بە پێی هەواڵی مێهر، ڕۆژی پێنشەممە زانکۆی کوردستان میوانداری ژینگەپارێزی سنەیی حەمید مەلیکولکەلامی بوو کە بە هۆی ئاکاری چاک و هەستی بەرپرسیاریەتییان لە پاراستنی ژینگە ڕێزی لێ گیرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا سەرۆکی زانکۆی کوردستان ڕیزنان لەم کەسایەتییەی وەکوو ئەرکی زانکۆ باس کرد و وتی کەسێکی وەها دڵسۆز و خەمخۆری سروشت دەبێ ببێ بە نمانە بۆ بەرەی لاو و داهاتووی شارەکە.
دوکتۆر ڕەحمەت سادقی هەروەها ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی ئەو بەڕێزە کرد و ڕایگەیاند: بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە نیشانیان داوە کە چەندە سروشتیان بە لاوە گرینگە و هەمووان دەبی ڕێگای بەڕێز مەلیکولکەلامی بگرینە بەر و بە هۆی کاریگەری ژینگە لە ژیانی هەموومان، بە هەستیارییەوە ڕووبەڕووی ئەو بابەتە ببینەوە و خۆمان بەرپرسیار بزانین لەبەرانبەر ئەو بابەتە گرینگە.
ئەو لە درێژەشدا ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆکان لە پاراستنی ژینگە کرد و وتیشی: هەوڵ ئەدەین کار و چالاکی و لێکۆڵینەوەکانمان بەرەو ئەم بابەتە ببەین و خوێندکارانی بەرپرسیار و وشیار و وریا لە بەرانبەر ژینگە بنێرینە نێو کۆمەڵگاوە.
سەرۆکی شارەوانی شاری سنەش وێڕای ئاماژە بە کار و چالاکی حەمید مەلیکولکەلامی، وتی: بە هۆی خزمەت کردنی زۆر لە پێناو سروشت و پاراستنی ژینگە، سەری ڕێز دادەنەوێنم بۆ ئەو شارۆمەندە بەرپرسیارە.
لە درێژەشدا دوکتۆر نەقی شەعبانیان مامۆستای بەشی ژینگەی زانکۆی کوردستان و سەلاح حەقیقیان بەرپرسی بنکەی شاخەوانانی کوردستانیش سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو بەڕێزە باسیان کرد و داوای هاوکاری زیاتری ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە کرد.
شیاوی ئاماژەیە حەمید مەلیکولکەلامی، چالاکێکی ژینگە پارێزی سنەییە کە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە لە گوێزەکوێری ئاویەری سنە میوانداری سنەییەکان دەکات و جگە لەوەش بە کۆ کردنەوەی زبڵ، چاندنی نەمام و ئاودانی نەمام و... بۆ پاراستنی ژینگە و بە تایبەت بەشی گوێزەکوێر هەوڵی داوە و بۆتە هۆی چوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەم شارە بۆ ئەو شوێنە سروشتییە و هەر بە بۆنەی ئەو خزمەتانەوە زانکۆی کوردستان لە ڕیوڕەسمێکدا ڕێزیان لێ گرت.
بۆچوونی ئێوە