پەیوەندی بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئێران بە هۆی گەمارۆوە ناوەستێت

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەو کاڵا و شت و مەکەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان پەیوەست نین بە ئابلۆقەی ئابووریەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەبارەت بەو سزا ئابوورییەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، هەرکاتێک لە حکوومەتی عێراق هەر بڕیارێک دەربچێت ئەوا حکوومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەکە دەبێت".

نەوزاد ئەدهەم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی لەئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان پێوەدەکرێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا  وتی: "ئەو شتانەی کە هاوردە دەکرێن شتی کەمن بۆ نموونە "پێستە یان هاڕاوەی پلاستیک، یان هەندێک جۆری کانزا هەیە کە دەچێتە ئێران بۆ نموونە پاتری ئۆتۆمبێل، بەڵام بە گشتی شتێکی وا نییە کە جێی تيڕامان بێت، بەڵکو زیاتر سەوزە و میوە و هەندێک جۆری کارەباییات هاوردە دەکرێت".

ئەو سەبارەت بە سستبوون یان راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند: "پەیوەندی بازرگانی ناوەستێت، ئەو بابەتانەی لە ئێرانەوە دێن پەیوەست نین بە ئابلۆقەی ئابووری."

وتیشی: "بە پێچەوانەوە ئێران لە هەندێک مەواد رێگا نادات کە هاوردەی هەرێم بکرێت لەبەر دۆخی ناوخۆ و هەندێک پیشەسازی هەیە کە مەوادی سەرەتایی رێگا پێدراو نییە هەناردەی وڵاتان بکرێت و هەر بۆیەش لەئێستادا بازرگانان زیاتر رووی بازرگانییان بۆ وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، سووریا و ئوردن وەرگێڕاوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی جەختیشی لەوەکردەوە کە بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەی نابێت لەسەر سێکتەری ئابووری هەرێمی کوردستان بە هۆکاری ئەوەی کە ئەو کەلوپەل و کاڵایانەی کە مامەڵەی بازرگانییان لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێوە دەکرێت لە چوارچێوەی لیستی ئابلۆقەکانی ئەمریکادا نییە بۆسەر ئێران.

وتیشی:"دڵنیاتان دەکەیەنەوە کە ئابووری هەرێمی کوردستان جێگیرە و بڕیارەکانی ئەمریکا هیچ کاریگەری نابێت لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان".

News Code 26459

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 4 =