ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەولەتی – فاتمە محەمەدی پوور: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران داسەپانی گەمارۆی توند و زەخت و گوشاری ئەمریکای لەسەر خۆی بینیوە و دەوڵەتی ترامپ بەردەوام لەو بژێرەیە و دەرچوونی لە بەرجام و هەڕەشەکان بۆ چۆک دادان بە تاران بەهرەی وەرگرتووە. دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات، بە بێ تێچوو و بە سیاسەتی گوشاری لانی زۆری ئێران ناچار بکات تەسلیمی واشنتۆن و هاوپەیمانانی بکات؛ گریمانەیەک کە لە بنەڕەتەوە هەڵەیە.
بەڵام ئێران چۆک دانادات و لە رێگەگەلی جۆراوجۆرەوە نیشانی داوە کە توانانی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەیە. هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وتووێژێکی لە گەڵ جێفری کارلینەر مامۆستای زانکۆی بۆستۆنی ئەمریکا ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
* ئایا پێتان وایە کە کەمپەینی گوشاری توند لە سەر ئێران ئەنجامێکی بۆ دەوڵەتی ترامپ بە دواوە دەبێت؟
ـ کەمپەینی گوشاری توندی ترامپ دەسکەوتگەلێکی بووە، ئەگەرچی ئاماژەیان پێ نەدراوە. ئێرانیش وەڵامی ئەو کەمپەینەی داوەتەوە، وەکوو کردنە ئامانجی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئەمریکی لە ناوخۆی ئاسمانی ئێران و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی زیاتر لەوەی لە بەرجامدا بەڵێنی داوە.
کەواتە کەمپەینی گوشاری زۆر و کاردانەوەی ئێران بەو کەمپەینە و کاردانەوەی ئەمریکا بە هەڵسوکەوتی ئێران ڕەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
* پێدەچێ لە گەڵ نزیک بوونەوە لە رۆژانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ترامپ زیاتر پێداگری لە گفتوگۆ لە گەڵ ئێران دەکات. بە بڕوای ئێوە ئەو هەڵوێستە زیاتر بۆ پڕۆپاگاندای هەڵبژاردنە یان دەسکەوتێکە لە سیاسەتی دەرەکی ئەو؟
ـ پێشنیاری ترامپ بۆ دانوستان لە گەڵ ئێران دەرەوەستێکی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆک کۆماری نەداوە. ئەو پێی خۆشە پاگەندەی ئەوە بکات کە مامەڵەیەکی باشتر لە ئۆبامای لە گەڵ ئێران واژۆ کردووە. تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ٢٠٢٠، شازدە مانگمان ماوە و پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گەڵ ئێران زۆر کەم بەهاترە لە دۆخی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پرسی کۆچبەری، بازرگانی، گۆرانی دۆخی هەرێمی و ...؛ مەگین ئەوەی کە ئەمریکا لە گەڵ ئێران تووشی شەڕ و پێکدادان بێت.
هەر جۆرە سەربزێوییەکی ئەمریکا لە دژی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ترامپ هەڵبژاردنەکان بدۆڕێنێت. بێ شک ئەو نایەوێت لە گەڵ ئێران تووشی شەڕ بێت و حەز بە دانوستان دەکات. دانوستانی نێوان ترامپ و ئێران دژوار دەبێت و بە هەمان شێوەی کە دانوستانەکانی بەرجام دژوار بووە. ڕەنگە ئەوان خوازیاری گۆڕینی تەکنیکی و وردەکاری لە بەرجام یان پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی بۆ زیاتر لە دە ساڵ و یان ترنجاندنی پرسی پلانی مووشەکی دوومەودای ئێران لە بەرجامدا بن.
گۆڕانی چکۆلە ڕەنگە بۆ ترامپ بەس بێت، هەتا ئیدعا بکات کە سەبارەت بە گرێبەستێکی زۆر باشتر لە گرێبەستەکەی ئۆباما دانوستانی کردووە. ئەوە ڕێک هەمان شطێکە کە لە دانوستانەکانی ترامپ لە گەڵ مەکزیک و کەنادا سەبارەت بە نەفتا، ڕێککەوتننامەی بازرگانی نێوان سێ وڵات ڕووی دا و ترامپ بە گۆڕینی بژێرەگەلێکی چکۆلە لە ڕێککەوتننەکان، ناوی ئەو ڕێککەتنانەی گۆڕی و ناوی لێنا سەرکەوتنی گەورە. ڕەنگە ترامپ لە گەڵ ئێرانیشدا ڕێککەوتنێکی لەو چەشنە بە دەست بێنێت. بێ وگمان هەر دوو وڵات زیاتر لە شەڕ لە دانوستان بەهرەمەند دەبن.
* گوشاری زۆرینە بۆ سەر ئێران ئەنجامی چاوەروان کراوی بۆ ترامپ مسۆگەر نەکردووە. بەوەشەوە ئایا مۆمکینە گۆڕانێک لە تیمی شەڕخوازی ترامپ و لەوان جان بۆڵتۆن و مایک پەمپێئۆدا ڕوو بدات؟
ـ بڕیاری کۆتایی و دواجاری ترامپ سەبارەت بە هێرش نەکردنە سەر ئێران پاش داخرانی فرۆکەی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوە، تەواو بە پێچەوانەی بڕیار و پێشنیاری بۆڵتۆن و پەمپێئۆ بوو. بۆڵتۆن و پەمپێئۆ خوازیاری شەڕ لە گەڵ ئێرانن، بەڵام ترامپ ئەوەی ناوێ. ڕەنگە لە کۆتاییدا ترامپ ناچار لە دەرکردن و وەلاونانی ئەوان بێت، بەڵام تا ئەوکات دەتوانێ پێشنیارەکانیان پشتگوێ بخات و بەهایان پێ نەدات.
* بە ئاوردانەوە لەوەی کە شەڕی بازرگانی لە گەڵ چین کاریگەریی نەگونجاوی لە سەر ئابووریی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێت و ئابووریش کارتی بردنەوەی ترامپە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سای درێژەی شەڕی بازرگانی لە گەڵ چین چۆن لێک دەدەنەوە؟
ـ ترامپ دەزانێ ئەگەر ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لاواز بێت، دووبارە هەڵنابژێردرێتەوە. ئەو ئەگەر بزانێت شەڕی بازرگانی لە چین دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووریی ئەمریکا درێژە بەو شەڕە نادات. تا ئێستا شەڕی بازرگانیی لە گەڵ چین زیانێکی ئەوتۆی بۆ ئابووریی ئەمریکا بە دواوە نەبووە و ئەو کەرتانەی زۆرترین زیانیان پێ گەیشتووە و لەوان جووتیاران و وەرزێران، هێشتاش پاڵپشتی لە ترامپ دەکەن.
بەوەشەوە مومکینە ئایدیای شەڕی بازرگانی لە گەڵ چین لە نوامبێری ساڵی ٢٠٢٠ و لە سەرودەمی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت و ڕەنگە ترامپیش بەشێک لە ویستەکانی کەم بکاتەوە. هاوکات زیاتر لە زیانێک کە بە ئەمریکا دەگات، ئابووریی چین-یش لە شەڕی بازرگانیدا زیان دەبینێت. هەر بۆیە پێدەچێت چین-یش ویستەکانی خۆی کەم بکاتەوە.
* فاکس نیووز وەک میدیایەکی لایەنگری ترامپ لەم دواییەدا لە ڕاپرسینەوەیەک نیشانی دا کە ترامپ بە نیسبەتی ٥ بەربژێری دیکەی سەرۆک کۆماری لە حزبی دیموکرات و لەوان "بێرنی سەندێرز" و "جۆ بایدن" دەنگێکی کەمتر مسۆگەر دەکات. ڕای ئێوە لەبارەی ئەو ڕاپرسینەوەیە چییە؟
ـ فاکس نیووز بە تەواو مانا پاڵپشتی لە ترامپ دەکات و پاڵپشتییەکی تا ڕادەیەک دژە ڕەخنەگرانەی بۆ هەر هەنگاوێکی ترامپ دابین کردووە. بەڵام هەموو بەشەکانی فاکس نیووز بە یەک شێوە پاڵپشتی لە ترامپ ناکەن. ئەنجامی ڕاپرسینەوەکان دروستن، بەڵام بەوەشەوە بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، چونکە شازدە مانگمان ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان و بۆچوونی دەنگدەران ڕەنگە لەو ماوەیە بگۆڕدرێت.
ترامپ لای زۆربەی ئەمریکییەکان خۆشەویست نییە، بەڵام لای بەشێک لە خەڵکی ئەمریکا پاڵپشتی بە هێزی لێ دەکرێت. ئەنجامی راپرسینەوەکان نیشاندەری ناکۆکیی نێوان ترامپ و فاکس نیووز نییە و فاکس بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی باش لەبارەی ترامپەوە و ترامپیش بەردەوام دەبێت لە پشتبەستن بە فاکس بۆ تۆکمە کردنی هەڵوێستەکانی خۆی.
بۆ وێنە، هەندێک لە ڕاپۆرت و هەواڵەکان دەڵێن کە ترامپ چاوپۆشی کرد لە بوردۆمانی دامەزراوەی ڕاداریی ئێران، چونکە کارناسێکی فاکس نیووز وتبووی هێرش بۆ سەر ئێران بە پێچەوانەی بەڵینەکانی ترامپ بۆ دوورخستنەوەی ئەمریکا لە هەر جۆرە شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناڤین، لە ململانێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ـه.
بۆچوونی ئێوە