ئەمریکا چی لە گیانی کوردی سووریا دەوێت؟

ئەمریکا و ترامپ دەیانەوێت دووبارە پەیوەندییان لە گەڵ کوردەکانی سووریا ئاسایی بکەنەوە و بەڵگەی زۆر لەسەر پیلانی ئەمریکا بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەبەردەستدان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پاش  دزەی داعش لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٣؛ ئەمریکییەکان بە پاگەندەی پاڵپشتی لە خەڵکی کورد لە سالی ٢٠١٤ بە ناردنی ٢٠٠٠ هێزی تایبەت، گەیشتە باکووری سووریا.دوابەدوای ڕووداوە ناحەزەکانی کۆبانێ و عەفرین و هەروەها کوژرانی هەزاران کورد لە شەڕ دژی داعش، لە حاڵێکدا کە خەریک بوو سێبەری ڕەشی تیرۆریستەکانی داعش لە سەر سووریا لابچێت، تورکیا بە بیانووی شەڕ دژی پارتە کوردییەکانی کوردستانی سووریا کە بە پاگەندەی تورکیا لقی پەکەکەن، هێرشەی کردە سەر ئەو بەشە لە خاکی سووریا و سەرەڕای کاردانەوەی دەوڵەتی ناوەندی سووریا، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای جیهانی، ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی ئەردۆغان لە سووریا تا ئێستاش درێژەی هەیە.

بە دەسپێکی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵەکانی کورد لە سووریا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان بە شێوەی لەناکاو و کتوپڕ ڕایگەیاند کە هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا دەکشێنێتەوە.

هێزەکانی ئەمریکا لە دوو بنکەی سەربازی لە سەرێکانی و گرێ سپی کشانەوە و ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ٢٠٠٠ کەسەوە بۆ ٥٠٠ تا ٦٠٠ کەس کەم بووەوە و لە ناوچەی نەوتییەکانی باکووری سووریا و هەروەها بنکەی تنف جێگیر کرد.

کوردەکان ئەو بێ بەڵینییەی ئەمریکایان" لێدانی خەنجەری ئەمریکا لە پشتەوە لە کوردەکان وەسف دەکەن" و چەندین جار بەرپرسان و فەرماندە سەربازییە کوردەکان هۆشدارییان داوە کە ئەنجامی هاوکاری و باوەڕ بە ئەمریکا پەشیمانی بەدواوە دەبێت.

لە ئەو بارەوە مەزڵۆم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیمۆکرات لە گفتوگۆ لە گەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆند دیپلۆماتیکی فەڕەنسا بە ڕەخنە لە سیاسەتە دووفاقی و فریوکارانەکانی ئەمریکا وتبووەی: سیاسەتەکانی واشنتۆن  بۆ ناوچەکە مەترسیدارە. ئەمریکا دژی کورد، عەرەب و مەسێحی یاری سیاسی ڕێدەخات. ناوبراو هەروەها چەندین جار وتوویە کە ئەمریکا بە خەیانەت بە کوردی سووریا، ئەوانی خستە بەر تۆپ و تانکی تورکیاوە و بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی سەدان منداڵ وپیر و گەنجی کورد.

بە ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ تورکیا هێزەکانی سوپای سووریا کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە باکووری سووریا چوونە دەرەوە و کاروباری ناوچەکەیان ڕادەستی کوردەکان کردبوو دووبارە گەڕانەوە ناوچەکە و ئێستاش پێکەوە خەریکی پارێزەری لە ناوچە کوردنشینەکانن.

پیلانی ئەمریکا بۆ کوردی سووریا

لە حاڵێکدا کە ترامپ لە دوایین لێدوانەکانی سەبارەت بە سووریا دەڵێت تەنیا ئەرکی ئێستای سەربازانی ئەمریکی لە سووریا پارێزەری لە کێڵگە نەوتییەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان لەوانە حەسەکە و دەیرەزوورە، بەڵگەی زۆر لە پیلانەکانی ئەمریکا بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لە بەردەستدایە. ئەمریکییەکان ئەم دواییانە لە هەوڵدان باوەڕە لەدەست چووەکەیان لە نێو کوردی سووریا دووبارە بەدەست بهێننەوە.

هێنانە دەرەوەی سیستەمی پاتریۆت لە عەرەبستان و جووڵەی سەربازی لە باکووری سووریا

بە ئاشکرا بوونی بڕیاری ئەمریکا بۆ هێنانە دەرەوەی سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت لە عەرەبستانی سعوودی پاش کێشەکانی نێوان ڕیاز و کۆشکی سپی لە سەر بەرهەمە نەوتیەکان و نرخی نەوت لە ئەم مانگانەی دوایی، گومانگەلێک لە سەر جێگیر کردنی ئەو سیستەمانە لە ناوچەی تر لەوانە وڵاتانی نزیک بە ئیسرائیل و شوێنگەلێک کە ئەمریکا بتوانێت داعش بپارێزێت، لە ئارادایە.

پێشتر ئەمیر عەبدولمنعم ساعدی کارناسی ئاسایشی عێراق سەبارەت بە جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ  گواستنەوەی سیستەمی پاتریۆت لە عەرەبستانەوە بۆ عێراق هۆشداریی داوە و وتوویە کە ئەگەری هەیە ئەو سیستەمە لە بنکەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە کەرکووک دابمەرزێت.

بە پێی ئەم قسانە دوور لە چاوەڕوانی نییە ئێستا کە ئەمریکییەکان دووبارە و پاش ئەو خەیانەتە گەورە، بۆ تۆکمە کردنەوەی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کوردی سووریا هەوڵیان داوە، بۆ دامەزراندنی پاتریۆت لە نزیکی کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری سووریا ، پیلان دابڕێژن.

ئەو گومانگەلە لە حاڵێکدا دێنە ئاراوە کە چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە دەسپێکی جموجووڵەکانی ئەمریکا بۆ چێ کردنی بنکەی سەربازی لە دەیرەزوور ڕایگەیاند: ئەمریکا لە ناوچەی جزرات، هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای دەیرەزوور خەریکی چێ کردنی بنکەیەکی گەورەی سەربازییە. ئەو بنکە سەربازییە لە نزیکی  کێڵگەی نەوتی عومەر گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریا چێ دەکرێت.

هەروەها لە هەواڵەکاندا هاتووە؛ ئەمریکا کاروانێکی بریتی لە ٤٠ بارهەڵگر جیهازاتی سەربازی و لۆجستیکیی بە ڕەقەمی هەرێمی کوردساتنەوە لە رێڕەوی وەلید لە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا هێناوەتە شاری قامیشلۆ.

گومانی تێدا نییە کە ئەمریکا خێری کوردەکانی سووریا کە چەندین ساڵی بەردەوامە لە هەژاری و چارەڕەشی ژیان دەکەن، ناوێت و لە هەر ڕێککەوتنێکدا کە سوودی زیادتری بۆی هەبێت دیسان دەیانفرۆشێت.

ئەمریکا و ترامپ لە گیانی کوردەکانی سووریا بەس نەوت و خاکیان دەوێت. ئەمریکا دەیەوێت نەوتی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بدزێت و لە شوێنگە و جوگرافیای ستراتیژیکی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ نزیک بوونەوە لە ئیسرائیل و پارێزەری لە ئیسرائیل کەڵک وەربگرێت و هاوکات ئێران، حزبوڵڵا و گرووپەکانی بەرخۆدانیشی لەژێر چاوەدێری بێت.

قسەکانی جەیمز جێفری، نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری سووریا ئەو قسانە دەسەلمێنێت کە وتبووی: ئەمریکا بۆ شەڕ نەهاتووەتە سووریا و ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەوەیە کە گەیشتن بە سەرکەوتنی هێزەکانی حکومەتی سووریا دژوار بکاتەوە.

ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و دیمەشق پیلانەکان پووچەڵ دەکاتەوە

کارناسانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێیان وایە کە تەنیا ڕێگای پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی ئەمریکا و دوژمنانی ئاسایش و ئارامیی سووریا ڕێککەوتنی ناوخۆیی و نەتەوەیی نێوان گرووپ و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ دەوڵەتی فەرمی و دانوستانی سازێنەر بۆ هێنانە دی مافی یاسایی هەموو گرووپەکان و یەکێتی و ئاوەدان کردنەوەی هەمە لایەنەی ئەو وڵاتەیە.

لە هەمان پێوەندیدا کوردەکان وەکوو دووهەم گەورە نەتەوە لە سووریا کە پاش عەرەبەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە شەڕ دژی داعش هەبووە، زۆر کاریگەر دەبن.

ئەگەرچی ئەوەی کە لە دۆخی سیاسی سووریا دیارە، ئەگەری رێککەوتنی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی پاش ڕوون بوونەوەی چارەنووسی ئەدلەبە، بەڵام ئێستا بە نزیک بوونەوەی هەرچی زیاتری پارتە کوردییەکانی سووریا بە یەکتر (پڕۆژەی یەکگرتنی پەیەدە و ئەنەکەسە) و ئەگەری ڕێککەوتن و یەکگرتنی ئەوان، چاوەڕوانی دەکرێت کە پارتە کوردییەکانی سووریا پاش ڕێککەوتنی ناوخۆیی، لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی سووریاش ڕێککەون و لە چوارچێوەیەکی دیاری کراو بۆ پاک کردنەوەی سووریا لە تیرۆریزم هاوکاری بکەن و ئەمریکا ناچار بە چوونە دەرەوە لە وڵاتەکەیان بکەن.

News Code 32442

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 4 =