دۆخی کەمینەکان لە تورکیا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی

چوارچێوە و پێرستە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە بریتین لە: پێگە و دۆخی کەمینەگەلی ئیتنیکی، ڕەگەزی، زمانی و نەتەوەیی لە تورکیا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: توێژینەوەی "دۆخی کەمینەکان لە تورکیا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی (بە پێداگری لە هەڵوێستێکی میدیایی)" لە  ١٤٨ لاپەڕە لە لایەن دوکتۆر ئەحمەد کازمی و پێداچوونەوەی زانستیی دوکتۆر محەمەد عەلی کەفایی فەڕ ئامادە و ئاراستە کراوە.

چوارچێوە و پێرستە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە بریتین لە: پێگە و دۆخی کەمینەگەلی ئیتنیکی، ڕەگەزی، زمانی و نەتەوەیی لە تورکیا و لەوان کوردەکان، ئەرمنییەکان، کەمینەگەلی قەفقازیی تورکیا (وەک چەرکەسەکان، لازییەکان، گورجییەکان، ئابخازەکان، ئاسی‌یەکان و ئابازینەکان)، باڵکانییەکان، عەرەبەکان، کەمینە نیشتمانییەکان (وەک یۆنانییەکان، ئێرانییەکان، ئەفغانییەکان، ئەڵمانییەکان و ئۆیغۆرییە چینییەکان)، قەرەجەکانی تورکیا و تورکەکانی ئەفریقی؛ دۆخی کەمینە ئاینییەکانی ئەو وڵاتە و لەوان عەلەوییەکان، شیعەگەلی جەعفەری، مەسیحییەکان (ئەرمەنی، کاتۆلیک، ئۆرتۆدۆکس، کلدانی، سەریانی، گۆرجی و ئاسووری)، جوو، دۆنم، ئێزدی لە گۆشەنیگای ماف و یاساگەلی نێودەوڵەتی؛ هەڵوێستی تورکیا هەمبەر بە کەمینە ئیتنیکی، زمانی، نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە پێداگری لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ئاک‌پارتی، هەڵوێستی حزب و پارتە سەرەکییە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەمبەر بە کەمینەگەلی ئیتنیکی، زمانی، نەتەوەیی و مەزهەبی لە گۆشەنیگای یاسایی و هەلومەرجەوە؛ ڕاپۆرتەکانی ناوەندگەلی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و حوکمی دادگەکانی ئەورووپی لە پرسی کەمینەکان، ڕەهەند و دەرکەوتەی پێڕەوکردن یان پێشێل کردنی مافی کەمینەکان لە تورکیا بە پێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکان لە پەنای ئاراستەکردنی هەڵوێستەیەکی میدیایی.

لەو توێژینەوەیەدا هاتووە کە تورکیا بە هۆی هەلومەرجی مێژوویی یەکێکە لە وڵاتانی تایبەتی کە کۆمەڵێکی هەمەڕەنگی کەمینەی مەزهەبی، ئیتنیکی، زمانی و نەتەوەیی لە خۆگرتووە. عوسمانییەکان بە داگیرکاری لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیان توانیان تا دەروازەکانی ڤیەن پێشڕەوی بکەن و زاڵ بن بە سەر وڵاتان و جەماوەرگەلێکی جۆراوجۆر و ببێتە ئیمپراتوورێکی چەند ئیتنیکی.  لە گەڵ کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و واژۆکرانی گرێبەستی لۆزان بۆ دابەشکردنی عوسمانی، مافی کەمینەکانی ئەو وڵاتەش لەو گرێبەستەدا دیاری کرا. بە چەشنێک کە لەو گرێبەستەدا کەمینەکان وەک ناموسڵمان پێناسە کران و جەخت لە ئازادی ژیان، بیروڕای مەزهەبی و کۆچبەری، مافی یاسایی و یەکسانی سیاسی، بە کارهێنانی زمانی دایکی لە دادگەکان، کردنەوەی قوتابخانە یان دامودەزگا چکۆلەکانیان و پاراستنی ڕێوڕەسمی ئایینیان کرابوو. بەڵام ئەوە تەنیا یۆنانی و مەسیحی و جووەکان بوون کە بە فەرمی وەک کەمینە ناویان لێ برابوو و بەهایەک بە کەمینەکانی دیکە کە گرینگترینیان کورد و عەلەوییەکان بوون، نەدرابوو. ئەگەرچی بەو پێیەی لە دەستووری تورکیادا تەنیا هاووڵاتی تورک بە فەرمی ناسراوە و داکۆکی لە تەوەری تورک‌گەری کراوە، زۆربەی مژارەکانی ناو گرێبەستی لۆزان و لەوان پرسە هاوپەیوەندەکان بە کەمینەی مەسیحی و یۆنانیش ڕانەپەڕێندرا و ئەوان لە ماوەی کۆماری تورکیادا گەلێ جار شایەدی کۆچی بە کۆمەڵ و داگیرکرانی داراییەکانیان بوون. چونکە پاش دامەزرانی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ بە هەڵدانی "وەتەنی تورک"، "نەتەوەی تورک" و "مانەوەی تورک" نکۆڵی لە بوونی هەر جۆرە کەمینەیەکی مەزهەبی و ئیتنیکی لە تورکیادا کرا.

لە گەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی پارتی داد و گەشە لە ساڵی ٢٠٠٢، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و پلۆڕالیزم لەو وڵاتە ڕێز لە هەموو کەمینە و مەزهەبەکان دەگرێت و مافیان بە فەرمی دەناسێت و هەموو کەمینەکان بە هاووڵاتی تورکیا دێنێتە ئەژمار. بە چەشنێک کە لە دەوڵەتی تورکیا لە مانگی ئەگێستی ساڵی ٢٠١١یشدا ڕایگەیاند کە هەموو مۆڵک و دارایی، بنیات و ئەنجومەنگەلی تایبەت بە کەمینە مەزهەبییەکان کە لە ساڵی ١٩٣٦دا داگیر و خاوەندارێتیان هەڵوەشا بۆوە، پێیان دەدرێتەوە. بەڵام ئەو هەڵوێستە تەنیا تا ساڵێ ٢٠١١ درێژەی بوو و لەو ساڵە بە دوا بە وەرسووڕانی سیاسەتگەلی ناوخۆیی و دەرەکیی تورکیا و تۆکمەی فیرقەگەری لە هەڵوێستەکانی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە، ڕەوتی گەشە و بەرزبوونەوەی مافی کەمینەکان لە تورکیا ئاوەژۆ بوو. گۆڕانکارییەکانی پاش ساڵی ٢٠١٥ نیشان دەدا کە هیواکان بە باشتربوونی دۆخی کەمینەکان لە تورکیا خۆشبینانە بووە. پێداگریی ئەردۆغان لە "عەلەویگەلی بێ عەلی"، گۆڕینی پردی سێهەمی ئەستەنبۆڵ لە سێپتامبێری ٢٠١٦ بۆ سوڵتان سەلیم یاووز (لە دەستپێکەرانی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان لە مێژوودا)، درێژەی نکۆڵی کردن لە شوناسی عەلەوییەکان و ناوەندە پەرستگەکانیان لە دەستوور و هەروەها تەشەنەی هەڵوێستی دەوڵەت لە دژی کوردەکان و هاوڕیزی لە گەڵ هەڵوێستی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست بە تایبەت لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی دەستوور سەلمێنەری ئەو بابەتەن.

بە هۆی کەڵکەڵەی هاوبەشی کۆمەڵگای جیهانی لەبارەی پاشهاتی پێشێل کردنی مافی کەمینەکان، لە ساڵی ١٩٩٢ ڕاگەیێندراوی مافی کەسانی سەر بە کەمینەگەلی نەتەوەیی یان ئیتنیکی، مەزهەبی و زمانی لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کرا. پێشتر ئەو ڕووداوە تەنیا لە مادەی ٢٧ی هاوڕایی نێونەتەوەیی یاسای مەدەنی سیاسیی پەسندکراوی ١٩٦٦ داکۆکی لە مافی کەمینەگەلی ئایینی، مەزهەبی و زمانی کرابوو. بەڵام لە ڕاگەیێندراوی مافی کەسانی سەر بە کەمینەگەلی نەتەوەیی یان ئیتنیکی، مەزهەبی و زمانی لە ساڵی ١٩٩٢دا بە شێوەیەکی تایبەتی ئاور لە مافی کەمینەکان دراوەتەوە و هاوکات لە بەڵگە گشتییەکانی مافی مرۆڤ جەخت لە پرێنسیپی ناهەڵاواردن کراوە.

هەڵوێستی تورکیا هەمبەر بە بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی کەمینەکان، خۆبواردن لە تەڤلبوون بەو جۆرە بەڵگانە بووە. ئاوەها کە تورکیا تەنیا وڵاتێک بووە کە لە ساڵی ١٩٩٢ و لە میانی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای "ڕاگەیێندراوی مافی کەسانی سەر بە کەمینەگەلی نەتەوەیی یان ئیتنیکی، مەزهەبی و زمانی"، دەنگی "نا"ی بەو ڕاگەیێندراوە دا. بەوەشەوە، ئەو هەڵوێستە نیشاندەری ئەوە نییە کە تورکیا بەرپرسایەتی نێودەوڵەتیی هەمبەر بە کەمینەکان نییە، چونکە زۆربەی مافی کەمینەکان وەک مافی مانەوە، مافی شوناسی بە کۆمەڵ، مافی فەرهەنگی، مافی مەزهەبی، مافی زمانی، مافی هاوبەشی، مافی ئابووری و مافی پەیوەندی بوونەتە ڕیسای باو لە یاساگەلی نێودەوڵەتی کە هەموو وڵاتان دەبێ پێڕەوی لێ بکەن. لە هەمان کاتدا ڕیساکانی مافی مرۆڤ چوارچێوەیەکی نۆرماتیڤیان هەیە و وڵاتان ناچارن لە ڕەچاو کردنیان.

لێکدانەوەی دۆخی کەمینەگەلی جۆراوجۆر لە تورکیادا نیشان دەدا کە هەندێک لە کەمینەگەلی تورکیا و لەوان کەمینە جووەکان لە مافی داکۆکیی تۆمار کراو لە بەڵگەگەلی نێودەوڵەتی بەهرەمەندن و دەوڵەتی تورکیا بەهایەکی تایبەتی بەوان دەدا، بەڵام هەندێک لە کەمینەکانی وەک کورد و عەلەوی شایەدی پێشێل کرانی سیستەماتیکی مافی خۆیانن. ئەو بابەتە لە ژێر کاریگەریی هەلومەرجی مێژوویی و هەروەها شێوەی ڕووانینی هەڕەشەئامێز یان دەرفەت‌تەوەری تورکیا هەمبەر بە کەمینەکانە. ئەنجامی ئەو ڕەوتە سەرهەڵدانی دوو گرووپی کەمینەی ڕازی و کەمینەی ناڕازیی لە تورکیادا بە دواوە بووە.

هەندێک لە کەمینەکانی وەک جووەکان و هەندێک لە کەمینەگەلی خاوەن ڕەچەڵەکی قەفقازی و باڵکانی لە دۆخی خۆیان لە تورکیادا ڕازین یان باشترە بڵێین ڕەخنەیەکی زۆریان نییە. بەو واتایە کە پێیان وانییە مافیان بە شێوەی سیستەماتیک لە لایەن دەوڵەتی دەسەڵاتدارەوە پێشێل دەکرێت. زۆربەی ئەو کەمینانە لە درێژەی مێژوو تێکەڵ بە فەرهەنگی زۆرینەی تورکیا بوونە و زمانی خۆیان لە دەست داوە یان ئاخێوەرانیان بە ڕادەیەکی زۆر دابەزیوە و زۆربەی نەریت و ڕەسمە فەرهەنگییەکانیان دۆراندووە. ژمارەی جەماوەری هەندێک لەو کەمینانە لە تورکیا بە ڕادەیەک کە پێدانی هەندێک ماف و ئازادی بەوان لە لایەن حکوومەتەوە وەک هەڕەشە وێنا نەکراوە. هاوکات هەندێک لەو کەمینانە لە گەڵ زۆرینەی تورک نزیکایەتی ڕەگەزی و فەرهەنگیان هەیە یان ئەوەی کە لە ئاستێکی بەربڵاودا بانگەشە و پاگەندە بۆ ئەو نزیکایەتییە دەکرێت، بۆ وێنە ئازارییەکانی تورکیا یان ئۆیغۆرە چینییەکان کە خۆیان بۆ شەڕ لە دژی چین بە مەنەتباری حکوومەتی تورکیا دەزانن.

لە بەرامبەر کەمینەگەلی ناڕازیی وەک کوردەکان، عەلەوییەکان، یۆناییەکان و ئەرمەنییەکان وەستاون کە یەکەم ڕێژەیان زۆرە و دووهەم خاوەن مێژوویەکی پڕ هەوراز و نشێون لە گەڵ دەوڵەتە زاڵەکان بە سەر تورکیادا و لایان وایە لە میانەی گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا زۆربەی مافە سەرەتایی و مرۆییەکانیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئاشکرا لە لایەن ئیمپراتووریی عوسمانی و تورکیاوە پێشێل کراوە. ئەوان لە سەر ئەو بڕوایەن کە سەرەکی‌ترین هۆکاری دەنگی نەرێنی دانی تورکیا بە ڕاگەیێندراوی ١٩٩٢ی کەمینەکان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بووە بە مافی ئەو تاقمە.

مافی پێشبینی کراوە بۆ کەمینەکان لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا و لەوان مافی مانەوە، مافی شوناسی بە کۆمەڵ، مافی فەرهەنگی، مافی مەزهەبی، مافی زمانی، مافی هاوبەشی، مافی ئابووری و مافی پەیوەندی بۆ ئەو تاقمە لە کەمینەگەلی تورکیا پێشێل دەکرێت. کەمینەکانی کورد، عەلەوی، یۆنانی و ئەرمەنی لە تورکیادا بێ بەشن لە مافی هاوبەشیی کارا لە ژیانی گەشتیدا و دەوڵەت لە پڕۆژەگەلی بەربڵاودا بەهایەک بە مافی ئابووری و فەرهەنگیان نادات کە بەرچاوترینی ئەوانە پڕۆژەی گاپ لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیایە. لە هەمان کاتدا دارایی زۆربەی ئەو کەمینانە لە ماوەی کۆماری تورکیادا داگیر و زەوت کراوە و نەدراوەتەوە. لە کاتێکدا کە وەستاندنی دوژمنایەتی و بانگەشە و ناساندنی فەرهەنگی کەمینەکان بۆ کۆمەڵگای زۆرینە و بە پێچەوانەی بۆ هاوڕیزی لە بری تواندنەوە و سڕینەوە، یەکێک لە بەرپرسایەتییەکانی مافی مرۆڤی دەوڵەتان هەمبەر بە کەمینەکانە، بە هۆی سیاسەتگەلی فەرمی، دوژمنایەتی و بێزاری لە دژی کەمینەکان لە کۆمەڵگای تورکیادا درێژەی هەیە. ئەم بابەتە لە درێژەی ڕووداوە دڵتەزێنەکان بۆ کەمینەگەلی وەک تیرۆری هەرانت دینک سەرنووسەری رۆژنامەی ئەرمەنیی "ئاگووس" لە ساڵی ٢٠٠٧، کوشتنی سێ مەسیحی لە مەلاتیە لە ساڵی ٢٠٠٧، ونبوونی ناچاریی چالاکن و دژبەرانی کورد و عەلەوی خۆی نیشان دەدا. بە چەشنێک کە ئەوڕۆ زۆرترین دۆسیەگەلی سکاڵا لە دژی تورکیا لە دیوانی ئەورووپیی مافی مرۆڤ لە لایەن هاووڵاتیانی کەمینەی ئەو وڵاتە تۆمار کراون و لە زۆربەی ئەو دۆسیانەشدا پێشێل کرانی مافی فەرهەنگی، زمانی، مەزهەبی یان ئابووریی کەمینەکان لە لایەن ئەو دیوانەوە پشت‌ڕاست کراوەتەوە.

News Code 31714

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =