بە پێی ڕاپۆرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژی دووشەممە بە بەشداری سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران بارزانی و چەندین بەرپرسی باڵای حکومی و حزبی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی: خۆشحاڵم کە خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگری بە شیرین خیرۆ خودێدا دەرچووی کارسازی زانکۆی ئەمریکی دەبەخشم، بەسەرهاتەکەی چیرۆکێکی کەم وێنەیە، سەرەڕای دەستبەسەری بۆ چەند ساڵێک لەلایەن داعشەوە، بەڵام سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی لە خوێندن و بوو بە هێما و نیشانەی خۆڕاگری ئێزدییەکانی کەسوکارمان.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: یەکێک لە 60 دەرچووەکەی زانکۆی ئەمریکی کچێکی زیرەک و لێهاتووی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعشە، وێڕای هەموو نەهامەتییەکان کۆڵینەداوە و سووربووە لەسەر تەواوکردنی زانکۆ، ئەمەش چیرۆکی سەرکەوتن و ئیلهامبەخشە و چرایەکی هیوایە بۆ هەموو قوتابیانی دیکە.
شیرین خەیرۆ، یەکێکە لە قوتابییە دەرچووەکانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، هاوکات یەکێکە لەو ڕفێنراوانەی دەستی داعش کە لەلایەن نووسینگەی ڕفێنراوانی ئێزدییەوە ڕزگار کراوە.
لە 2014 تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 576 کەس ڕزگارکراون، لەوانە هەزار و 208 ژن و 339 پیاو و باقی منداڵن بە هەردوو ڕەگەزەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن دوو هەزار و 600 کەس ماون و هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامە.
ڕۆژی سێی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، بەوهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون، هاوکات زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێنران.
Your Comment