بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد ئەمین میرزایی ناسراو بە میرزای هەورامی نووسەری کتێبی "محەمەد ئەمین (دخ)؛ ئینە گوزەرێن جە گوزەرانو دەورانو پێغەمبەری" کە بە شێوەزاری هەورامی و گۆران دەڕوانێتە ژیان، کردار و بەسەرهاتی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام، لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە ڕایگەیاند: ئەم کتێبە شی کردنەوە و دەلاقەیەکی تەواوە لە ژیاننامە و سیرەتی پیغەمبەری گەورەی ئیسلام (دخ) لە دووتۆی ٨١٠ لاپەڕە.
میرزای هەورامی وێرای دەستخۆشی لە مامۆستایان رەئووف ئاشنا و ئەحسەن میرزایی بۆ پێداچوونەوە و ئامادەکاریی کتێبی "محەمەد ئەمین (دخ)"، ڕاشیگەیاند: تا ئێستا هەزار بەرگ لەو کتێبە لە لایەن بڵاوکەرەوەی کوردستان لە شاری سنە چاپ و ئاراستە کراوە و لە پارێزگای کوردستان و کرماشاندا بڵاوبۆتەوە.
ناوبراو بیری هێنایەوە: نووسینی کتێبی "محەمەد ئەمین (دخ)؛ ئینە گوزەرێن جە گوزەرانو دەورانو پێغەمبەری" ٥ ساڵی خایاندووە و بۆ موسڵمانان و کەسانێک کە دەیانەوێ ئاگاداری ژیان و سیرەتی پێغەمبەری ئیسلام (دخ) بن، دەتوانێ سەرچاوەیەکی چڕوپڕ و کامڵ بێت.
لە درێژەدا بەڕێوەبەری ناوەندی گەورەی ئیسلامی رۆژئاوای ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان هەر کام وتاری خۆیان لەبارەی ئەو کتێبە و هەوڵەکانی مامۆستا میرزای هەورامی بۆ بەرزڕاگرتنی هزر و بیری ئیسلامی و فەرهەنگ و زمانی کوردی، ئاراستە کرد و دواتر ٥٠ بەرگی کتێبی "محەمەد ئەمین (دخ)" لە لایەن جەلال قەڵعەشاخانی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی کوردستان و بە مەبەستی پاڵپشتی و دەستگیریی نووسەرانی ناوچە بە نرخی ٣٠ ملیۆن ڕیاڵ کردرا و پێشکەشی مامۆستایانی ئامادەبووی ئەو ڕێوڕەسمە کرا.
بۆچوونی ئێوە