرێ نکۆڵی لە بوونی شەڕێکی بەربڵاو لەو سۆنگەوە بکرێت، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ سنوورێک ناناسن و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە چەشنێک نییە کە ئەوان وێنای دەکەن. ئێمە پێویستمان بە ناوچەیەکی سەقامگیرترە و کلیلی ئەو ناوچەیە دەوڵەتی فەلەستینە و پرسی فەلەستین لە ئێستادا گرنگترین شتی مومکینە و لەمناوە ئیسرائیلییەکان بە قبووڵ‌نەکردنی پرسی فەلەستین، سەرچاوەی هەموو کێشەکانن. لە بەرامبەردا ئێران، چین و وڵاتانی بەرپرسی دیکە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ، بۆوەی پێشگری لەو شەڕە بکەن. هەر بۆیە تا ئێستا هەوڵمان داوە کە هوشیارانە و بیرڵێ‌كراوە و پێشگرانە هەنگاو بنێین و پێش بە سناریۆیەک کە هەموو ناوچەکە لە کارەسات دەگلێنێت، بگرین.

جێگری وەزیری دەرەوە، سەبارەت بە بوونی کەلێنێک لە ناو سیستەمی هەواڵگریی ئێران لە کاتی تیرۆرکرانی سەرداران و فەرماندەگەلی سەربازی و زانایانی ئێرانی، جەختی کرد: دەبێ ئیسرائیل بە فیرقەیەکی تیرۆریستی وێنا بکەین و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوان وەک باشترین بکوژانی جیهان، بۆ ئەنجامی هەر جۆرە تیرۆرێک ڕاهاتبێتن و ئەمە شوناسی ئەو ڕژیمە تیرۆریستییەیە. هاوکات ئەو هێرشە، ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی، بەڵام ترسەنۆکانەیە. هەر بۆیە ئێمە دڵنیایین کە پێشیان پێ دەگرین و ژان دەخەینە دڵیانەوە، بۆوەی بزانن ئەوە شێوازێکی دروست نییە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ گەلی سەرفەرزای ئێران.

ڕاشیگەیاند: هەڵبەت ئەو ئۆپەراسیۆنە دژی ئێران بەرهەمی هاوئاهەنگیی مووساد، سیا و ئاژانسەکانی دیکەی هەواڵگریی ڕۆژئاوا بوو و دەزگای هەواڵگریی ئێمە بۆ پێشگری لەو جەنایەتانە زۆر کارامەیە. ئەو جۆرە ئاستەنگانە ئێمە هان دەدا کە بە شێوەی بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێراندا بچینەوە و خەریکی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دۆستانی نزیکی خۆمان و هاوبەشانی ناوچەییمانین بەڵکوو پێش بە گەیشتنی مووساد، سیا و ئاژانسەکانی دیکەی ڕۆژاوایی بە ئامانجەکانیان بگرین.

ناوبراو لەبارەی بە مەترسیی مافی مرۆڤی بۆ دەستگیریی کەسانی گومان‌لێکراو، سیخۆڕان و دەست‌وپەیوەندی ڕژیمانی دەرەوەیی، وێڕای ڕەخنە لە پێناسەی ڕۆژئاواییەکان لە چەمکی مافی مرۆڤ، وتی: ئەوڕۆکە هەموو دەزانن کە ئەورووپا دەمێکەیە ناتوانێ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات و پاش هاتنە سەرکاری ترامپ و بەهانەدان بە ئەورووپییەکان و دەستەوەستانیان لە نەبوونی پەیوەندییەکی ستراتژیک، ئەویش لە کاتێکدا کە شایەدی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە فەلەستینین، چ ناگەیێنێ جگە لە دوورکەوتنەوەی چەمکی مافی مرۆڤی ئەورووپی لە کاکڵەی مانایی خۆی چ لەباری ئەخلاقی، فەرهەنگی و مرۆیی. ئینجا پاش هێرشی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەویش لە کاتێکدا کە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێمە لە ژێر چاوەدێریی ئاژانسی ئەتۆمیدا بوو، ئەورووپییەکان تەنانەت توانای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە کە بە ئاشکرا پێشێل‌کردنی یاسایەکی نێودەوڵەتی بوو، نەیانبوو. بەپێچەوانە ئێران نە تەنیا باوەڕی بە مافی مرۆڤە، بەڵکوو پێی پابەندین و نەک وەک ئامرازێک بۆ سیاسەتی دەرەوەیی، بەڵکوو بە واتای جۆرێک پابەندی بە خەڵکی وڵاتەکامان لێی دەڕوانین.

خەتیب‌زادە لەبارەی بڕیاری داخستنی گەرووی هۆرمۆز لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ، وتیشی: ئێران هەنگاوەکانی بە پێشبینی و بیرلێ‌کراوانەیە و تا ئەو جێگەی بۆمان مومکینە، ئێمە خۆمان لە هەڵمەتێکی لەو چەشنە دەبوێرین. گەرووی هۆرمۆز بەشێکە لە کەنداوی فارس و تەواوەتی سەرزەوینیی ئێمە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا ڕوو لە هەڕەشەکانی بکاتەوە و بوونی ئێران بباتە ژێر پرسیارەوە، ئەوسا ئێران ناچارە لە دەستبردن بۆ بژێرەیەکی جیاواز.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی مانەوەی نزیکەی 400 کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتاندراوی لەسەدا 60 لە پاش بوردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ڕوونی کردەوە: ئەگەر ئەو ڕێژەیەی کە دەڵێن مابێت، گەرام بە گەرامی لە ژێر چاوەدێریی ئاژانسدا بووە و ئەوە شتێکی شاراوە نییە کە ئاژانسی لێی بێ ئاگابێت و بگرە هەر خودی ئەو قسەیە نیشاندەری چالاکیی ئاشتی‌خوازانەی ناڤۆیی ئێرانە.

ناوبراو لەبارەی چۆنیەتیی هاوکاری داهاتووی ئێران لەگەڵ ئاژانس، جەختی کرد: پەرلەمانی ئێران بڕیارنامەیەکی پەسندکردووە کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی بە بەرزترین و تەنیاترین پێگە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران و ئاژانسی ناساندووە، کەواتە ئەم پەیوەندییە درێژەی دەبێت، بەڵام شێوازەکەی لە لایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە دیاری دەکرێت و بڕیار لە حەوتەکانی داهاتوو پشکێنەرانی ئاژانسی بگەڕێنەوە بۆ ئێران و پێشتریش ئەوان لە ترسی شەڕ لە ئێران چوونە دەرێ و ئێمە دەرمان‌نەکردوون.

خەتیب‌زادە سەبارەت بە ئامادەیی ئێران بۆ بەشداربوون لە دانوستانگەلێکی هاوشێوەی بەرجام، زیادی کرد: ئێمە لە کاتی ئامادەبوون بۆ خەلی شەشەمی دانوستانەکان لە مەسقەت کەوتینە بەر شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەر بۆیە دەبێ بڵێین ئەو هێرشانە زۆر شتی لە مەیداندا گۆڕی و ئەگەر بڕیارە لە داهاتوودا دانوستانێک هەبێت، بێ‌گومان ئەو دانوستانە دانوستانێکی چەکدارانە دەبێت. واتە ئێمە قامکمان لەسەر پەلاپیتکە دەبێت، چونکە لایەنی بەرامبەر بە هەمووانی نیشان داوە کە جێی متمانە نییە و ئیمە دیتمان کە چۆن کەڵک‌ئاوەژووییان لە دانوستانەکان کرد، بۆوەی ئامانجە سیاسییە هەڵەکانیان ببەنە پێش.

News ID 56251

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha