بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فراکسیۆنی نوێنەرانی سوننەی مەجلیس لە کاردانەوە بە سووکایه تی لە کەناڵی ٥ی تەلەڤیزیۆنی ئێران بە بۆنەی ڕێوڕەسمی لە دایکبوونی ئیمام حەسەن موجەتبا (دخ) کە وەک "سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و باوەڕە مەزهەبییەکان" ناوی لێبراوە، نامەیەکیان ئاراستەی رێبەری باڵا کرد و تێیدا وتە بە نرخەکانی بەڕێزیان بۆ داکۆکی لە گەلان و مەزهەبەکانیان بیرهێنایەوە، کە ئەگەر کەسێک ئاگادارانە و نائاگادارانە بێ ڕیزی و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی سوننە و شیعە بکات، بە کرێ گیراوی دوژمنە.
واژۆکەرانی ئەو نامەیە لە درێژەدا بە ئاماژە بەوەی کە لێدوانە بڵاوکراوەکان لە کەناڵی ٥، هەڵگری وتەگەلێکی دژەیەکگرتووانە و سووکایەتی ئاشکرا بە پیرۆزییەکان و باوەڕە مەزهەبییەکانی سوننە بووە، ئەو کارەیان بە پێچەوانەی فەرموودە هوشیارانەکانی رێبەری باڵا زانی کە بۆتە هۆی نیگەرانیی زۆری سوننەی وڵات.
هەروەها لە کۆتایی نامەکەدا داوایان لە رێبەری باڵا کردووە کە بە پێی زەروورەتی پاراستنی یەکگرتوویی وڵات و بە تایبەت پێشگری لە سەرهەڵدانی ناکۆکی و چەند بەرەکی ناوخۆیی و مەزهەبی و دەرفەت بەخشین بە دوژمنان، فەرمان بدەن کە لەوبارەیەوە وێرای هوشداری دان و هەڵسوکەت لە گەڵ هۆکارانی ئەو کارە، ڕێوشوێنی پێویست بۆ دووپاتنەبوونەوەی بگیردرێتە بەر.
Your Comment