زەلکاوی سووریا و بەدی نەهاتنی خەونەکانی ئەردۆغان

" ئەو پاساوەی ئەردۆغان بۆ شەرعیەت دان بە شەڕی سووریا دەی هێنێتەوە، تەنیا بیانوویەکە بۆ فریو دانی ڕای گشتی و کڵاوێکی گەورەیە دەیخاتە سەر ویژدانی جیهان"

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەڵایی: ئەو کەسانەی کە مەزاجی سیاسی ئەردۆغان و ئیشتیای هەرگیز تێر نەبووی ئەو بۆ جێگیر کردنی نێئۆ عوسمان گەرایی لە ناوچە دەناسن، باش دەزانن شەڕ دژی تیرۆریزم و نە هێشتنی مەترسی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە سنووری هاوبەشی عێراق و سووریا، بیانووە و ئەردۆغان خەونی گەورە و وەهماوی هەیە.

ئاوات و خەونی وەک پەرەدان بە دەسەڵات و خاکی تورکیا، گۆڕینی دموگرافی حەشیمەتی کوردی نیشتەجێ لە سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیا و بەهێز کردنەوەی پێگەی ناوچەیی تورکیا  زیاتر هانی ئەردۆگانی دا بۆ دەستدرێژی کردنە سەر باکووری سووریا وگەرانەوەی دەسەڵاتی سەردەمی شاسلێمان، فەرمانی شەڕ لە گەڵ کوردی سووریا دەر بکات. 

لە حاڵێکدا کە خەریک بوو، بە هەوڵی خەڵک و ئەرتەشی سووریا، خەباتی بێ وچانی کوردەکانی ئەم وڵاتە و یارمەتی دانی  وڵاتانی هاوپەیمانی دەوڵەتی سووریا و بە خوێنی هەزاران شەهید و بریندار، ئارامی بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی سووریا و ئاوارەیی و ژیانی پڕ مەینەتی وازیان لێ بێةیت، ترامپ و ئەردۆغان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دووبارە قەیرانێکیان تووشی سووریا کرد.

ئەمریکا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەموو بەرەکانی شەڕی سارد و گەرمی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی لە جوگرافیای بەرفراوانی بەرەی بەرخۆدان، تووشی شکستی ڕەزیلانە و پەیتا پەیتا بووە و جگە لە تێچووی زۆری هەزاران میلیارد دۆلاری شتێک دەستی نەگرتووە.

بەڵام بەو ئاسانیە نییە . لە سەرەتای شەڕی سووریاوە لە ڕێگای خاکی تورکیا و عێراقەوە، ڕێکخراوە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، داعشیان پەلکێشی ناو سووریا کردووە و بۆ زەبردان لە بەرەی بەرخۆدان و دروست کردنی پەراوێزی ئەمن بۆ رژێمی زایۆنی ، تەیاریان کردن. ئێستاا کە هەژموون و دیرۆکی دۆینەی داعش تێکشکاوە و 12000 داعشی ئەسیری دەستی کوردن، پێدەچێت زۆربەیان کۆدی نهێنی و گرینگیان لە مێشکدا بێت و پەردە لە سەر زۆر لایەنی شاراوەی سەرهەڵدانی داعش و یارمەتیدانیان لە لایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەکاتەوە. ئەمریکا بۆ سووتاندنی هەموو ئەم زانیاریە گرینگانە پێویستی بە تورکیای هاوپەیمان هەیە.

 ترامپ هەروەها لەم کاتەدا کە لە لێپرسینەوەی کۆنگرێس نزیکە ، بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ناوخۆیی ئەمریکا بە بیانووی دابەزاندنی تێچووی ئەمنی و بەرگری ، لە سووریا کشاوەتەوە و گۆڕەپانی شەڕەکەی بۆ تەنیا هاوپەیمانی کۆنی خۆی لە ناوچەکە و لە دۆسیەی سووریا، واتا ئەردۆغان بەجهێشتووە.

 ئێستا ئەو پرسیارانە دێتە ئاراوە؛ ئەو ئامانجانەی کە ئەمریکا لە سووریا پێوشوێنی دەگرێت، لەوانەش؛ گۆڕاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد، دانانی حکوومەتێکی سەر بە ئەمریکا، لاواز کردنی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس، دابین کردنی ئاسایشی ئیسرائیل، لاواز کردنی دەسەڵاتی ڕووسیا و ئێران لە سووریا، ئامادەبوون لە جوگرادیایەکی نزیک بە خاکی ئێران، تاڵان کردنی وزە بە تایبەتی نەوت و  سەرچاوە کانگاییەکان، ئێستا کە ئەمریکا نەماوە ، تورکیا پێوشوێنی دەگرێت؟

 تورکیا و سەرۆک کۆمارە کردەکیەکەی تا چ ڕادەیەک دەتوانن بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سووریا و جوگرافیای نزیک بە بەرزاییەکانی گوڵان، دابین بکەن؟ بە ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین کە هیچ.

 دەوڵەتی تورکیا تەنانەت ئەگەر هەموو کوردەکانی سووریاش لە ناوببات و هەموو ئەو ناوچانەش کۆنترؤل بکات، کە بێ گومان ناتوانێت؛ دووبارەش ئەم تواناییەی نییە کە لە بەرانبەر بەرەی بەرخۆداندا بوەستێت و ئابووری لەرزۆکی تورکیا و کاردانەوەی کۆمەڵگای جیهانیی ئەم دەرفەتە بە ئەردۆغان نادات و تورکیا لە زەلکاوی سووریا دەخنکێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا بە دەستپێکردنی ئەم پەلامارەی بۆ سەر باکووری سووریا هەوڵ دەدات بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی دۆڕێندراوی لە ناوخۆی تورکیا، پەردە پۆش کردنی دۆڕانەکەی لە بەرەی ئەدلەب، لە کۆڵ بوونەوەی هەزاران پەنابەری سووری لە کەمپە سنوورییەکان، گێل کردنی خەڵک لەو دۆخە ئابوورییە خراپەی تورکیا.

 لە دۆخی ئێستادا بەڵام گومان لەوەدا نییە کە خەونەکانی ئەردۆغان بۆ پەرەدان بە خاکی تورکیا تا حومس و حەڵەب، تەعریب و گۆڕینی  دمۆگرافیای باکووری سووریا، پچرینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە گەڵ خەڵکی کوردستانی سووریا، تەعریب کردنی ناوچەکە بە عەرەب و تورکمان، هاوسەنگی و هاوپێگەیی لە گەڵ ئێران و ڕووسیا بۆ دۆسیەی سووریا، پێچەوانە بەدی دێت.

 کارناسانی پرسە سیاسی و سەربازییەکان هێشتا لە سەر ئەوڤبڕوایەن؛ تەنیا رێگەی رزگاری کوردەکانی سووریا لەم گێژاوە و ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی خەڵک و پاراستنی شوناسی کوردەکان و وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان، ڕێککەوتن لە گەڵ دەوڵەتی سووریا و بەکارهێنانی توانایی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی ئەسەدە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی خاوەن هەژمون لە سووریا وەک ئێران و ڕووسیا هەر لە سەرەتاوە داوایان لە کورد کرد لە گەڵ دەوڵەتی سووریا ڕێکبکەوێت.

 ئەگەرچی کوردی سووریا بە بێ چەکی پێشکەوتوو و تەنیا بە پشت بەستن بە ورە و توانایی خۆی توانی داعش لە کۆبانی و باغۆز تێکبشکێنت و ئەم جارەش تا ئێستا بەرانبەر بە تورکیا بەرخۆدانی بێ وێنەی بووە، بەڵام ڕێگای دیپلۆماتیک و  کەڵک وەرگرتن لە جیهازات و هێزی فەرمی دەوڵەتی سووریا ڕێگاچارەیەکی لۆژیکە بۆ ڕێگری لە کوشت و بڕی خەڵکی باکووری سووریا و دەمکوت کردنی دەستدرێژیکەران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان.

News Code 28873

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 12 =