ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بەهرام ئەمیر ئەحمەدیان شرۆڤەکاری پرسی تورکیا لە لێدوانێک بۆ هەواڵدەریی ئێرنا، سەبارەت بە بڕیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە، وتی: ئەم بڕیارە بە ئاوڕدانەوە لە زیندانیبوونی زیاتر لە دوو دەیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوور لە چاوەروانی بوو. بەڵام ناکرێ نکۆڵی لە کێشەی کورد وەک کێشەی بنەڕەتی تورکیا بکرێت. بە تایبەت لە کوردەکان لە خاک و زێدی خۆیاندا دەژین و ئەوە تورکەکان کە وەک میراتبەری حکوومەتی سەلجووقی و عوسمانی بەشگەلێکیان لە ئاسیای سەغیر و باڵکان داگیر کردووە و لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بە پێکهێنانی کۆماری نوێ، پێناسەیەکی هەڵاواردانەیان لە "نەتەوە" بە سەر گەلانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە. بۆ نمونە تووشی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانیان هاتن و لەو وڵاتە وەدەریان نان، بەڵام نەیانتوانیوە کوردەکان لە خاکی خۆیان داببڕن.
ناوبراو وتیشی: کوردەکان لە تورکیادا بەدوای بە فەرمی ناسرانی شوناسی کوردی خۆیانن. بەڵام دەوڵەتی تورکیا خۆ لەو دۆزە ڕەوایە دەبوێرێت و ئەمە بۆتە هۆی دەسپێکی شەڕێک کە زیاتر لە چوار دەیە درێژەی خایاندووە و ئەم شەڕە لە لایەن کوردەکانەوە بە ئاراستە شەڕی چەکدارانە ڕۆیشتووە و تا ئێستا دریژەی هەبووە و زیانێکی قورسی لێکەوتۆتەوە.
ئەمیر ئەحمەدیان بە ئاماژە بە هەوڵە کەم و نیوەچڵەکان لە سەرەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان بۆ ڕێگەدان بە نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی، بیری هێنایەوە: ئەگەرچی بەرەنگاربوونی چەکدارانە لە دژی دەوڵەتی ناوەندی هەنگاوێکی هەڵە و تیرۆریستییە، بەڵام بەوەشەوە ناکرێ نکۆڵی لە پێشێلکرانی مافی شوناسخوازانەی کوردەکانی تورکیا بکەین.
ئەم مامۆستای زابکۆیە بە ورووژاندنی پرسیار لە ئەنجامی ئایدیالە سازێنەرەکانی پەکەکە لە پاش بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ڕایگەیاند: ڕێکار و ئەنجامی ئاوەها ڕەوتگەلێک لە ئاستی جیهانیدا، وەرگیرانیان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی و دەستەبەرکرانی مافەکانیانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەندامان و سەرکردەکانی پەکەکە لە لایەن ئەنقەرە پێوشوێنی یاساییان لە سەرە. ئایا تورکیا بڕیارە پاش هەڵوەشانەوەی پەکەکە، یەک بە یەکی ئەندامانی ئەو پارتە دەستگیر بکات؟ دیارە ڕیکاری پەکەکە لە تورکیا پێدانی حەسانە و ئازادی چالاکی لە بری چەکدانانیانە. کەواتە پەرلەمانی تورکیا دەبێ ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو گۆرانکارییە پێشبینی بکات.
شرۆڤەکاری پرسی تورکیا لە درێژەدا جەختی لە گرنگیی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بۆ تورکیا کرد و وتی: تورکیا دەبێ بزانێت کە ئەنجامی دانوستانی دوو وڵات بۆتە هۆی خەملانی هێمنترین سنوورەکان بۆ هەر دوو لا و هاوکاریی دوو قۆڵی بۆ شەڕ لە دژی تیرۆریزم.
وتیشی: بێ گومان بڕیاری هەڵوەشانەوەی تورکیا، لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ کوردەکانی سووریا کە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە دەروەستیان بە پەکەکەوە نییە و پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوان نییە و تورکیا بە بیانووی لاوازکردنی کوردەکان و پێشگری لە خۆبەڕیوەبەریی کورد لە عێراق و سووریا، بەردەوام تۆمەتی پەکەکەییبوونی داوەتە پاڵیان و بەو بیانووە سەرکوتی کردوون.
ئەمیر ئەحمەدیان جەختی لەوەش کرد: هیچ شکێک لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێ پێگەی سەربازیی لە سنوورەکانی سووریادا سەقامگیر و تۆکمەتر بکات، بە تایبەت هاوکاری بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی بەشار، پاڵپشتیی لە ڕژیمی جۆلانی و لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و هەڕەشەکانی لە ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. ئەگەرچی ئەو بەهەڵەدا چووە و ئێران نە تەنیا هەڕەشە بۆ تورکیا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەو، ئێران بەهێزتر لە هەمیشەیە و بۆی نییە هوشدار بداتە تاران.
ئەو مامۆستای زانکۆیە ڕاشیگەیاند: ڕووی دووەم و ئیجابیی سەرگرتنی بڕیارەکەی ئۆجەلان، گەڕانەوەەی ئاسایش بۆ عێراقە. چونکە لە ماوەی ئەو چوار دەیەیە، تورکیا هەر کات ویستوویەتی بە بیانووی پێشوێنگرتنی پەکەکە، هەرێمی زەوینی و ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و سەروەریی ئەو وڵاتەی پێشێل کردووە. کەواتە لام وایە ئەگەر ڕێوشوێنێکی ژیرانە بگیرێتە بەر بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیخوازانە لەگەڵ کوردەکان و وەرگرتنیان لە پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا، ناوچەکە بە ئاراستەی حەوانەوە و ئاسوودەیی دەڕوات و ئەم بڕیارەی ئۆجەلان بە قازانجی ناوچەکە دەبێت.
Your Comment