سیروان بابان لە دیمانە لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، وتی: دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە بەڵام لە ڕووخاندا نییە و ئەوە ئەو حزبانەی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەندێ لە کەسانی بەرژەوەندی خوازن لەم وڵاتە، حەز دەکەن دایمەن وا وێنای بکەن کە ئێمە مەڕین و گورگەکان لە دەورمانن و دەمانخۆن.
وتیشی: ئەو بەرژەوەندی خوازانە بۆ ئەوەی خۆیان بمێننەوە ئەو هەموو نەهامەتیە بە سەر ئەم میللەتەدا دێنن و زیادیشی ئەکەن. کە واتە من پێم وایە لە گەڵ رووخانی ئابووری جیهان بە هۆی کۆرۆناوە و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت، ئێمەش زەرەمەند بووینە بەڵام نەڕووخاوین.
سیاسەتمەدارانی کورد پلانیان بۆ کاتی قەیران نییە
سەبارەت بە بێ سەروبەرەیی هەرێمی کوردستان لە کاتی قەیرانی ئابووری و قەیرانی کۆرۆنا، سیروان بابان ڕایگەیاند: هەموو وڵاتێک یان ئەگەر هەرێمێکیش بێت دەبێ پلانێکی ستراتێژی خۆی هەبێت بۆ بەرەنگاریی لە گەڵ قەیرانی سروشتی یان خراپەکاری دوژمن، بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەو عەقڵیەتە نییە کە خۆمان ئامادە بکەین بۆ سبەی ڕۆژ و نازانین چیمان بە سەر دێت. بێ گومان هەموو خەڵکی جیهان دایمەن خۆی ئامادە دەکات بۆ کاتێکی کە لە لایەن سروشتەوە بە بوومەلەرزە، لافاو، نەخۆشی و..... هەڕەشەی لە سەر بێت.
ئەوەشی وت کە هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی لەم جیهانەدا کە خۆی بۆ هیچ شتێک حازر ناکات و هەمیشە چاوەڕێ خۆشی دەکات. بە داخەوە سیاسەتمەدارانی کورد بە درێژایی 29 ساڵ کەمتەرخەم بن لەوەی کە یەک بەنداو دروست بکەن بۆ ڕێگری لە لافاو، کەمتەرخەمن بوون لەوەی کاربکەن بۆ ژیانی ئاسوودی خەڵک. لە بانکەکانماندا هیچ پارەیەکی کاش نییە بۆ ڕۆژی نەهامەتی . ئەمە ئیشی حکوومەتە پلان و ستراتێژی تایبەتی هەبێت بۆ ئەمە؛ بەڵام نیەتی.
حوکمڕانان بە بیری شاخەوە حوکمی شار دەکەن
ئەو پەرلەمانتارەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کاریگەریی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە سەر ئابووری هەرێم و دروست کردنی قەیرانی مووچە وتی: بە ڕای من نەهامەتییەکانی سەر کوردستان زۆر پەیوەندی بە کۆرۆنا و نەوتەوە نییە بەڵکوو پەیوەندی بە گەندەڵییە گەورەکانی 29 ساڵی رابردووەوە هەیە. بۆ نموونە لە دوای ساڵی 1991 لە دوای ئازادی کوردستانی عێراق، حکوومەتی هەرێم کە دامەزرا، بە عەقڵێکی ئەوسایش دامەزار ، دوای هاتن هەرچی پارە و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیە وەکوو غەنیمەت بۆ خۆیان حسێبیان کرد. چونکوو پێیان وابوو ئەوان پێشمەرگە بوونە و ئیستا دەبێ هەموو سەروەتەکە وەک غەنیمەی شەڕ هەڵگرن. بیریان چووەوە کە نەوەیەک دێت کە ئەوان ناناسێت. ئێستا نەوەکانمان هاتوونەتە پێشەوە و کوڕەکانی ئەوان وەک سەرکردە دەناسن کە ئەمەش زۆر زۆر هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە.
سەروەتی زۆری بنەماڵەی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان
سیروان بابان لەبارەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان وەک دروشمی حکوومەتی ئێستای ئەو ناوچەیە زیادی کرد: دەبوو لە سەری سەری گەورەکانەوە چاکسازی بکردرایە. سەروەتێکی زۆر بۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی هەر لە هەوا هاتووە خوارێ. هیچ نەبێت با ئەو سەروەت و ماڵەی داگیریان کردووە بیگەڕێننەوە بۆ خەڵک. تاکوو ئەو حزبە چکۆلانەش کە گەندەڵیان کردووە ناچار ببوایەن پارە و ماڵە بەناحەقەکانیان بگەڕێننەوە. بەڵام بە داخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە مووچەی فەرمانبەرێک دەکات کە دەوام دەکات بە بێ مووچە و بە 60 تا 90 ڕۆژ مووچەیەکی پێدەدات و 21 لەسەدیشی لێدەبڕێت. ئەمانە هیچی چاکسازی نییە بەڵکوو دەستبردنە بۆ قووتی خەڵک.و ئەمانە کارێک دەکەن میللەت گوشاری بۆ بێت و هەستن بە ڕاماڵینی ئەم حزبانە.
حکوومەت مافی هاوڵاتیان نادات
ئاماژەشی دا کە لە هەموو جیهان کەرامەتی هاووڵاتی یان مافی هاووڵاتی بوون زۆر گرینگە . هاووڵاتی مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەرە. ئەگەر حکوومەت مافەکانی بدات، ئەوەیش دەبێ ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەمە نییە. هەر بۆیە چاوەروانی ئەوەش نابێت کە خەڵک ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
وەک نموونەش دەڵێت: دەبوو ئێستا لە کوردستان لە بواری تەندروستیدا خەستەخانەی باش و پێشکەوتوومان بوایە، لە بواری خوێندندا دەبوایە قوتابخانە و خوێندنگەی زۆر باشمان بوایە کە بە داخەوە بە هیچ لەونێک وا نییە. لە بواری ڕێگاوباراندا زۆر زۆر دواکەوتووین و بە ڕای من ئەوانەی بە هۆی ڕووداوی هاتوچوو و خراپی ڕێگا و بان لە کوردستان خەسارمەند دەبن و گیان و ماڵیان لەدەست داوە زۆر زیاترە لە هەموو قوربانیانی نەخۆشینەکان. من پێم وایە ئەم وڵاتەی ئێمە پێویستی بە عەقڵێکە کە بە داخەوە تا ئێستا لە ناو سەرکردەکانی کورد دا بوونی نییە.
باشترە دەستەیەک دیکە کوردستان ئیدارە بکەن
سیروان بابان وەک پێشنیارێک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە دەسەڵات دارانی هەرێمی کوردستان کەڵک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی ئەرووپی یان ئەمریکی لێزان و کارامە، سەرۆک وەزیرانێکی کۆن بێ یان کەسێکی ئیداری باش و سەرکەوتوو وەرگرن، با هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەدا بە تایبەت ئەوانەی ئەزموونی سەرکەوتوویان لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەبووە. با لەوانە کەسێک یان دەستەیەک وەرگرن بۆ ئیدارە کردنی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: هیچ عەیب نییە و تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی بۆ ساڵانێک ژیانێکی ئاسوودە لە هەرێمی کوردستان بەڕێکەین، دەبێ حکوومەتی هەرێم دەستەیەک خەڵکی زانا کە ئەزموونی بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەبێت یان کەسایەتییەکی ئاکادمیکی زۆر باش لە ئەورووپا یان وڵاتانی دیکەوە بە گرێبەست بیهێنێتە کوردستان ، با ئەوان بۆمان بەڕێوەبەرن.چونکوو 29 ساڵە هیچ سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدارێکی کورد نەیتوانیوە بە شێوەیەکی گونجاو هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرێت کەواتە ئێمە کێشەمان لە کەسەکاندایە دەبێ کەسەکان بگۆڕین.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی کرد : من پێم وایە دەبێ گرێبەست لە گەڵ خاوەن ئەزموون یان کۆمپانیەکی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ببەستین؛ بێت بۆ ماوەی ساڵێک هاوکارمان بێت ئەمەش هیچ عەیبی نییە، ئێمە کێشەمان هەیە و ڕاوێژ بە خەڵک دەکەین.ئەو خەڵکانەی کە وڵاتەکەیان خۆش کردووە بزانین چۆن بووە بەڵام بەو مەرجەی ئەوانیش گەندەڵ نەبن.
گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەر نییە
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی گەڕانەوەش بۆ بەغدا، وتی: گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەر نییە بەڵام بە داخەوە ئەم حزبانە لەبەر هەموو نەهامەتیەی هێنایان بە سەر ئەم میللەتەدا خەڵکیان وا ناچار کردووە کە ئاوات لە بەغدا بخوازێت و بە ڕای من ئەمە چارەسەرێکی زۆر زۆر خراپە کە لەم سەربەستیەی خۆمان بگەڕینیەوە بۆ لای بەغدا.
*سازدانی دیمانە؛ حەلیمە مەلایی
بۆچوونی ئێوە