دەسپێکی سەفەری دژە ئێرانیی پەمپێئۆ بۆ ئەورووپا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەفەری خۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپی لە پێناو دەنەدانی ئەو وڵاتانە لە دژی ئێران دەست پێکرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە میدیاگەلی ئەمریکی، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسێکی هاوپەیوەند بە پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین دەچێتە وڵاتی پۆلاندا. مایک پەمێئۆ هەروەها بڕیارە لە بەلژیکا سەبارەت بەوەی ناویان لێ‌ناوە "هەڕەشەکانی ئێران و ڕووسیا"، لە گەڵ هاوتای ئەورووپیی خۆی گفتوگۆ بکات.

سەفەری مایک پەمپێئۆ بۆ پۆلاندا بەشێکە لە سەفەری ئەو بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپی لە بەراوری ١١ تا ١٥ی فیڤرییە و بەو جۆرەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پەمپێئۆ لە سەفەرەدا سەدرانی وڵاتانی مەجارستان هەنگاریا، سلۆڤاکیا، پۆلاندا، بەلژیکا و ئیسلەند دەکات.

پەمپێئۆ بە هاوڕێتیی مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەشداری دانیشتنی وێرشۆ دەبێت؛ ئەو دانیشتنە کە بڕیارە رۆژی ١٣ی فێڤرییە/ ٢٤ی رێبەندان بەڕێوە بچێت، بە "دانیشتنی وەزیران بۆ پەرەدان بە داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناڤین" ناوزەد کراوە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو دانیشتنە ئاماژە بە ئێران نەکراوە، بەڵام مایک پەمپێئۆ پێشتر لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە پرسی سەرەکی لە بەرێوەبردنی ئەو کۆنفڕانسە کۆماری ئیسلامی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەتای مانگی رێبەندانی ئەمساڵی هەتاوی وتبووی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران هەوڵ دەدات هاوپەیمانییەک پێک بێنێت.

بەوەشەوە بەرپرسانی پۆلاندایی وتوویانە دانیشتنی وێرشۆ بە گەشتی پەیوەستە بە پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەمدواییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کۆبوونەوەیە "نە دژی ئێرانە و نە هەوڵێکە لە پێناو پێکهێنانی هاوپەیمانییەک".

هەڵبەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا کە رۆژی ٧ی فێڤرییە بڵاوی کردوە، ئاماژەی بە ناوی ئێران و ڕووسیا کردووە.

بە وتەی ئەو وەزارەتخانەیە، مایک پەمپێئۆ لە میانەی سەفەر بۆ بەلژیکا و دیدار لە گەڵ فدریکا موگرینی بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەورووپا، سەبارەت بە "گرینگیی تۆکمەکردنی ئاسایشی ئەورووپا و ئاوردانەوە لە هەڕەشەگەلی ئێران و ڕووسیا" لە پەنای ڕووداوەکانی ڤێنێزۆئیلا گفتوگۆ دەکات.

بەرپرسانی ئەمریکی لە رۆژانی ڕابردوو ناڕەزایەتی خۆیان بۆ کرانەوەی کۆریدۆری دارایی بۆ بازرگانی یەکێتی ئەورووپا لە گەڵ ئێران دەربڕیبوو، بەڵام بەوەشەوە ڕوون نییە کە ئایا لەم سەفەرەدا پرسی میکانیزم ی دارایی گفتوگۆی لە سەر دەکرێت یان نا.

بە وتەی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز واشنتۆن لە پێناو پرسی مووشەکی و ناڤۆکی و هەروەها کۆتایی هێنان بەو شتەی ئەمریکا پێی دەڵێت "کرداری دزێو و تێکدەرانەی ئێران لە رۆژهەلاتی ناڤین" هەوڵی بەرزکردنەوەی گوشارەکانی لە دژی تاران دەدات.

شایانی باسە ئێران تەواو تۆمەتە هاوپەیوەندەکان بە دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت پلانی مووشەکیی بەرگرانەیە و لەوبارەیەوە لە گەڵ هیچ وڵاتێک دانوستان ناکات.

News Code 24940

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 12 =