به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له ئێن ئاڕ تی، به مهبهستی گفتوگۆ کردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، شاندی پارتی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ موقتەدا سەدر و نوری مالیکی و عەممار حەکیم و لەگەڵ هادی عامریشدا کۆبوونهوه.
شاندەکەی پارتی کە فازڵ میرانی سەرۆکایەتی دەکات لە سەرەتادا لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی سائیرون کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، کۆبووەوە.
نوسینگەی سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی داهاتوو سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ کورد چارەسەر دەکات و باوکانە کار لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا دەکات.
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەدر، شاندەکەی پارتی لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوەوە.
مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لیستەکەی ٢٥ کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، ئاماژەی بەوە کرد، کۆبونەوەکە باش و گرنگ بووە و لەگەڵ پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە پرۆسەی سیاسیی دەست پێدەکەنەوە.
شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و خەسرەو گۆران و بەنگین ڕێکانی و شوان محەمەد و ئومێد سەباح.
Your Comment