بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە پەیامێ سەرەخۆشیی فەرماندەی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان هاتووە: هەواڵی تاڵ و دڵتەزێنی شەوێ ڕابردوو (پێنج شەممە) دڵی هەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەت خەڵکی شاری سەقزی پڕ لە ئێش و ژان کرد و مەرگی ١١ هاووڵاتیی سەقزی لە پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە لە تەلاری شایی، بێ گومان سەخت و تاقەت پڕووکێنە و بۆتە هۆی ژان و خەفەتێکی لە بن نەهاتوو.
سەردار سەید سادق حسێنی لە درێژەدا ڕایگەیاند: بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم کە بۆ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە ئەسەف و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی شاری سەقز بکەم و بۆ برینداربووانیش هیوای لەشساغی و چابوونەوەی خێرایان لە خودای گەورە دەخوازم.
لەو پەیامەدا ئاماژە بەوەش دراوە: بەرپرسان دەبێ جگە لە پەیجۆریی تەواوی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە، هەموو ئیمکاناتێک بۆ چارەسەری و پێڕاگەیشتن بە برینداران دابین بکەن و بەڵکوو لەو رێگەوە بکرێت بەشێک لە باری خەم و ژانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کەم بکرێتەوە.
شەوی هەینی بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازی تەڕاو لە تەلاری شایی مانگەشەوی سەقز، ١١ کەس گیانی خۆیان لە دەست دا و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.
بۆچوونی ئێوە