بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە شارپرێش، نەدا شاکر ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و حکومەتی بەغداشی تۆمەتبار کردووە کە لەبارەی داهاتەکانی هەرێمەوە بەشێوەیەکی شەرمنانە مامەڵە دەکات .
شاکر باسی لەوە کردووە کە سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نەبۆتە هۆی ئاشکراکردنی ئەوەی چی شتێک بەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدادا هاتووە و ئەو دوو لایەنە بۆچارەسەرکردنیان چی هەنگاوێکیان ناوە .
لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەبەپێی زانیارییە بەردەستەکان تائێستا هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا لەبارەی رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی وەک دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم بە بەغدا بەهیچ ڕێکەوتنێک نەگەیشتوون .
هەروەک جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە داهاتەکانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان رۆڵەکانی گەلی عێراقدا دابەش بکرێت و داهاتەکانی هەرێمیش بخرێتە ناو گەنجینەی گشتی دەوڵەتی عێراقەوە .
Your Comment