تەنیا بنەماڵەیەک سوود لە ڕێکەوتنی 50 ساڵەی پارتی و تورکیا دەبات

پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکات کە ڕێککەوتنی نەوتی نێوان پارتی و تورکیا نایاساییەو ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایان کردووە کە سوودمەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە 50 ساڵیە بهێنرێنە بەردەم پەرلەمان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی:سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا و دوای کۆبوونەوەی ٣ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم  دانی نا بە بوونی ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵی لەنێوان هەرێم و تورکیا.

ڕێکەوتنێک کە بووەتە هۆی دروست بوونی شک و گومان لای رای گشتی و هەروەها هۆکارێک کە بەغدا ئامادە نەبێت مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستا ڕەوانە بکات چونکوو نەوتی هەرێم بە شێوەی نایاسایی و بەو ڕێکەوتنە لە وڵات دەردەکرێت. 

بۆ باس لە سەر هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لە سەر ئەم  ڕێکەوتنە نەوتییە؛  هەواڵنێری مێهر لە گەڵ  ھاورێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فراكسیۆنی سەوز، گفتوگۆی کردووە کە  دەقی دیمانەکەی وەک خۆی بڵاو بووەتەوە؛

لە هەموو هەواڵەکاندا هاتووە کە ڕێککەوتنی 50 ساڵەی نەوت لە نێوان بەرپرسانی پارتی و تورکیا کراوە، ئەگەر وایە، ئەم ڕێککەوتنە نایاسایی نییە؟ چونکوو نەک یەکێتی وەکوو شەریکی سیاسی پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار بووە لێیی و نە پەرلەمانی کوردستان!؟

ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەنێوان چەند کەسێکی بەدەسەڵاتی نێو پارتی و دەوڵەتی تورکیا کراوە لەکاتێکدا ئەو کەسانە ھیچ پایە و پێگەیەکی حکومیان نەبووە لەسەرو بەندی واژۆ کردنی ئەو رێککەوتنە،
بۆیە ئێمە لەپەرلەمانی کوردستان لەپاش ئەوەی لەزاری خۆیانەوە گوێ بیستی دانپێدا نانی ھەبوونی ئەو ڕێککەوتنە بووین ٣٢ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکرێت و داوای کۆی گشتی ئەو زانیاری و داتایانەمان کردووە کە لەو رێککەوتنەدا بوونی ھەیە و تاکوو ئێستا کەس نەی بینیوە، جگە لەوانەی کە خۆیان سوود مەندی یەکەمی ئەو ڕێککەوتنەن، بەبڕوای من لەڕاستیدا ئەو ڕێکەوتنە بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندێکانی خۆیان ئەنجامیان داوە.دوور نیە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەڵێنی پشتیوانی مانەوەیان پێ درابێت لە دەسەڵات و حکومڕانی.

ئێمە ئەو رێککەوتنەمان پێ نایاساییە و پەرلەمان کە نوێنەرایەتی ھاووڵاتیان دەکات ھیچ زانیاری و داتایەکی لە بەردەستدا نییە و ئەو رێککەوتنە ھۆکارێک نەبووە بۆ خۆشگوەزەرانی ھاووڵاتیان ھێندەی ھۆکارێک بووە بۆ ئەزیەتدانی ھاووڵاتیان ھەر لەپاشەکەوتی مووچە ، نیو مووچە ، دابەش کردنی مووچە بەشەست ڕۆژ جارێک، قەرزار کردنی ھاووڵاتیان، دەیان گرفتی دیکەی وەپێش ھێناوە بۆ ئەم میلەتە خێر لەخۆ نەدیوەی دەستی خۆیان.

 پەرلەمانی کوردستان ناتوانێ بە یاسایەک هەڵیوەشێنێتەوە؟

بە یاسا و بریارێکی پەرلەمانی ئەو ڕێککەوتنە ڕێک نەخراوە تاکوو لە ئێستادە بتوانرێت ئەو ڕێککەوتنە ھەڵوەشێنرێتەوە وە دووریش نیە لە حاڵەتێکدا ئێمە لە داھاتوو یاداشتی ئەو ٣٢ پەرلەمانە بگۆڕین بە شێوازێکی دیکە  دیسانەوە زۆرینە و کەمینە پەیڕەو بکرێت. ئەوەی پێویستە لە ئێستادا ئەنجامی بدەین کاری بەیەکەوە بوونی ئەو پەرلەمانتارانە و ئەوانەشە کە واژۆیان نەکردووە، دواتر کۆ دەنگی و پشتیوانی ھاووڵاتیان و کۆی گشتە حزبە سیاسییەکانە، ئەم پرسە کەسانێک ھێندە سوود مەندن ئێستا ئەم ھەنگاوەی ئێمە بە کارێک دوژمنکارانەی خۆیان دەبینن.

پەرلەمانی کوردستان بۆچی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە واژۆکارانی ئەو ڕێککەوتنە ناکات؟

بە ئاشکرا و زۆر بەبێ باکانە داوامان کردوە ھەر کەس بە واژۆیەک بەشدار بوە یان سوود مەند بوە یان حزبەکەی سوود مەند بوە یان خێزان و بنەماڵەکەی سوود مەند بوە، وەرن لە پەرلەمانی کوردستان ناوەکانیان بۆ پەرلەمانتاران ئاشکراکەن و با ھەموو کەس بزانێ سوود مەندی ئەو کەسانە هاوکاتە لە گەڵ بە برسی کردنی ھاووڵاتیان.

هەرێمی کوردستانی لە بەرانبەر ئەو ڕێککەوتنە نەوتیە 50 ساڵیەدا چی وەدەست هێناوە کە ئامادە بووە سەروەتی ئەم میللەتە تورکیا تاڵانی بکات؟

ناتوانم و شک نابەم یەک دانە بەدەست ھاتووی ئەو رێکەوتنەی کە لەڕاستیدا (ھەڕاج )کردنە بژمێرم .بەڵام دەتوانم بەدەیان بژمێرم کە لەدەستمان داوە.

پێش بینی ئێوە چییە بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی نەوت و مووچە و بودجە؟ 

حکومەتی ھەرێم ھیچ متمانەیەکی نەماوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ناوەندەوە، زۆرترین جار کە ڕێککەوتن کراوە حکومەتی ھەرێم پابەند نەبوە و رێکەوتنەکان تێک چوون. بەدڵنیای ئەوەش زۆر ڕوونە و ئەو گرێبەستە ٥٠ ساڵیەی نێوان پارتی و تورکیا ھۆکاری یەکەمە و لەکۆتایشدا ھەموو جار مووچە خۆران و خەڵکی کوردستان قەرەبووی ھەڵەی ڕێککەوتنێک دەکەن کە لەڕاستیدا چەند کەسێکی یەک بنەماڵە سودیان لێ بینیوە.

News Code 34898

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 14 =