چیرۆکی وێنە گرتنی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ حاج قاسم

سەرکردەیەکی کوردی هەرێم لەبارەی شەهید سەردار سولەیمانی دەڵێت: سولەیمانی کەسایەتێکی تایبەتی بوو و هەر کات پێویست بوایە بۆ شەڕ دژی داعش دەهاتە هانامانەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی: کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ ماشێنی شەڕی داعش گەیشتە دەروازەکانی هەولێر، یەکەمین وڵاتێک کە چووە هانای کوردەکانی هەرێم، کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. یان بە پێی وتەی خود سەرکردەکانی کورد، تەنیا چەند کاتژمێر پاش داوای یارمەتی کردنیان لە ئێران، سەردار قاسم سولەیمانی بە هاوڕێی چەند هێزێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش گەیشتە فرۆکەخانەی هەولێر.

بابەتی یارمەتیی ئێران و ڕۆڵی سەرداری شەهید حاج قاسم سولەیمانی لەو یارمەتیانە، مژارێکە کە لە گەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی لە سەر کراوە و لەمناوە لیوا رکن بەختیار فایەق خوداڕەحم جێگری فەرماندەی یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەر بە یەکێتی نیشتمانی لە لای خۆیەوە باسی ئەو رۆژانەی بۆ کردین.

ئەو کە خۆی بە قوتابیی قوتابخانەی مام جەلال دەزانێ و لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆڵان لە خولی یەکەمی شەهید جوامێردایە و ٢٩ ساڵە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەیە، سەبارەت بە وێنەی تایبەتی لە گەڵ حاج قاسم دەڵێ:  سولەیمانی کەسایەتێکی تایبەتی بوو و هەر کات پێویست بوایە بۆ شەڕ دژی داعش دەهاتە هانامانەوە. کاتێک تووشی کێشە دەهاتین چ بە چەک و چ بە شێوەی مەعنەوی یارمەتی دەداین و تەنانەت خۆیشی دەهاتە سەنگەرەکان و سەردانی هێزەکانی دەکرد.

کۆی ئەو وتووێژەیە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* ئەگەر بڕوانینە سەردەمی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەوتنە بەر هەڕەشەی هەندێک لە شارە گرینگەکانی هەرێم، بە بڕوای ئێوە وەک کەسێکی سەربازی ئەو هەڕەشانە تا چەندە گرینگ بوون؟

ـ داعش ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتییە. لە ٩ی ژوئەنی ٢٠١٤دا کە هێرشیان کردە سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک هەڕەشەیەک بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە دەرکەوتن. بەڵام بەختەوەرانە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاری نێودەوڵەتی، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی تێکشکاند. داعش هەڕەشەیەکی جیهانی بوو و هەر بۆیە هاوپەیمانان هەموو بەشداری ئەو شەڕە بوون وبە هەوڵی هەمووان لە ماوەی ٣ تا ٤ ساڵ کۆتایی بە هەڕەشەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە هات.

* ئەوکاتەی داعش ڕووی لە کوردستان نا، کوردەکان دەستی یارمەتیان بۆ هاوپەیمانانیان درێژ کردووە و وەک باس دەکرێ، ئێران یەکەمین وڵاتێک بوو بە هانای کوردەکانەوە هات. دەکرێ باسی ئەوەمان بۆ بکەی کە بۆ داوای یارمەتی لە ئێران کرا و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەردار سولەیمانی تا چ ئاستێک بوو؟

ـ ئێمە لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی دوور و درێژ و مێژووییمان هەیە و ئەو پەیوەندیانە رێخۆشکەر بوون بۆ مێژوویەکی هاوبەش. هەروەها، ئێمە پێکەوە هەوڵ و ئامانجی هاوبەشمان هەیە. لە شەڕی داعشیشدا داوای یارمەتیمان لە هەموو ئەو هاوپەیمانانە کرد کە پاڵپشتمان بوون. یەک لەوان حاج قاسمی خوالێخۆشبوو بوو کە هاتە ناوچە و من ئەوم لە ناوچەی زەرگە و گوندەکانی پیرئەحمەد بینی. ئەوە کاتێک بوو کە هێزەکانی ئێمە بەرەوڕووی تیرۆریستانی داعشی لە پێشڤەچووندا بوون.

قاسم سولەیمانی خوالێخۆشبووش لە نزیکی تۆپخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. دەمی ئێوارە لە کاتی هێرش بۆ سەر شوێنی گردبوونەوەی تیرۆریستان، هێزەکان پێک گەیشتن. ئێمە لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی کاک شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدا بووین کە گەیشتینە حاج قاسم و هەر لەوێ وێنەیەکی یادگاریمان هەڵگرت؛ وێنەیەک کە نیشاندەری یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان لە بەرەکانی شەڕ بوو.

هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانانی دیکە بەهرەی زۆری بۆ ئێمە بوو و بووە هۆی تێکشکانی داعش. شەڕی داعش شەڕێکی بەربڵاو بوو کە هەڕەشەی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان. ئەو ناوچەیەی داعش پەلاماری دابوو، ڕووبەڕێکی ١١٠٠ کیلۆمەتری بوو و لەو شەڕەدا ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە ١٧٢٣ شەهیدمان دا و زیاتر لە ١٠٧٢٠ کەسمان لێ بریندار بوو و ٦٦ کەسیش شوێن‌بزر بوون و تا ئێستا هیچ لە چارەنووسیان ئاگادار نین.

* ئەگەر ئەو سەرکەوتنە مسۆگەر نەدەبوو و داعش بە سەر کوردستاندا زاڵ بایە، هەڕەشەکان بۆ سەر ناوچە و خەڵکی ناوچە چۆن دەبوو؟

ـ هەر وەک وتم، داعش گرووپێکی تیرۆریستییە کە هێرش بکاتە سەر هەر ناوچەیەک لە گەڵ خۆی وێرانی و کۆمەڵکوژی بە دیاری دێنێت. ئەوان ئابووریی ئەو ناوچەیە لە ناو دەبەن و وەک بینیمان لە شەنگال و ناوچەکانی دیکە ژمارێکی زۆری ژن، کچ گەنج و پیریان بە دیلی برد و گواستیاننەوە بۆ ناوچەکانی دیکە و لەوێ وەک کەنیز و کۆیلە هەڵسوکەوتیان لە گەڵدا دەکردن. خۆتان ئاگادارن کە چیان لە مووسڵ کرد و ئەو شارەیان بە تەواوی وێران کرد. ئاسەوارە مێژوویی و ژێرخانەکانی ئەو شارەیان بە تەواوی تەفر و تونا کرد.

دیارە ئەوان هێرشێکی زۆریشیان کردە سەر ناوچەگەلی ئێمە، بەڵام بەرخۆدانی پێشمەرگەی کوردسان بە بەخت کردنی گیانی شەهیدان و برینداران، ئەو نیشتمانەی پاراست. ئێمە دڵنیا بووین کە ئەگەر ئەوان بگەشتبانە سلێمانی، هەولێر یان ناوچەکانی دیکە ئاوارەیی و وێرانیان بەبار دێنا، ژێرخانە ئابوورییەکان لە ناو دەچوون و کۆمەڵگا لە بەر یەک هەڵدەوەشاوە و بە گشتی زیانێکی قورس لە ناوچەی ئێمە دەدرا کە بە خۆشحاڵییەوە و لە سای هێزەکانمان و هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران توانیمان ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ناوچە ڕاوەدوو نێین.

* ئێوە لە دیدار و هەڵسوکەوتێک کە لە گەڵ سەردار سولەیمانی بووتان، کەسایەتی ئەوتان چۆن بینی و بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی ئەو لەباری کەسایەتی و بەرێوەبەری بە بڕوای ئێوە چی بوون؟

ـ ئەو کات کە من ئەوم بینی، فەرماندەیەکی دڵێر و ئارام و دان‌بەخۆداگر بوو. هەڵبەت دوای شەهید کرانی زانیاری زیاترم لەبارەی ئەو دیت و زیاتر لە گەڵ کەسایەتیی وەک فەرماندەی هێزی قودس ئاشنا بووم.

خوالێخۆشبوو قاسم سولەیمانی کەسایەتێکی تایبەتی بوو  و لە هەر قۆناغێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێویستی بە یارمەتی بایە، هاوکاری دەکردین.

*  با بچینەوە سەر هەمان وێنە بەرچاوەکەی ئێوە و سەردار سولەیمانی کە لە ناوچەیەکی کەرکووک گیراوە. ئەو ناوچەیە  چەندە گرینگ بوو و چەندە لە لایەن داعشەوە جێی مەترسی بوو؟

ـ ئەو ناوچانە کوردنشینن و ساڵانێکە لە ژێر چەپۆکی ڕژیمی سەدام و دوژمنانی گەلی کورد بووە. ئەمجاریش کەوتبووە بەر شاڵاوی هێرشی تیرۆریستانی داعشی و تیرۆریستان بە داگیرکردنی دەستیان دابووە هەڵسوکەوتی دزێو و نامرۆڤانە و دژە مرۆڤانە لە گەڵ دانیشتووانی. ئەوان بە دوای داگیرکردنی هەمیشەیی ناوچەکانی ئێمەوە بوون و هەوڵی تاڵانی سامانی خوداپێ داوی ئەو ناوچانەیان دەدا. دەیانەویست ژنان و منداڵانی بە کەنیزی ببەن. بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە ئێمە بە هەموو هێز و توانستمانەوە بەرگریمان لە خاک و زێدی خۆمان کرد و رێگەمان نەدا دەستی گڵاوی داعش و دوژمنان بگاتە خاک و نیشتمانی ئێمە.

هەڵبەت ئێستاش جارنەجارێک هێرش دەکەنە سەر هیزی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی دۆزخورماتوو و داقۆق، تەنانەت هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیش. بەڵام هەر ڕێژەیان و هەمیش توانایان زۆر کەمە.

* چۆن لە شەهید کرانی سەردار سولەیمانی ئاگادار بووی و لێکدانەوەی تۆ لەو ڕووداوە لە لایەن ئەمریکاوە لە ناو خاکی عێراق چیە؟

ـ من هەواڵەکەم لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیس‌بووک بیست. ئەو ڕووداوە بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو. چونکە ئێمە ڕیزی ئەو کەسانە دەگرین کە هاتوونەتە هانمان و هاوکاری و هاوئاهەنگیان کردووین. کوردەکان گەلێکی بە وەفا و ئەمەگن. بە تایبەت کە حاج قاسم لە سێ تا چوار ساڵی شەرێ داعش هاوکاریمانی کردبوو.

* ئەگەر بتەوێ لە ڕستەیەکدا قسە بۆ سەردار سولەیمانی بکەی، چی پێ دەڵێی؟

ـ پێی دەڵێم: تیرۆریستانی داعش بە هەوڵی بەڕیزتان و هاوپەیمانان لە ناو چوون، سپاست دەکەم کە لەو قۆناغەدا پاڵپشتی و هاوکارمان بووی.

سازدانی دیمانە؛ تەسنیم

News Code 31046

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 0 =