دوو ڕێیانی مەرگ و ژیان/ بژێوی کۆڵبەری

گوندییە سنوورنشینەکانی کوردستان کە نە کشتوکاڵیان هەیە و نە ئاژەڵداری و نە لە هەلی سنوور کەڵکیان وەرگرتووە، بژێوی ژیانی خۆیان لە ئەستەم ترین دۆخدا دابین دەکەن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەبوایە بە بیستنی وشەی سنوور، چەمکگەلێک وەکوو گەشە، داهات، ئاوەدانی، بازرگانی و خۆش گوزەرانی وەبیرماندا بهاتایە، بەڵام دانیشتووانی گوندە سنوورییەکانی کوردستان لە گەڵ ئەو وشانە زۆر نائاشنان و بە هۆی نەبوونی کار و داهاتەوە بە دژواری ژیان دەگوزەرێنن.

هەندێک لە گەنجانی گوندە سنوورییەکانی کوردستان و تەنانەت هەندێ بەساڵاچوو بە هۆی نەبوونی کار و بە ناچاری، کاری کۆڵبەریان هەڵبژاردووە، مەترسیان بە گیان کڕیوە و بە گواستنەوەی بار لە ڕێڕەوە سەختەکان، لە ڕێگای نایاساییەوە بژێوی ژیان دەستدەخەن. ڕێگایەک کە ئەگەری نەگەڕانەوەی زۆرە و بە نرخی گیانیان تەواو دەبێت.

پێشتر سێ بازاڕچەی سنووری ملە خوردی سەوڵاوا، خانم شێخانی مەریوان و سەیرانبەندی بانە، بۆ کۆڵبەرەکان لە بەرچاو گیرابوو تا لەو ڕێگایەوە و بە شێوەی یاسایی و بەبەکارهێنانی کارتی پیلەوەری، کاڵای بازرگانی بهێنن و بیبەن و لەو ڕێگایەوە داهاتێک دەست بخەن کە ئێستا ئەو ڕێگاگەلە داخراون.

کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێگاگەلە بە بیانووی ئەوەی کە هاوردە کردنی کاڵا لە ئەو ڕێگایەوە خەسار لە ئابووری و بەرهەمی ناوخۆیی دەدات، داخران و تەنیا ڕووناکایی هومێدی سنوورنشینەکان بۆ بەدەستهێنانی داهات لە ناو چوو، بابەتێک کە ئەو خەڵکەی بەرەو کۆڵبەری و بژێوی ژیان لە ڕێگای نایاساییەوە هان دا.

گەنجان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری

گوندەی "دەرەوەران" سەر بە بەشی خاو و میراوا لە ١٨ کیلۆمەتری باکووری مەریوان و خاڵی سفری سنووری هەڵکەوتووە و ٩٨ بنەماڵە و حەشیمەتێکی ٣٤٠ کەس تێدا دەژین.

خەڵکی گوندەکە لە ساڵی ٨٦ ەوە تا ساڵی ڕابردوو لە بازاڕچەی سنووری فەرمی داهاتیان دەست دەخست بەڵام ئێستا لە ئەو هەلە بێ بەش کراون و بە ناچار زۆربەی گەنجان ڕێگای گەردەنەی تەتە لە سەوڵاوایان گرتووەتە بەر و ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری.

نیعمەت ڕاستی دێهیاری ئەو گوندە دەڵێت: تا ئەو کاتەی کە بازاڕچەی سنووری کاتی لە ئەو گوندە چالاک بوو، داهاتی خەڵک باش بوو بەڵام ئێستا دۆخێکی ئەستەمیان هەیە بۆ ژیان و بە پێی تۆپۆگرافی سەغڵەتی ناوچەکە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەهێزیش لە ئەو شوێنە نییە.

ناوبراو زیادی کرد: زۆربەی کەسانێک کە ڕوو دەکەن ئیشی کۆڵبەری لە باری جەستەییەوە کێشەیان هەیە و بە تێپەڕینی کات توانی خۆیان لە دەست دەدەن.

دێهیاری گوندی دەرەوەران ئاماژە دەکاتە سەر پێدانی سوودی فرۆشی سووتەمەنی بە سنوورنشینەکان و بیری دەهێنێتەوە: ئەو گەڵاڵە تا ڕادەیەک یارمەتیدەری گوندنشینەکان بوو بەڵام نزیک بە ٧ مانگە کە پارەیەک نەدراوە.

ناوبراو وتیشی کەسانێک کە توانی کۆڵبەریان نییە، تازەیی ڕوویان کردووەتە کاری فرۆشتنی خەڵۆز کە ئەوەش دەبێتە لەناوچوونی دارستانەکان.

٦٠ ملیار تمەن دراوەتە سنوورنشینەکان

بەرپرسی کۆمیسیۆنی بەرەنگار بوونەوەی کاڵا و دراوی کوردستان ڕایگەیاند: لە ساڵی ٩٥ ەوە لە چوارچیوەی گەڵاڵەی پێدانی سوودی بەدەست هاتوو لە هەناردە کردنی سووتەمەنی بۆ عێراق، ٦٠ ملیار تمەن ڕژاوەتە حەسێبی ٢٨ هەزار و ٤٤٢ سەرپەرشتی بنەماڵەی سنوورنشینانی کوردستانی.

عەلی خوداوەیسی بە وتنی ئەوەی کە ئەو بڕە پارە ڕژاوەتە حەسێبی سەرپەرشتی بنەماڵەی ٢٨٤ گوند لە ٢٠ کیلۆمەتری سنوور، زیادی کرد:  ئەمساڵ تا ئێستا یەک وۆناغ و لە مانگی گوڵان، بە گشتی زیاتر لە ٢٨٠ ملیار ڕیاڵ ڕژایە حەسێبی ئەو بنەماڵانە.

ناوبراو وتیشی: لە مانگی گوڵانەوە تا ئێستا بە هۆی ڕاگیرانی هەناردە کردنی سووتەمەنی بۆ عێراق، یەکمایەتی دابین کردنی سووتەمەنی ناوخۆیی لە وەرزی سەرما و بەرز و نزم بوونەوەی نرخی دراو، پێدانی سوودی بەدەست هاتوو لە فرۆشی سووتەمەنی بە ئەو گوندنشینانەش ڕاگیراوە.

خوداوەیسی وتیشی: پێمان وایە کە یارمەتی بە گوندنشینان لەو ڕێگایەوە ڕێگایەکی باش نییە و بە دوای ئەوەین کە بە کردنەوەی یەکەی بەرهەم هێنان و کارگە، ئیش و کار بۆ خەڵکی ئەو ناوچە دروست بکەین.

پیلانێکمان بۆ کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکان نییە

بەرپرسی کۆمیسیۆنی بەرەنگار بوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراوی کوردستان بە داخرانی سێ بازاڕچەی سنووری فەرمی پارێزگا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو ئاماژە کرد و وتی: کابینەی دەوڵەت بڕیاری دا تا جێگرەوەیەکی لەبار بۆ بازاڕچە سنوورییەکان بدۆزینەوە، چونکوو چالاکی ئەو بازاڕچەگەلە خەسارێکی گەورەی لە ئابووری و بەرهەمی ناوخۆیی دەدا.

خوداوەیسی بە ئاماژە بە ئەوەی کە دەرکردنی کارتی پیلەوەری بە ئامانجی ڕێگری لە کۆڵبەری بە شێوەی نایاسایی بوو، زیادی کرد: بە دڵنیاییەوە داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان لە زیاد بوونەوەی کۆڵبەری و هاوردە کردنی کاڵا بە شێوەی نایاسایی کاریگەر بووە.

ناوبراو وتیشی: بە بۆنەی ئەوەی کە هەندێک لە دانیشتووانی سنوور بە بۆنەی بژێوی ژیان و پێداویستییەوە ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری، کەواتە ناتوانین بڵێین کۆڵبەری قاچاخە، چونکوو ئەگر هەلی کار و ئیش بوایە، ئەو کەسانە هیچ کات ڕوویان نەدەکردە کاری نایاسایی و کڕینی نان بە نرخی گیان.

ئاڵبەت وتنی ئەو خاڵەش پێویستە کە لەبەر ئەوەی کە دروست کردنی هەلی کاری سەقامگیر کات دەبات، کەواتە لە دۆخی ئێستا بۆ کردم کردنەویە گوشاری ئابووری لە سەر خەڵکی گوند نشینی سنوورەکان و بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی کۆڵبەری و مەترسی لە سەر گیانی ئەو کەسانە، دەتوانرێت بە کردنەوەی بازاڕچەی کاتی سنووری، هەندێک لە کێشەکانی ئەو ناوچە کەم بکرێتەوە.

News Code 30092

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 4 =