بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نوێنەرانی کوردی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لەو نامەیەدا بۆ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە: وەک ئاگادارن ئەردۆغان بە بۆردومان و لەشکەرکێشان بۆ سەر خەڵکی بێ یاوەر و بێ پەنای کوردی سووریا، خەریکی جەنایەت و خوێنڕشتنە و کەچی ئەو ڕێکخراوە تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە و زلهێزانی پاگەندەکاری مافی مرۆڤیش وەک هەمیشە خۆیان داوەتە کەنار و تەنیا لە دوورەوە چاوەدێری کارەساتەکە دەکەن.
لەو نامەیەدا ئاماژە بەوەش دراوە: مێژوو خۆی بەڵگە و شایەدێکە بۆ سەلماندنی ئازایەتی و لە خۆبوردوویی کوردانی سووریا لە بەرامبەر داعش و هیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز، ئازایەتی و سەربەستیی ژنان و پیاوانی کۆبانی و خەڵکی عەفرین و کوردە دلێرەکانی عێراق و سووریا بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و و بەزاندنی داعش لە بیر ناکات. ئەویش لە کاتێکدا کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خۆیان بە سلفی گرتن و وێنەگرتن لە گەڵ ئایلانی لێقەوماو سەرقاڵ دەکرد.
نوێنەرانی کوردی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بە ڕەخنەگرتن لە بێهۆشی و کەمتەرخەمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزانی جیهانی بۆ ڕۆڵگێڕان لەو کارەسات، نووسینی ئەو نامەیان تەنیا بۆ بە ئاگاهێنانی ڕای گشتی، تۆمارکران لە مێژوو و ڕاپەراندنی ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان ڕاگەیاندووە.
ڕاشیانگەیاندووە: گومانێک لەوەدا نییە کە خەڵکی ئازای کوردستانی سووریا بۆ پاراستنی زێد و نیشتمانی خۆیان، دەستدرێژکاران و داگیرکەرانی وڵاتەکەیان تێکدەشکێنن و عەفرین وەک کۆبانی، بۆ سەربازانی ئەردۆغان و داعش دەکەنە گۆڕستان.
Your Comment