بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "المسیرە"، عەبدولمەلەک حوسی بە ئاماژە بە ڕەنجی 5 مانگەی خەڵکی فەلەستین بە هۆی پێشگیریی لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەزە، وتی: گەمارۆی ئەو کەرتە بە هاوکاریی هەندێک وڵاتی عەرەبی و ڕۆژئاوایی ئەنجام دەدرێت و ئەو وڵاتانە لە کارەساتی قاتی و برسێتیی بێوێنەی ئەو خەڵکەدا دەستیان هەیە.
حوسی بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەهیدانی برسێتی و لە سەرووی هەمووانەوە منداڵان و کورپەکانی فەلەستینی و وەستاندنی 22 هەزار لۆریی یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێڕەوگەکانی کەرتی غەزە لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە، وتیشی: دۆخەکە بە ڕادەیەک کارەساتبارە کە تەنانەت سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئەو دۆخەکە دڵتەزێن وەسف کرد و بەوەشەوە بەردەوامە لە پاڵپشتیی ئەو ڕژیمە جەنایەتکارە. بێگومان ئەو دۆخە بۆ هەموو جیهان، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جێی شەرمەزارییە.
ناوبراو پیلانی ڕژیمی زایۆنی بۆ داگیرکردنی یەکجاریی غەزەی بە هەڵەیەکی گەورە و پڕتێچوو بۆ ئەو ڕژیمە وەسف کرد و هوشداری دا کە ڕژیمی زایۆنی هیچکات، براوەی ئەو گۆڕەپانە نابێت و ئەسیرانی زایۆنی وێڕای دانیشتووانی تری غەزە لە برسا دەمرن.
سەرکردەی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە پرسی چەکداماڵین لە بەرخۆدان پیلانی ئەمریکی-زایۆنییە، جەختی کرد: لە کاتێکدا دڕندەیی ڕژیمی زایۆنی پەرەی سەندووە، وڵاتانی عەرەبی لە بری بەرەنگاربوونەوەی، گوێ لە مستی واشنتۆن و تلاڤیڤ، ڕێگەچارە لە چەکدانانی حیماس و گڕووپە فەلەستینییەکان و حزبوڵڵادا دەبینن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو جیهان دەزانن کە هێزی سەربازی یەکێک لە بنەما زەروورییەکانی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و خەساندنی مەترسییەکانە.
Your Comment