AP ١٤٠٠ گەلاوێژ ٣٠ ١٩:٠٦

راپۆرتی فەرهەنگی:

چەمەری ڕێوڕەسمی بەشکۆی شینگێڕی ناوچەی زاگرۆس

چەمەری ڕێوڕەسمی بەشکۆی شینگێڕی ناوچەی زاگرۆس

چەمەری ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی شینگێڕیە کە پاش مردنی کەسانی ناودار و بەناوبانگ لە هەندێ ناوچەی زاگرۆس بەڕێوە دەچێت.

بە پێی هەواڵی مێهر، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت پاش مردنی کەسانی نزیک و دۆست و هاوڕێ و لاوەکان لە مێژە لە ناو کوردان باو بووە کە یەکێک لەوانە چەمەریە.

چەمەری لە مێژووی چەن هەزار ساڵەی زاگرۆسدا ڕەگی کوتاوە بەڵام پێشینەیەکی ڕوون سەبارەت بەم ڕێوڕەسمە لە بەردەستدا نییە.

ئەم ئایینە نمایشییە کە لە هێما و ریشەی زۆر بەهرەمەندە، پاش مردنی کەسانێکی ناسراو و بەناوبانگ بەڕێوە دەچوو و شێوەی بەڕێوە بردنی تا ڕادەیەک لە گەڵ تراژدییەکانی یۆنانی کەونارەدا نزیکایەتی هەیە.

ئەو شوێنەی کە تێیدا چەمەری بەڕێوە دەچێت، پێ دەوترێ "چەمەرگە". هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی چەمەری، سەمایەکی ئارام و خەمناک بەڕێوە دەچێت بۆیە لە هەندێ ناوچە پێ دەوترێ "چەمەرچۆپی".

بەڕێوەبردنی چەمەری لە سەر ئەستۆی کەسان و گرووپهایەکی سەربەخۆیە کە هەر کامەیان کارێکی تایبەت دەکەن و هەموو پێکەوە پێوەندییان هەیە.

لەم ڕێورەسمەدا گرووپێک هەیە بە ناوی زوڕناژەن یان دەهۆڵژەن کە چەند مەقامی خەمین دەژەنن و ئەوانەش لە گەڵ مێلۆدی شینی ژنەکاندا هاواهەنگ دەکەن. گرووپێکی دیکە بە ناوی "بویش" یان ئاغەمیڕەو کە حەوت یان هەشت کەسین و سەبارەت بە باشی و ئاکار و شەهامەتی مردووەکەوە وەکوو گۆرانی هەندێ شت باس دەکەن.

چەمەری بۆ هەموو ئەو کەسانەی پلە و پێگەیەکیان لە کۆمەڵگادا ببوایە چ ژن و چ پیاو بەڕێوە دەچوو بەڵام لە سەدەکانی دواییدا وێدەچێ زیاتر بۆ پیاوان بەڕێوە چووبێت و لە چوار پێنج دەیەی پێشدا بە شێوەیەکی کەم بۆ ژنانیش بەڕێوە چووە بۆ وێنە ساڵی 1340 چەمەری بۆ خەزاڵ سەڵتەنە کە ژنێکی ناودار بووە، بەڕێوە چووە.

دوو سازی تایبەتی چەمەری دەهۆڵ و زۆڕنا بوو کە زۆرتر کەوڵییەکان دەیانژەند. بەڵام هەر ئەم کەسانە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە گەڵ کوردان ژیاون و کاریگەری زۆریان لە سەر پاراستنی مۆسیقا و نەریتی کوردی بووە.

گەرچی پێشتر بۆ هەمووان و بە تایبەتتر بۆ بەگ و ئاغاکان چەمەری بەڕێوە دەچوو بەڵام بە گشتی ئێستا ئەم ڕێوڕەسمە زۆر کەم بەڕێوە دەچێت و یەکێک لە هۆکارەکانی دۆخی خراپی ئابووری خەڵکە.

شیاوی ئاماژەیە ئەم ڕێوڕەسمە زۆرتر لە ناوچەی ئیلام و کرماشان باو بووە.

News ID 38770

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha