بە پێی هەواڵی مێهر، پارێزگاری سلێمانی و شاندی هاوڕێی سەردانی بەشە جۆربەجۆرەکانی زانکۆی کوردستانی کرد و داکۆکی کردە سەر گەشەی هاوکارییە دوو لایەنەکان.
ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کورستان وێرای ئاماژە بە پێوەندی و خاڵە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگای کوردستان، درێژەدان بە خوێندن لەم زانکۆیەی دەرفەتێکی گرینگ بۆ لاوانی هەرێمی کوردستان زانی.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاماژەی بە کێشەی ئەم زانکۆیە لە گەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد و ڕایگەیاند: بەداخەوە ناوی زانکۆی کوردستان لە لیستی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانین خوێندکاری نوێ وەربگرین.
هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی هاوکاری لە گەڵ زانکۆی کوردستانی شانازی بۆ هەرێم زانی و وتیشی: هەموو هەوڵی خۆمان ئەدەین کێشەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە گەڵ زانکۆی کوردستان چارەسەر بکەین و ناوی ئەم زانکۆیەش بێتە ڕیزی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
ناوبراو هەروەها لە سەردانی خۆی بۆ توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان، داوای هاوکاری دوو لایەنە لە بواری زانستی و لێکۆڵینەوەیی ئەم ناوەندە لە گەڵ ناوەندە فەرهەنگیی و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە کۆتاییدا لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستان و هەروەها لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستانەوە ژمارەیەک کتێب پێشکەشی پارێزگاری سلێمانی کرا.
هەروەها لە لایەن شاندی هەرێمی کوردستانیشەوە بەردنووسێکی سوومەری پێشکەشی سەرۆکی زانکۆی کوردستان کرا.
شیاوی ئاماژەیە هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بە مەبەستی ئامادە بوون لە کۆنفڕانسی ئابووری بانە و کرانەوەی چەند پرۆژەی گرینگ لە شاری سنە سەردانی پارێزگای کوردستانی کرد.
بۆچوونی ئێوە