دۆخێکی دژوار لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا سەپاوە

کارناسی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە دیمانە لە گەڵ مێهر باسی کرد:"کوردەکانی سووریا لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕ و قەیراندا، ڕۆڵی ئیجابی، حاشاهەڵنەگر و گرینگی لە سەرکوت کردنی تیرۆریستان، بە تایبەت داعش لە سووریا و سنووری عێراق بووە."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: دوای سەرهەڵدانی شەڕی سووریا لە نۆڤامبری ۲۰۱۱، قەیران وئاژاوە لەم وڵاتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی سەند و بە دزەکردنی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان لە بیابانەکانی عێراق بۆ ناوخۆی سووریا؛ نەتەوە و ئیتنیکە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە لەوانە کوردەکان کە لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێ بوون خۆیان بۆ بەرەنگاریی تیرۆریستان و پاراستنی خاکی وڵاتیان ڕێک خست.

داعش لە ساڵی ۲۰۱۴ تا ۲۰۱۷ حکوومەتی لەسەر هەندێ بەشی ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو و نزیکەی نیوەی خاکی ئەم وڵاتەی بەدەستەوە گرت. بەڵام لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹ ناوچەکانی لە دەستەوە بوو.

 شەڕی کوردەکان لەگەڵ داعش لە باغووز کۆتایی بەم گرووپە تیرۆریستییە هێنا لە بەشە کوردنشینەکانی سووریا و بووە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری نافەرمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕێبەرایەتی کوردەکان، بە کونتڕۆڵی ۲۸.۹ لەسەدی خاکی ئەم وڵاتە؛ پشتیوانی سیاسی و سەربازی نێودەوڵەتی زیاتر وەدەست بێنێت.

سەرەڕای نیگەرانی تورکیا لە بەهێز بوونەوەی کوردەکانی سووریا، لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین وەفدی سیاسی و سەربازی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەورووپا و ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێبەرانی کوردی سووریا سەردانی قامیشلی، حەسەکە و کۆبانێ و هەندێ ناوچەی دیکەی باکووری سووریایان کردووە و هەر هەموویان جەختیان کردووەتەوە سەر ڕۆڵی گرینگ و نکۆڵی لێ نەکراوی کوردەکان لە داهاتووی سووریا.

 بۆ لێکدانەوەی ڕۆڵی کوردەکان لە داهاتووی سیاسی سووریا بەشی نێودەوڵەتی مێهر گفتوگۆیەکی لەگەڵ حەسەن هانی زادە، کارناسی پرسەکانی ناوچەکە ڕێک خستووە کە دەقەکەی لە خوارەوە  بڵاو دەبێتەوە.

دۆخی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا ئێستا چۆن دەبینن؟

دۆخێکی دژوار لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا حاکمە. کوردەکانی سووریا بە تایبەتی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیکی کوردی سووریا (پەیەدە) و لقی سەربازی ئەو حزبە (یەپەگە) کە گەورەترین پارتی ئەو ناوچە دێتە ئەژمار و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا؛ ڕۆڵی زۆر گرینگیان لە بەرەنگاریی لەگەڵ داعش ، گرتووەتە ئەستۆ بۆ دەوڵەتی سووریا گرینگن.

دەوڵەتی دیمەشق بەڵێنی بە پارتی یەکێتی دیمۆکراتیکی سووریا و دیکەی پارتە کوردەکانی ئەم وڵاتە دا کە دوای کۆتایی هاتنی قەیرانی سووریا و لاچوونی سێبەری شەڕ؛ خۆسەری لە ناوچە کوردنشینەکان بەم کۆمەڵە بدرێت. بەڵام بوونی تورکیا لە ئەدلەب و داگیرکردنی ئەم پارێزگا سنوورییە لە لایەن سوپای تورکیا بووە هۆی ئەوەی کە هاوسەنگی دەسەڵات و شەترەنجی سەربازی و سیاسی بگۆڕدرێت.

بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و ڕاگەیاندنی پشتیوانی هاوپەیمانی دژە داعش لە کوردەکانی سووریا و دانوستان لەگەڵ ئەوان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بێ گوێدانە دیمەشق، چ کاریگەرییەکی لە سەر ئەم ڕەوتە بووە؟

بێ گومان بوونی زیاتر لە ۲ هەزار تەفەنگداری دەریایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و پشتیوانییە گوماناواییەکانیان لە کوردەکان و بوونی تورکیا لە سووریا؛ دۆخەکەی دژوار کرد. لە ڕاستیدا ئەمریکا لە هەوڵدا بوو کە کەناڵێک بۆ کوردی سووریا بکاتەوە. هەر بۆیە پێش هاتنی تورکیا بۆ ئەدلەب، ئەمریکاییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ڕێبەرانی کوردی سووریا دروست کرد وبەڵێنیان پێیان دا کە بۆ دروست کردنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر و خۆسەر پشتیان بگرن کە هەر ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی سەرجەم رەوت و لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق و گەلی سووریا دژی ئەم پشتیوانی کردنەی ئەمریکا وەستان.

 بە گوێرەی ئەوەی کە بەشار ئەسەد لە ڕۆژانی سەرەتایی شەڕدا بەڵێنی بە کوردەکان دابوو، دیمەشق بڕیار بوو کە مافەکانی کوردەکانی ئەم وڵاتە بە فەرمی بناسێت و دۆخی کوردەکانلەجاو رابردوو کە تەنانەت ناسنامە و پێناسەیان نەبووە، بگۆڕدرێت و وەک دیکەی ئیتنیکەکانی ئەم وڵاتە  مافی شارۆمەندی، ،افی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیان پێبدرێت بە بێ هیچ هەڵاواردەییەک. لەم پێناوەشدا دەوڵەتی ئەسەد ناسنامەی بە دەیان هەزار کوردی ئەم وڵاتە دا کە پێشتر حزبی بەعسی سووری هیچ کات ئەوانی بە فەرمی نە ناسیبوو. ئەسەد لەم پرسەدا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کرد. بەڵام بوونی ئەمریکا و تورکیا هەموو شتێکی شێواندووە.

بەرپرسانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئیدی ناگەڕێنەوە دۆخی پێش شەڕ  لەگەڵ داعش و بە کەمتر لە خۆبەڕێوەبەری ڕازی نابن، گرینگترین تەنگژەی بەردەم ئەوان بۆ گەیشتن بە خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری کامەیە؟

کوردەکانی سووریا ڕۆڵی زۆر گرینگ، ئیجابی و نکۆڵی لێنەکراویان بووە لە سەرکوتی تیرۆریستەکانی داعش. ئەوان لە ڕاستیدا خوازیاری هەرێمێکی سەربەخۆن کە بە لەبەرچاو گرتنی بڵاوەیی کوردەکان لە باری جوگرافیاوە پێش بینی ناکرێت بتوانن سەرکەون و هەرێمی سەربەخۆ وەک هەرێمی کوردستانی عێراق پێکبێنن. کوردەکانی سووریا تێکەڵی دیمۆگرافیای ئیتنیکی سووریان. هەندێکیان لە حەڵەبن، هەندێ لە حەسەکە، قامیشلی، ئەدلەب، عەفرین، کۆبانێ و ..... هەر ئەم بڵاوەییە تەنگژەیە بۆ دروست کردنی هەرێمێکی سەربەخۆ.هەڵبەت دەوڵەتی سووریاش ڕێگە بەمە نادات وناهێڵێت وڵاتەکەی دابەش بێت.

هێزە کوردەکان و نوێنەرنی فەرمی کوردی سووریا جەخت دەکەنە سەر بەشدارییان لە کۆبوونەوەی دیاری کردنی چارەنووسی سووریا وەک ئاستانە. زۆربەی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە بێ بوونی کوردەکان؛ گۆرانکاری لە دیالۆگی سیاسی سووریا دروست نابێت، ڕۆڵی کوردەکان لە دانوستانەکان تا چ ڕادەیەک گرینگە و کاریگەریی هەیە؟

بێ گومان ئەو رێگایە دروستە و کوردەکانی سووریا دەبێت لە کۆبوونەوەکانی ئاستانە و سوچیدا هەوڵ بدەن مافەکانیان لە یاسای بنەڕەتی نوێ سووریا بسەپێنن و دەبێ بە دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق و بە لەبەرچاو گرتنی زەروورەتی گرینگی پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و یەکپارچەیی وڵات، مافەکانیان بە فەرمی بناسرێت و مافەکانیان وەرگرن. دەبێ خۆیان بپارێزن لە متمانەکردن بە ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا و بەڵێنە پووچەکانی.

زۆربەی وڵاتان لەوانە ڕووسیای هاوپەیمانی ئێران لە سووریا جەختیان لەسەر ئەوەیە کە دەبێ کوردەکان بەشێک لە دانوستانی سووریا بن. هەڵوێستی ئێران چۆنە؟  

 هەڵوێستی ئێران لە بەرانبەر کوردەکانی سووریا بە جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی سووریا، دۆستیە و تاران پێی وایە کە دەبێ کوردەکان لە چوارچێوەی هاوکارێکی نەتەوەیی  بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی سووریە، دانوستان بکەن و پشت بە دەوڵەتی سووریا ببەسن.

هەروەها ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لە یاسای بنەڕەتی نوێ سووریا و هەموار کردنی یاسا و کۆبوونەوەکانی دیاری کردنی چارەنووس و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی قەیرانی ئەو وڵاتە، دەبێ کوردەکان بەشداریی چالاک و جدییان ببێت.

هەڵوێستی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پێکهێنانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردی لە باکووری سووریا و ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە، چییە؟

 ئێران لەسەر ئەم بابەتە کە کوردەکانی سووریاش وەک کوردەکانی عێراق خاوەن هەرێمی خۆسەر بن، تێبینی هەیە.

 لە سووریا نزیک بە ۱۶ ئیتنیک و نەتەوە و ئایین و مەزەبی جیاواز هەیە. پێکهێنانی هەرێمی کوردی لە سووریا دەبێتە هۆ دنەدانی دیکەی ئیتنیکەکان و ئەوانیش هەوڵ دەدەن بۆ جۆریک لە خۆسەری و بەم شێوە بشێوی لە سووریا دروست دەبێت و ئەو وڵاتە پەل پەل دەبێ.

هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەخت لەسەر پێدانی هەموو مافە رەواکان بە کورد. دژی پێکهاتنی هەرێمی کوردی لە سووریایە و جەختی ئەوەیە کە کوردەکانیش وەک دیکەی ئیتیکەکانی ئەم وڵاتە پشکی لە ئیدارەی گشتی سووریا ببێت و بە ئاشتیانە پێکەوە بژین.

بڕوانە دۆخی کوردەکانی عێراق لەگەڵ کوردەکانی سووریا زۆر جیاوازە. نابێت ئەمانە پێکەوە هەڵسەنگێنین.لە سەردەمی حزبی بەعسی عێراق بە هۆی دۆخی سەرکوتی زۆر توند و ستەمی بێ وێنە و دزێوی بەعس و سەدام حسێن لە سەر کوردەکانی ئەم وڵاتە، ئێران پشتیوانی لێیان کرد. هەروا کە ئێستاش لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەیەکدا پستیوانییان لێدەکات.

حکوومەتی سەدام حسێن لە عێراق بە ئەنفال، بوردومانی کیمیایی، زیندە چاڵ کردن و ژینۆساید و گۆڕی بەکۆمەڵ لەگەڵ کوردی ئەو وڵاتە مامەڵەی دەکرد. هەر بۆیە ئێران لە بەرانبەر سەدامدا پشتیانی دەگرت.هەڵبەت کوردەکانی عێراق لە ساڵی ۱۹۹۰ و لە کاتی هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت هەر خۆسەر بوون لە باکووری ئەو وڵاتە و دەسەڵاتیان بوو.

بەڵام کەی دۆخی کوردی سووریا وایە. ئەو هەموو ڕیشەکێش کردن و کوشت و بڕە ڕووبەڕووی کوردی عێراق بووەتەوە کەی بۆ کوردی سووریا بووە؟ دۆخی سووریا قەد بەو شێوە نییە. دەوڵەتی ناوەندی سووریا لە ماوەی ۸ ساڵی رابردوودا چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لە گەڵ کوردەکان و بە فەرمی ناسینی مافەکانیان ڕاگەیاندووە.

ئێران یەکێک لە ئەندامانی کۆبوونەوەی سووچی بووە، گەلۆ سەبارەت بە مافی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا قسەی کردووە؟

 ئەمە خاڵێکە گرینگە. دەبێ هەموان بزانن کە بەرپرسانی ئێرانی زۆر جار بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بەرەوام پێشنیاریان داوە و داوایان کردووە مافی کوردەکانی سووریا بە فەرمی بناسرێت و وەک دیکەی ئیتنیکەکانی ناو ئەم وڵاتە بەشدارییان پێبکرێت لە ئیدارەی وڵات و پشکی خۆیان هەبێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر ئەو ڕاستیەیە کە ئەگەر کوردەکانی سووریا بەشدار بن لە ئیدارەی نەتەوەیی سوریا و پشتیان بە دەوڵەتی سووریاوە گەرم بێت. ئەوە لەبەرژەوەندی ئەوانە . بێ گومان دۆخی دژواری ناوچەکە و لارییان لە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا خەساریان لێدەدات. چونکوو دۆخی سووریا ئامادەی ئەوە نییە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردی پێکبێت.

لەم ڕۆژانەدا هەندێ هەواڵ و لێکدانەوەی کارناسی بڵاوبووەوە کە گوایە تورکیا دۆخی پێویست بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی نوێ دژی کوردەکانی سووریای ڕەخساندووە و بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا سیستەمی ئێس ۴۰۰ دەباتە سنووری سووریا و تورکیا جێگری دەکات، دەوترێت، ڕەنگە دژی کوردەکانی سووریا بەکاری بێنێت، لەمبارەوە ڕاتان چییە؟

کوردی سووریا جیهازاتی قورسی سەربازی نییە. ئەوان فڕۆکە و شەڕکەری جەنگیان نییە، (هەڵبەت ئەگەر ئەمریکا پێیان نەدات) . ئامێری سەربازی کوردی سووری اسنووردارە. لە ڕاستیدا ئەوان شەڕکەریان نییە کە تورکیا ئێس ۴۰۰یان بەرانبەر بەکار بێنێت. ئەمە جۆرێک شەڕی دەروورنییە و پاگەندەیە. تورکیا ئامانجی لە کڕینی ئێس ۴۰۰ شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپایە و ناچار بوو ڕوو لە جیهازاتی ڕووسی بکات.

 بێ گومان تورکیا هەموو کات ڕوانگەی دژایەتی لە گەڵ کوردی سووریا بووە ودەیبێت. چونکوو بە ڕای ئەنقەرە ئەگەر کوردی سووریا هەرێمی خۆبەڕێوەبەر پێکبێنێت، ڕەنگە بە هۆی هاوسنوور بوون لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و پەیوەندی پەکەکە و کوردی سووریا، کوردی تورکیاش هانبدرێن و دواتر کێشە بۆ یەکپارچەیی وڵاتی تورکیا دروست بێت. داگیر کردنی ئەدلەب بۆ ئەوەیە کە ڕێگە نەدەن ئەمریکا کاناڵی پەیوەندی لەگەڵ کوردی سووریا دروست بکات و پشتیان بگرێت بۆ خۆسەری.

News Code 27686

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 11 =