عەمید حەمید نەجمەدین خالد فەرماندەی فەوجی پێشمەرگە لە دەڤەری دووز خورماتوو لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە هاوکاری ئێران و هێزی قودسی سوپای پاسداران لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی عێراق لە شەڕی داعش، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا دەرگای یارمەتی بۆ گەلی کوردستان کراوە بووە.
عەمید حەمید نەجمەدین جەختی کرد: لە شەڕی داعش ئێران دەوری کاریگەر و باڵای هەبوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی شەهید سەردار قاسم سولەیمانی زۆر ڕۆڵی کارای گێڕاوە لە شەڕی داعش بە تایبەت لە سنووری خانەقین و مەندەلی تا دەگاتە مەخموور و کەرکووک .
ڕاشیگەیاند: شەهید کرانی سەردار قاسم سولەیمانی خەسارێکی گەورە بوو بۆ ئێران و عێراقیش و ناوچەکە و ئێمە وەکوو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دۆستەکانی خۆمان فەرامۆش ناکەین و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنانەت بە گولەیەکیش بووبێت یارمەتیمانی داوە، یان بە هێز و بە ڕاوێژکاری، لە یادی ناکەین کە لە ڕۆژی تەنگانە دا بە هانای خەڵکی کوردستانەوە هاتوون.
عەمید نەجمەدین زیادی کرد کە سەردار حاجی قاسم سولەیمانی لە ناوچەی جەلەولا و کۆباشی و سەعدیە لە سەنگەری هێزەکانی پێشمەرگەدا شەڕی داعشی کردووە.
سەبارەت بە کەسایەتی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی ئەوەی وت کە ئەو پیاوە بە کەسێکی دیپلۆماتکار و هاوکات کەسێکی سەربازی و خاوەن ئەزموونی شەڕ و فەرماندەیەکی چاو نەترس و ئازا دەناسرا لە عێراق و ناوچەکەش.
ئەوەشی وت کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی کورد لە گەل سەدام حسێنی فاشیست و هەروەها شەڕ دژی داعش، دەوری باڵای بووە لە یارمەتیدانی خەڵکی کوردستان و دەرگای واڵا بووە بۆ کوردی عێراق و لە شەری داعشیشدا کە پێشمەرگە دلێرانە هاتە مەیدان، هێزی هاوپەیمانان و هێزی سوپای ئێرانی پشتیوانیمانی کردووە.
بۆچوونی ئێوە