ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – محەمەد فاتمی زادە- شەڕی داعش و گۆڕانکارییەکانی سووریا ماوەیەک بوو ببووە هۆی لە بیرکرانی پرسی لوبنان، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵی چاوەرواننەکراوی دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ جارێکی دیکە سەرنجی میدیا و کارناسانی بۆ لای لوبنان ڕاکێشا.
دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان نەک لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و کۆشکی سەرۆک وەزیران، بەڵکوو لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستان و لە میانەی سەفەری سەعد حەریری بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیێندرا. هەر ئەمەش پرسەکە و هۆکارەکانی پشت ئەو ڕووداوە ئاڵۆزتر دەکاتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەست لە کار کێشانەوەی "سەعد حەریری" و ڕۆڵی سعوودییە لەوبارەدا، "ئەیووب حەمید" نوێنەری پەرلەمانی لوبنان بە هەواڵنێری مێهری ڕاگەیاند: ناسینی هۆکار و کەرەسەکانی بەردەم ئەو دەست لە کارکێشانەوەیە زووە و هیچ کەس و ڕەوتێکی سیاسی لە لوبناندا چاوەروانی ئەو هەنگاوە لە لایەن سەعد حەریری نەبوو، ئەوەی دیار و ئاشکرایە خۆبوواردنی سەرۆک وەزیران لە درێژەی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و وەڵامدانەوە لەوبارەیە.
نوێنەری پەرلەمانی لوبنان وێرای ئاماژە بە ناوەڕۆکی بەیاننامەی دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری کە بە وتەی ئەو لە زمانی دەسەڵاتدارانی دژی ئێران نزیکە، وتی: ئەو ڕاوێژە هی "سەعد حەریری"ی سەرۆک وەزیرانی لوبنان نییە و ئەو لە دەوڵەتێکی پێکهاتوو لە گرووپ و ڕەوتە جۆراوجۆرەکاندا بە ئاشتەوایی ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی زایۆنیزم هەمبەر بە دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان و هەوڵی ئەوان بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخی ناوخۆیی لوبنان، ڕاشیگەیاند: ئاساییە کە ئیسرائیل و دوژمنانی لوبنان و بەرەی خۆڕاگری، بە بوونی ئاڵۆزی لە تەواو وڵاتانو بە تایبەت لوبنان خۆشحاڵن.
ئەیووب حەمید بیری هێنایەوە: لوبنان لە سای خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی گەل و یارمەتی و پاڵپشتیی ئێران و هاوڕێیانمان لە سووریا و ئێران پیلانی زایۆنیستەکانی پووچەڵ کردۆیەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی لوبنان لە وەڵامی پرسیار لە پەیوەندیی دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، لە گەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەرەی خۆڕاگریی لوبنان و حزبوڵڵا، ڕوونی کردەوە: عەرەبستانی سعوودی لە ئێستادا دەستی داوەتە دەستگیریی بەربڵاوی بەرپرسانی ئەو وڵاتە و لە سەرووی ئەویشەوە هەوڵی پێکهێنانی بەرە و هاوپەیمانییەکی نوێ لە ناوچەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و خۆڕاگریی لوبنان دەدا.
حەمید سەبارەت بەوەی کە ئایا سعوودییەکان لە رێگەی دەست لە کار کێشانەوەی حەریری هەوڵی قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیان لە سووریا دەدەن، وتی: بە داخەوە عەرەبستان خۆی وەرداوەتە ناو شەڕگەلێکی زۆرەوە و پاشهاتی ئەو شەڕانە کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوخۆیی و ژیانی هاووڵاتیانی عەرەبستانی بە دواوە بووە.
ناوبراو لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە: لوبنان لە قەیرانگەلی قووڵتر لەوەی ئێستا تێپەڕبووە و بە یەکگرتوویی ناوخۆیی توانیویەتی پێشگری بکات لە خەسارگەلی شیمانەیی و ئەم وڵاتە لە پێناو بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ناوخۆیی و مسۆگەرکردنی دەسکەوتگەلی ڕاستەقینەی زیاتر هەوڵ دەدات.
Your Comment