ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی ئاگادار کرایەوە

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە نیویۆرک بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە و دەبێت گۆڕەپانی سیاسی بۆ هەمو لایەنەکان کراوە بێت، هەروەها "دەبێت لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت."

جینین پلاسخارت لە وتارێکدا باسی رەوشی عێراقی کرد لە ماوەی حەوت مانگی رابردودا و ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای چەندین کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دیاریکردنی چەندین وادە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام دوای حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تائێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لەئێستادا لە عێراق رودەدات دەبێتەهۆی بەردەوامی چەقبەستویی سیاسی، بۆیە پێویستە سیاسەتمەدارانی عێراق چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە و هەروەها پێویستە کاربکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لەئێستادا رێگەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەرچون لە دۆخەکە و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان هەیە.

پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش جینین پلاسخارت وتی، پێویستە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ هەمو لایەنەکان کراوە بێت، بەتایبەت کە کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبوە، بۆیە داوا دەکات لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت.

News Code 42031

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha