بە پێی هەواڵی مێهر، لە هێرشی چەکدارێک بۆ بینای حیزبی دیموکراتیکی گەل (هەدەپە) لە شاری ئێزمیر ئەندامێکی ئەم حیزبە بەناوی دێنیز پویراز کوژرا.
ئەمڕۆ کەسێکی چەکدار هێرشی کردە سەر بینای حیزب و سەرەتا دێنیز پویراز ئەندامی لاوی ئەم حیزبەی بە بارمتە گرت و پاشان بە هاویشتنی گولەیەک کوشتی و کاتێ ویستی ئاگر لە نووسینگەی حیزب بەربدات لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کرا.
پاشان خەڵک و لایەنگرانی هەدەپە لە دەوری بیناکە کۆ بوونەوە و تووڕەیی خۆیان سەبارەت بەم کردەوە دەربڕی.
قایمامی ئێزمیر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە سەبارەت بەم رووداوە لە حاڵی ئەنجام دایە.
هەدەپەش ڕایگەیاندووە: ئەو کەسەی نووسینگەی ئێمەی کردۆتە ئامانج و فەرمانی ئەوەی داوە، حکوومەتێکە کە حیزب و هەموو نووسینگەکانی پارێزگاکانی ئێمەی کردۆتە ئامانج و وەزارەتی ناوخۆی وڵاتێک ئەوانە بەڕێوە دەبات.
شیاوی ئاماژەیە ڕۆژی پێشووش چەند کەس بە کۆ بوونەوە لە بەندیخانەی سینجان لە ئەنقەرە، هێرشیان کردە سەر ئەندامانی هەدەپە و مانگی پێشووش هێرش کرایە سەر نووسینگەی ناوەندی حیزب لە ئەنقەرە.
Your Comment